جیهانی جوانی

پوختەیەک دەربارەی هۆنراوەکە

دوابەدوای تەمەنی هەرزەکاریم، کە ئەوکات بێ هیچ سەلیقەیەک گردۆڵکە وشەم بە پەنا یەکدا ڕیزدەکرد و ناومدەنان “هۆنراوە”  ڕەنگە ئەم “هۆنراو”انە تەنها بۆ خۆخڵەفاندن لە وانەکانی قوتابخانە بووبن. کە چوومە زانکۆ، جارێک نوسراوێکی کۆنی خۆمم برد بۆ دکتۆر فەرەیدون عەبدول بەرزنجی. پێیوتم “خەیاڵی جوانی تێدایە، بەڵام ئەمە هۆنراوە نییە، هێشتا نەبووە بە هۆنراوە”. دواتر بۆمدەرکەوت کە بۆ هۆنراوە نووسین هیچ بەهرەیەکم تێدا نییە و هەرگیز هۆنراوەیەکی پەسەندم پێنانوسرێ. بۆیە بەتەواویی فایلی “خولیای هۆنراوەنووسین”م لە خولیاگای مێشکمدا داخست. بەڵام هەر لە ساڵەکانی دواییدا لە زانکۆ، پاش خوێندنێکی تێروتەسەلی هۆنراوە و دیسان ناچاربوونم بە خوێندنەوەی زیاتری هۆنراوە و لێکۆڵینەوەی زانستی و سەلیقەناسیی هۆنراوە، لە ئێوارەی 12ی ئابی 2010دا لە سەربانی ماڵی ئەوکاتی خۆمان لە گەڕەکی عەلی ناجی، کەشوهەوا بێئەندازە دڵگیر بوو. ئەوکات جارجار ئێواران پیانۆکەم دەبردە سەربان و پڕۆڤەمدەکرد و موزیکم دەژەند. بەڵام ئەو ئێوارەیە بڕیارمدا ئەگەر بۆ جارێکیش بووبێ بەرامبەر ئەم هەموو جوانییەی سروشت دەیبەخشێ لە ناخی دڵمەوە سوپاسگوزاریی خۆم بە وشە دەرببڕم. هەموو ئەو دیمەنانەی لە هۆنراوەکەدا ئاماژەیانپێدراوە دیمەنی ڕاستەقینەی ئێوارەیەکی ڕەنگینی سلێمانییە کە لە سەربانی ماڵی خۆمانەوە بینیومن. تەنانەت دارسنەوبەر و دوو کۆترەکە و مانگی دووشەوە و بەرامەی چیمەنە تێرئاوەکە و هەورەکان و بوولێڵەکەش هەموویان تۆماری نووسراوی ئەو ڕێکەوتەی یەکەمن کە هۆنراوەکەم تیایدا نووسیوە.

ڕەشنووسی یەکەم کاریگەرییەکی مەزنی (گۆران)ی پێوەبوو. کە زانکۆ کرایەوە بۆ مامۆستای بەڕێزم دکتۆر (دڵشاد عەلی محەممەد)م برد کە مامۆستای وانەی ڕەخنەمان بوو. پاش چەند ڕۆژێک، چەند سەرنجێکی گرنگی پێدام. بە تایبەتی لەسەر تیۆری خەستکردنەوەی هۆنراوە. هاوکات لێمرسی “ئایا ئەمە هۆنراوەیە؟” ئەو وتی “بەڵێ“. هاوکات “بۆن و بەرامەی چیمەنی تێرئاو“ی زۆر بەدڵ بوو.  پێیوتم “یەکێ لە جوانترین جوانییە پەیپێنەبراوەکانی شاری سلێمانی بۆنی چیمەنی تێرئاوە. سوپاس، من زۆر پێی دڵخۆش بووم” ئەم وتەیەی بەڕێزیان بۆ من زۆر هاندەر بوو. چونکە لاماژەی سەلیقەی پەیپێبردنی منی کرد. بەڵام دوای ئەم هۆنراوە بڕواپێکراوە نەمتوانی هۆنراوەی تر بنووسم تا سەرەتای ساڵی ئایندە. پاشان دەستکارییەکی هۆنراوەکەم کردەوە و ڕەشنووسێکی ترم لێنووسی. لە ئەیلوولی 2018دا پاکنووسمکرد و 10ی حوزەیرانی 2020یش دیسان پاکنووسێکی ترم لێ نووسی. ئەمەی لێمایەوە کە ئێستا لەبەر دیدەی بەڕێزتاندایە.

جیهانی جوانی

I

ئاسمانێکی شین، لێواری زێڕین،

هەگبەی هەتاوە، کاتی خۆرەتاو.

هونەرمەندێکە تا دواهەناسەی

تیشکی بەرهەمی دەبڕێ هێزی چاو.

هەزاران باڵدار، ڕیزەهەورەکان،

زەنگین و زیوین، زرنگ و پێزان،

تیشکی پەرشبووی ئاوێزەڕێزان؛

خۆیان دەنوێنن، نەوازشدەکەن،

بۆ ڕۆژێ بەخشین، بۆ ڕۆژێ سووتان.

لەولاش کەوانی مانگی جووتشەوە،

شلوێ و شێواوی وەنەوز و خەوە،

بە ئاوازی هاڕپ دەترینگێنێ بۆم:

جوانیی من جێگەی ئەو دەگرێتەوە

II

دوو کۆتر؛ خەپان، ماندوو، هێزلێبڕاو،

نیو لەشیان سێبەر، نیوەش بەر هەتاو،

بەدوای یەکتر بە فڕکانێکی ڕێک؛

دەفڕن بۆ چڵی دارسنەوبەرێک،

بە جووت دەگەڕێن بۆ هێلانەیەک،

هەردوو دەگمێنن: “خوایە، چارەیەک!”

III

بۆن و بەرامەی چیمەنی تێرئاو؛

جوانگەی یادگاریم شەندەکا تاوتاو،

جوانگەی یادگاریم: پڕ ئافرەتی شەنگ،

بریقوباقی دانسقە و تێرڕەنگ،

لە ئافرەتی شەنگ:

سەرسنگ سووچێک ڕووت، نەرمە لامەمکێ

تینی تینووکەر بۆ دڵ دەتیشکێ،

لامل و باڵ و نەرمترین دەست؛

چاوی هەنگوینیی دڵمی پێ پەیوەست،

ئەمانە هەموو هێورکەرەوەن؛

بۆ دڵێکی تەنگ،

بۆ ناخێکی پەست.

IV

هیچ شتێ ڕێگەی لەدایکبوونمی پێڕانەگیرا؛

نە باوکمردن، نە دەرمانخواردن، نە مەرگی برا،

ژینی مناڵی: پڕژان و پڕژەنگ، هەر بە هەژاری،

چاک بە بیرمدێ: تا گەورەبوونم نەمبوو یەک یاری.

من گلەیی لە یادگارەکانم لای هیچ کەس ناکەم،

ئەوە بۆتە هۆی نرخاندنی ئەم ڕۆژە ڕوناکەم.

ئێستاش گەنجێکم؛ دەگمەن و تەنیا،

زیرەک و وریا، شەیدا و پڕ خولیا؛

بۆ هۆنراوە بێ، یاخود بۆ موزیک،

یان نەوازشی ژنی قەدباریک،

یان بۆ ئۆپێرا و گۆرانیی پڕهەست،

یان مەمکی نەرمی پڕ ناو لەپی دەست،

ئەمانە هەموو هێورکەرەوەن؛

بۆ دڵێکی تەنگ،

بۆ ناخێکی پەست.

V

وا بوو بە بوولێڵ؛ ساتی پڕچێژم،

شادم کە ئاوا ناخ هەڵدەڕێژم،

هەورەکان ڕەنگیان تۆخ و تۆختر بوو،

مانگی جووتشەوەش جیلوەی زیاتر بوو،

تاکتاک باڵدار لە ئاسمانا ماون،

ئێستا بە باڵای یەکا ئاڵاون،

زەردەخەنەی مانگ دەرکەوت بە ڕوونی؛

تا گەشبینم کا پێش ئاوابوونی،

جوانگای یادگاریم؛ گەنجینەی سروشت،

هۆنهۆن پڕیکە بە چنگ و بە مشت،

سەرنجمداوە لە ژنی قەشەنگ،

لە قوڵپەقوڵپی پەنا زنەی تەنگ،

ملی پەشمەکی و قژی وەک شەوەنگ،

گەڵای سەوزی کاڵ، گوڵی ڕەنگاوڕەنگ.

هەزار سرووشم لە سروشتەوە هاتوە بە دیاری،

دەردێکم نەبوە بەم دیمەنانە نەبێ تیماری،

ئێستاش من دەژیم، پەشیمانیش نیم؛

لە هەر سەرنجێ لە جوانیم دابێ،

هیچ کاتێ نەبوە تەماشای جوانێ؛

بەرهەمی جوانی دانەهێنابێ.


ڕەشنووسی یەکەم: 12/ ئاب/2010

ڕەشنووسی دوەم: 26/ شوبات/2011

پاکنووس: 9/ ئەیلوول/2018

پاکنووسی دووەم: 10/حوزەیران/2020