چەمەری وایەڵد

چەمەری وایەڵد

هۆنراوەیەکی ئۆسکار وایەڵدە لە ساڵی ١٨٨١دا بۆ شینی (ئیزۆلا)ی خوشکی خۆی نووسیویەتی کە لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا لە تەمەنی نۆ ساڵاندا بە هەوبوونی پەردەکانی مێشک مرد. ئەو کاتە وایەڵد خۆی دوانزە ساڵان بوو، بەڵام مردنی ئەم خوشکەی بە درێژایی ژیانی زامێکی ساڕێژنەبووی لە دڵیدا جێهێشت، چەمەر لە زمانی کوردیدا شیوەنێکە بۆ مردوو دەگێڕرێ یان دەنووسرێ. دوای نزیکەی سیانزە ساڵان، کە هەر لە بیری ئیزۆلادا بوو، ئەم هۆنراوەیەی بۆ نووسیوە. وایەڵد هەرگیز ددانی بەوەدا نەنا، چ لە ژیان و چ لە هۆنراوەکەشدا کە ئیزۆلا مردووە، لە نامەوانەیەکی بچکۆلەدا پرچی ئیزۆلای هەڵگرتبوو، خۆی بۆ هەر شوێنێک بچووایە، ئەو پرچەشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد. تەنانەت کە خۆشی لە ساڵی ١٩٠٠دا لە تاوارگە و دەربەدەری و هەژاریدا سەرینایەوە و مرد، ئەو نامەوانەیەی پرچەکەی تێدا بوو، هەر پێیمابوو، لەسەری نووسرابوو: «پرچی ئیزۆلاکەم، لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا کۆچیکرد، نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەمە وەرگێڕراوی هۆنراوەکەیە بە کوردی:

«بە ئەسپایی پێت دابنێ،

لەو ژێر بەفرەدا نزیکە،

هێمن بدوێ، لەبەرئەوەی

دەنگی پشکووتنی بەیبوونیش دەبیستێ.

ورشەی پرچە زێڕینەکەی

ئێستا ژەنگ ماتی کردووە،

ئەوێک ڕۆژێ گەنج و جوان بوو

ئێستا لە گڵدا گەوزاوە.

وەکو شلێر، سپی وەک بەفر،

خۆ فریا نەکەوت بزانێ

کە کچێکە و

ئەوەندە جوان گەورە دەبێ.

تەختەی تابووت، بەردی گڵکۆ

لەسەر سنگی ڕاکشاون،

من تەنیام و دڵم زیزە

کە ئەو ئێستا پشوویداوە.

بە ئارامی، بە ئارامی، گوێی لێ نابێ

نە سازی چەنگ، نە شیعری مەنگ،

ژیان و دەسمایەی ژینم لێرە نێژران،

خاک بە سەریا گردبکەنەوە.»