ژیننامە

نەوا مکورجی

نەوا مکورجی

نەوا کەمال گۆگۆڵ-جاند مکورجی، لە 3ی نۆڤەمبەری 1987دا لەدایکبووم. لەبەرئەوەی ئەو سەردەمە ڕۆژی ڕۆژژمێر لە خەبەربوونەوەی بەیانیانی مرۆڤەکانەوە دەژمێردرا و منیش لە بەرەبەیانی 3ی مانگدا لەدایکببووم، لەسەر دۆکیومێنتە ڕەسمییەکانم، وەک پێناسی باری شارستانیی و ڕەگەزنامەکەم بە 2ی نۆڤەمبەر لەقەڵەمدراوە.

هەموو ئەم پێناسانە من دەگرنەوە وەک: مۆزیکدانەر، گۆرانیبێژ، گۆرانیدانەر، شاعیر، لیبرێتۆنووس، سکریپت-نووسەر (نووسەری فیلم)، شانۆنووس، ئەکتەر، فیلمساز، مرۆڤدۆست و ماستەر لە پڕۆگرامەکانی ئۆفیسی مایکرۆسۆفتدا.

هەموو ئەم کارانەش بە شێوەیەکی هایپەرئاکتیڤیی (نەبزوتیی) دەکەم.

دەوترێت کە من فرەبەهرەدارم و فرەچالاکییم، واتە ئەوەی خەڵک دەیڵێت کەسێکی “بڵاو”م. من ئەم شتە بە پۆزەتیڤ دەزانم نەک نێگەتیڤ! من ئاریا و گۆرانیی ئۆپێرایی و کلاسیک و پۆپ و هاوچەرخ دەڵێم و دایاندەنێم. لە سەرەتای کارکردنمدا زۆر بە سەرسەختیی کاریگەر بووم بە مۆزیکی کلاسیکیی و مۆزیکدانەرە کلاسیکییەکانەوە، وەک باخ، مۆتسارت، بێتهۆڤن، برامس، ڤاگنەر، شۆپان، چایکۆڤسکی، لیست، ڕاخمانینۆڤ… تد.

دەتوانم بە ستایڵ و شێوازی گۆرانییەکانم کارەکانم بڵێم شێوازێکی تایبەت بە خۆم. کە ئەم ستایڵە تێکەڵەیەکە لە چەندین ژانری جیاواز، وەک هاوچەرخ، پۆپی ئۆپێرایی، پۆپ و ڕۆک.

بنەچەی خێزان

کەمال مکورجی و خێزانەکەی
کەمال مکورجی و خێزانەکەی

خێزانەکەم لە تێکەڵەیەکی کورد و هیندیی پێکهاتوە، هاوکات بنەچەیەکی تورکومانیش کە ئەمەیان گفتوگۆ لەخۆی هەڵدەگرێت. لە بنەچەی دایکمەوە باپیرم (فەرەج مەحموود) کە بە (مام فەرەجی چایچیی) بەناوبانگ بوە، خەڵکی پێنجوێنە، نەنکیشم کە ناوی (ئامینە دەروێش)ـە خەڵکی ئاکرێ بوە. لە سلێمانی لە گەڕەکی سابونکەران دانیشتوون. لە بنەچەی باوکیشمەوە. باپیرم (گۆگۆڵ-جاند سەنکەر جاند مکورجی) خەڵکی شاری کۆلکەتایە لە هیندستان. لە ساڵی 1894دا لەدایکبوە و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوە بە سەرباز لە سوپای بەریتانییدا و بۆ شەڕی جیهانیی یەکەم نێردراوە بۆ عێڕاق.

گۆگۆل-جاند مکورجی
گۆگۆل-جاند مکورجی

پاشان گوازراوەتەوە بۆ سلێمانی و بوە بە شۆفێری شێخ مەحموودی حەفید. یەکەم کەس بوە کە ئوتومبێلی هێناوەتە سلێمانییەوە و پێشکەشی شێخی نەمری کردوە. هەر خۆیشی بوە بە شۆفێری شێخ. لە سلێمانی دوو جار ژنی هێناوە. لە ژنی دوەمی (خەیرییە ئەیوب غەیوب) کە دەشێت تورکومان بووبێت و خەڵکی کفریی بوە، دوو منداڵی هەبوە، ئەوانیش (شوکرییە) 1929 و (کەمال)ن 1933. مامۆستا کەمال مکورجی لە ساڵی 1965دا دایکم (عەتێ فەرەج مەحموود) دەخوازێت و نۆ منداڵیان دەبێت. ئەوانیش: (ئاسۆ، کە لە ساڵی 1989دا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕەمیدەکرێت. سازان، نزار، میران، کارزان، ڕێبین، هۆزان، ئەحمەد، نەوا)ن.

منداڵیی

نەوا مکورجی بە منداڵیی
نەوا مکورجی بە منداڵیی

من نۆیەمین منداڵی خێزانەکەم بووم. باوکم (کەمال مکورجی) مامۆستایەکی بەناوبانگ بوو کە یەکەم کەس بوە خوێندنگای نەهێشتنی نەخوێندەواریی کردۆتەوە لە شاری سلێمانیدا و خەڵکی بەساڵاچووی هانداوە کە بگەڕێنەوە بۆ خوێندن. دایکیشم (عەتێ فەرەج مەحموود) ژنی ماڵەوە بوە. لە بەرەبەیانی لەپاش مردنی لەناکاوی باوکم بە نۆ مانگ و لە 3ی نۆڤەمبەری ساڵی 1987دا لەدایکبووم. پاش چەند مانگێک حیزبی بەعس کە لەو سەردەمەدا حوکمی عێڕاقیاندەکرد ئاسۆی برامیان گرت و پاشانیش بە ماوەیەکی کورت دایکیشمیان گرت و دایکمیان گواستەوە بۆ بەندینخانەکانی خوارووی عێڕاق لە شاری ناسرییە. چونکە وەک خێزانەکەم پێیانگەیشتبۆوە، ئەگەر یەکێک بە تۆمەتی “خیانەتی نیشتیمانیی” بگیرابایە دەبوو دایکوباوکیشیان بگرتایە و هەموو ماڵ و موڵکەکەشیان داگیردەکرا و دەکرا بە موڵکی حکومەتی بەعس. هەرواش بوو. پاش ماوەیەک لە دائیرەی ئەمنی سلێمانی بانگی خێزانەکەم کرابوو و بەیاننامەی مردنی ئاسۆیان دابوەوە دەست خێزانەکەم و ئاگاداریانکردبوین کە لاشەکەی وەرناگیرێتەوە و بۆشمان نییە پرسەی بۆ دابنێین، هاوکات ئاگاداریشکرابوین کە خانوەکەمان دەبوو بکرابایە بە موڵکی حیزبی بەعس، بەڵام لەبەرئەوەی باوکم کاتی خۆی فەرمانبەری حکومیی بوە، لەوەیان خۆشدەبن. لە بەیاننامەی مردنەکەی ئاسۆدا نوسراوە کە ڕەمیکراوە و فیشەک بە سەرییەوەیەتی. دایکیشم لە ساڵی 1990دا ئازادکرا. هاوکات لە ساڵی 2010دا بۆماندەرکەوت کە لە ڕاستییدا خانوەکەمان دەستی بەسەردا گیراوە و ئەو بەڵگەنامەیەمان لە فایلەکانی دائیرەی تاپۆدا دۆزییەوە.

لە ماوەی گیرانی دایکمدا لەلایەن نەنکمەوە (دایکی دایکم) بەخێوکرام. بەڵێ، وەک زۆرینەی منداڵی تری کوردستان ئەمە سەرەتای منداڵیی من بوو. هاوکات ئەو هیوایەی هەمانبوو کە ئەگەر ڕۆژێک خۆمان حوکمی خۆمان بکەین چیتر تووشی چەرمەسەریی تر نابینەوە.

عەتێ فەرەج
عەتێ فەرەج

پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991، دەرگایەکی نوێمان بەسەر چەرمەسەریی هەتاهەتایی خۆمان کردەوە. شەڕی براکوژیی دەستیپێکرد و نەهامەتیی خەڵک لە نەهامەتییەکانی سەردەمی بەعس زیاتر بوو.

بە نیسبەت منەوە، بەڵێ بێگومان وەک هەموو منداڵێکی تری ئەو سەردەمە ئەم بارودۆخە کاردانەوەی هەبوە لەسەر منداڵیم. شەڕی بەردەوام هەلی ژیانکردنی نمونەیی بڕیبوو. لە منداڵییمەوە خووم دابوە گۆرانیوتن و وێنەکێشان و نووسین. ئەوەی ڕاستیی بێت لە یاریی دووگۆڵییدا باش نەبووم کە یاریی باوی کۆڵان بوو لە سەردەمی منداڵییمدا. لە ڕاستییدا لە هیچ کامێک لە یارییەکانی کۆڵاندا کە دەکرا باش نەبووم. لە دووگۆڵییداکە بە تۆپی باغە و گۆرەویی دەمانکرد هەموو جارێک دەیانکردم بە گۆڵچیی بەو بیانوەی یاری نازانم، بەڵام هەر کە تۆپم

عەبدوڵا گۆران
عەبدوڵا گۆران

دەگەڕاندەوە و ئافەرینیان لێدەکردم، ئەمە وایکردبوو زۆر جار کۆڵنەدەم و کەمێک گۆڵچێتیی خۆمم خۆشبوێت.

بەڵێ منداڵییم لە وڵاتێکدا بوو کە هەمیشە لەسەر هێڵی مان و نەمان بوو، چ بەدەست دوژمنی دەرەوە، چ بەدەست ناکۆکیی ناوخۆوە. بەڵام ئێمە هەرگیز لە یاریکردنی خۆمان نەدەکەوتین. یەکێک لە شتە باشەکان لە منداڵییمدا ئەوەبوو کە باوکم کتێبگەلێکی زۆری پاش خۆی بەجێهێشتبوو. منیش بەشێکی باشم لێخوێندبوونەوە تەنها بۆئەوەی خۆم سەرقاڵبکەم. لە ڕاستییدا کتێب لە منداڵیی مندا وەکو یارییەک وابوو. باشترین کتێب بەلامەوە شیعرە کوردییەکان بوو. بەتایبەتییش دیوانی (عەبدوڵا گۆران) و (فایەق بێکەس). ئەم دوو شاعیرەم زۆر خۆشدەویست. هەموو ڕۆژێک شیعرەکانیانم دەخوێندنەوە. هەروەها هەندێک جاریش کە وەڕسدەبوو، شیعرەکانی ترم دەخوێندەوە وەک شیعرە کلاسیکییەکان، بەڵام گەر دەتانەوێت ڕاستگۆبم، بڕوابکەن بە هۆی زمانە قورسەکەی بەکاریانهێنابوو هیچی وایان لێتێنەدەگەیشتم! بەڵام

گۆران، ئای شیعرەکانی ئەو هاوڕێی خۆشەویستیی مناڵییم بوون. هەندێجار هەوڵمدەدا هەندێک لە شیعرەکانی ئەو و بێکەس بە گۆرانییەوە بڵێم و لە مێشکی خۆمدا خۆمکردبوو بە ئاوازدانەرێکی گەورە!

من هەرگیز زۆر سەعیمنەدەکرد، کەچی نازانم چۆن، هەمیشە یەکەمیش دەبووم و هەمیشە نمرەکانم دە لە دە بوون. لە خوێندنگای سەرەتایی، لە هەموو وانەیەکدا گۆرانییەکم دەوت، مامۆستاکانم دەگمیان پێخۆش بوو و ئەو سروشتەی منیشیان پێخۆشبوو کە هەرگیز سڵمنەدەکردەوە لەوەی گۆرانی بڵێم و لە ڕاستییدا زۆربەی جار خۆم داوامدەکرد گۆرانییەک بڵێم. تەنانەت هەندێجار مامۆستاکانم لە پۆلێکی ترەوە دەیاننارد بە شوێنمدا تا لەوێ گۆرانییەکیان بۆ بڵێم. ڕۆژێک مامۆستایەکمان لە پۆلێکی تر کێشەی هەبوو لەوەی کە نەیدەزانی چۆن بیانخاتە گۆرانیوتن و هیچ کامێک لە خوێندکارەکان ئامادەنەبوون گۆرانیبڵێن، یان بە باشیی نەیاندەوت، منی بانگکرد تا پیشانیانبدەم چۆن گۆرانی بڵێن! بەم شێوەیە من دەستنیشانکرام کە ئیشێک بکەم کە هیچ بیرۆکەیەکی کردنەکەیم پێنەبوو. چونکە من دەمزانی گۆرانیبڵێم نەک خەڵک فێربکەم چۆن گۆرانیبڵێت! وەک پەندەکە دەڵێت “ئەوەی دەیزانێ بیکات، دەیکات، ئەوەی نایزانێ، دەبێتە مامۆستای ئەو شتە!” منیش بەڕاستیی نەمدەزانی چییان فێربکەم تا لە فیستیڤاڵێکدا بیڵێن، لە کۆتاییدا لە فیستیڤاڵەکەدا خۆم ئەو گۆرانییەم ور کە دەبوو ئەوان بیانوتایە!

یەکێک لە خوەکانی تری منداڵییم لاساییکردنەوەی خەڵک بوو، خێزانەکەم چێژیان لەم خوەم دەبینی و هەندێجار کە میوانمان دەبووداوایانلێدەکردم لاسایی خەڵک بکەمەوە و ئەوانیش پێدەکەنین. نازانم بۆ، بەڵام هەمیشە دەچوومە سەر بەرزاییەک، کورسییەک، قەنەفەیەک، مێزێک و لاسایی خەڵکم دەکردەوە. تا ئێستاش لەو حیکمەتە تێنەگەیشتووم بۆ وامدەکرد!

نەوا مکورجی بە هەرزەکاریی
نەوا مکورجی بە هەرزەکاریی

لە ساڵی 1998دا بڕیارمدا ببم بە مۆزیسیان و یاریزانی تێنسی سەر مێز، چوومە یانەیەکی وەرزشیی و بە ڕەسمیی دەستمکرد بە مەشقکردن بۆ بوون بە یاریزان. هاوکات دەچوومە خولی فێرکردنی مۆزیکەوە بۆ ئامێری عود. زۆری نەبرد، ڕۆژێک لە یارییەکی دوگۆڵییدا لەبەردەرگای ماڵی خۆمان کەوتم و درزێک کەوتە ئێسقانی دەستی ڕاستمەوە. بۆ ماوەیەکی درێژ دەستمیان لەگەچگرت و زۆریش بەسەر ئەمەدا نەڕۆیشت کە دەبوو نەشتەرگەریی ڕیخۆڵەکوێرەم بۆبکەن. ئەم ماوەیە بەتەواویی منی لە مۆزیک و تێنس دوورخستەوە و پاش  چاکبوونەوەم جارێکی تر نەچوومەوە بۆ هیچیان. لەم ماوەیەدابوو ڕۆژێکیان چووم بۆ فێربوونی ئەسپسواریی، بەڵام ئەسپێکی شێتیان دامێ. زۆر خێرا بوو و بە هیچ شێوەیەک پێم کۆنترۆڵ نەدەکرا. لە خۆبەرزکردنەوەیەکیدا هەڵدامە خوارەوە و منیش بەسەر شەویلگەی چەپمدا کەوتم. تا ئێستاش شەویلگەم بە ناڕەحەتیی دەکرێتەوە و دادەخرێتەوە، ئەمەش زۆر بێزارمدەکات بەتایبەتیی لەکاتی گۆرانیوتندا. لە کۆتایی نەوەتەکاندا، بە هاوکاریی خوشکەکەم و برایەکم کە یارمەتیی خێزانەکەیان دەدا ژیانمان بەرەو بووژانەوە ڕۆیشت.

نەوا مکورجی لەگەڵ هاوپۆلانی لە خوێندنگای ناوەندیی
نەوا مکورجی لەگەڵ هاوپۆلانی لە خوێندنگای ناوەندیی

لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنمدا کەمێک بەرباد بووم! مێشکم بە هەموو شتێکەوە خەریک بوو خوێندن نەبێت! بەم شێوەیە چیتر خوێندکارە باشەکە نەمام، یان شیعرم دەنووسی، یان وێنەم دەکێشا، یان شتم دەنووسی، لەبەر هەر هۆیەک بێت، زۆربەی ئەم نووسین و شیعرانەم تا ئەم دواییانە هەڵگرتبوو. بەڵام لە شوباتی 2015دا بە هەموویاندا چوومەوە و کۆمکردنەوە و هەموویانم سووتاند. چونکە لە ڕاستییدا هەستێکی زۆر خراپم بۆ دروستدەبوو کاتێک دەمخوێندنەوە! هیچیانم بە شیاوی ئەوە نەزانی کە بمێننەوە و کەسێکی تر بیانخوێنێتەوە. زیاتر لە 250 شیعرێک دەبوون، یەک دانەیان شیاوی ئەوەی نەبوو هەڵبگیرێت! بمبوورە مێژوو! دەبوو ئەم بەشەی کارەکانم لە ژیانمدا نەهێڵم و بسڕمەوە.

لە کۆتاییدا لە ساڵی 2007دا ئامادەییم تەواوکرد.

خوێندن

زانکۆی سلێمانی کەمپی کۆن
زانکۆی سلێمانی کەمپی کۆن

من سکوڵی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی سلێمانیم بە پلەی بەکالۆریۆس لە ساڵی 2012دا تەواوکردوە. ئەم بڕوانامەیە بەس نەبوو بۆ من کە لە ئیشەکانمدا فریامبکەون، بۆیە لەگەڵیشیدا هەموو کۆرسەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیسم تەواوکرد بە ئۆنلاین و پاش ئەنجامدانی هەموو تاقیکردنەوەکانی مایکرۆسۆفت بۆ ئۆفیس، توانیم ببمە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە ئۆفیسدا لە 17ی شوباتی 2013دا. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە من شارەزاییەکی تەواوم هەیە لە:

  • پسپۆڕ لە مایکرۆسۆفت ۆرد
  • پسپۆڕ لە مایکرۆسۆفت ئێکزڵ
  • تایبەتمەند لە مایکرۆسۆفت پاوەپۆینت
  • تایبەتمەند لە مایکرۆسۆفت ئەکسێسدا.
  • نەوا مکورجی لەکاتی فیلمی پڕخۆرترین ڕۆح
    نەوا مکورجی لەکاتی فیلمی پڕخۆرترین ڕۆح

لەو کاتەی خوێندکاری زانکۆ بووم، لەلاوە هەموو ئەمانەم دەخوێند و خۆمفێردەکرد (ئاریا و گۆرانیی ئۆپێرا، میتۆدی ستانیسڵاڤسکی بۆ نواندن، پیانۆژەندن، مۆزیکدانان، نووسینی سکرینپلەی)

لە 2011 و 2012دا دەستمکرد بە خۆفێرکردنی فیلمسازییش، تا ئێستاش خەریکی خوێندن و تاقیکردنەوەم بۆ فیلمسازیی. هەموو لایەنەکانی فیلمسازیی دەخوێنم، وەک سینەماتۆگرافیی و فۆتۆگرافیی، ڕوناکیی، دەرهێنان و دروستکردنی وێنا، شیکارکردنی سکرینپلەی، مەیکئەپ، مۆنتاژ…تد. ڕەنگە ئەمە ببێتە پیشەی ئایندەم.

بوون بە مۆزیسیان

بۆ جاری دوەم لە هاوینی ساڵی 2006دا لەسەر بەرنامەی (مەیکمیوزیک فیناڵێ) دەستمکرد بە خۆفێرکردنی نووسینەوەی نۆتەی مۆزیک و خۆفێرکردنی مۆزیک. هاوکات خۆم فێری ژەندنی پیانۆ و مۆزیکدانان و ئۆپێرا دەکرد. لە ڕاستییدا دەمەویست ئەو حەزەی مناڵییم زیندووبکەمەوە کە خووم بە گۆرانیوتنەوە گرتبوو. زۆر خەڵک پێیانوتم “لەم وڵاتەدا تۆ ناتوانیت ببیت بە مۆزیسیان” و “تۆ لە ژیانی کارکردنتدا کەسێکی لێهاتوو و پرۆفیشناڵیت، ئەو ژیانەت تێکمەدە بە بوونت بە مۆزیسیانێکی سەرنەکەوتوو یان گۆرانیبێژێکی سەرنەکەوتوو”. بەڵام لە ڕاستییدا تۆ کەسێک ناخوازیت لەبەرئەوەی باشترین کەسە لە جیهاندا بۆ هەموو کەسێک، بەڵکو تۆ تەنها ئەو کەسە هەڵدەبژێریت کە خۆت دەتەوێت. ڕەنگە من مۆزیسیانێکی خراپ بم، بەڵام ئەم ئیشە هەموو جیهان دەهێنێت بۆ من. مۆزیک موڵکی کەس نییە تا ڕێگرییم لێبکات لە کردنی! بۆیە بەردەوام دەبم لەسەر مۆزیک.

نەوا مکورجی لەکاتی مۆزیکژەندن لە کافتریادا
نەوا مکورجی لەکاتی مۆزیکژەندن لە کافتریادا

لە 2006 و 2007 و تا 2010ش زۆربەی کاتەکانی ڕۆژەکەم بە مۆزیکەوە دەبردەسەر. مەشقکردن و مۆزیکدانان… زۆر شت لەم کاتەدا ڕویاندا کە ڕۆژێک هەمویتان بۆ دەگێڕمەوە هەر لەم سایتەمدا. لە 2009 و 2010دا دەستمکرد بە مۆزیکژەندن لە کافتریا و ڕێستۆرانتدا و جارجار بەرنامەیەکی مۆزیکییم سازدەکرد. هەرچەندە زۆرێک لە ئامادەبوانی بەرنامەکانم تێنەدەگەیشتن کە من چی دەکەم و چی دەژەنم. چونکە زۆربەی خەڵک چاوەڕێدەکەن تۆ ئەو مۆزیکە بژەنیت کە لای ئەوان پەسەندە، بەڵام کاتێک تۆ ئەو مۆزیکانە دەژەنیت کە لای خۆت پەسەندن و خۆت ئیمپڕۆڤایز دەکەیت ڕەنگە پێتبڵێن “مۆزیسیانێکی باش نییە”. بەهەرحاڵ، ئەم مۆزیکژەندن و بەرنامانە داهاتێکی وای بۆ من نەبوو، بەڵام ئەزموونێکی زۆر باش بوو لە ژیانمدا. هاوکات وەک مۆزیسیان هەمیشە پێویستت بەوە هەیە کە مۆزیک بۆ خەڵک بژەنیت.

هەروەها بەشدارییم لە چەند کۆنسێرتێک و چەند بۆنەیەکی تری مۆزیکیی و هەندێ بەرنامەی تەلەفیزیۆنییشدا دەکرد. هەروەها هەندێ کۆنسێرت و بەرنامەی تایبەت و شەوی تایبەتیشم بە خۆم سازدەدا لە هۆڵ و ئەو شوێنانەی مۆزیکم تێدا دەژەندن.

وەک مۆزیکدانەر

پۆرترێتێکی سوریالیی بۆ ڕۆندۆ
پۆرترێتێکی سوریالیی بۆ ڕۆندۆ

مۆزیکدانان، چ پێشتریش و چ ئێستاش، زۆرترین بەشی لە بیرکردنەوەی مندا داگیرکردوە. ئەوەندەی بیرمبێت، هەمیشە حەزمکردوە ببم بە مۆزیکدانەر. وەک ئەوەی لە منداڵییمەوە حەزملێبوو. تەنانەت پێش ئەوەشی بەڕاستیی فێری مۆزیک ببم، کوێرانە هەوڵمدەدا بە بەرنامەی (مەیکمیوزیک فینالێ) مۆزیکدابنێم. هەندێجار مۆزیکەکە بە ڕێکەوت باش دەردەچوو، هەندێجاریش زۆر خراپ! ڕەنگە هێشتاش هەندێکم لەم مۆزیکانە مابێت کە بە ڕێکەوت دامناون.

لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، مۆزیکدانان بوو بە گەورەترین خولیای من لە مۆزیکدا. بەردەوام هەوڵمدەدا. ئەو کاتە بوو کە لە خوێندنگای ئامادەیی بووم و بەدزییەوە زۆربەی کاتەکانی سەعیکردنم دەدا بە مۆزیکدانان. هەندێجار بێ هەستان سیانزە کاژێری تەواوم سەرفدەکرد لەسەر یەک پارچە مۆزیکێک سەرفدەکرد کە خۆشم نەمدەزانی چییە! هەموو شتێکم ناودەنا “فەنتازیا”، بیرۆکەیەکی وام هەبوو کە “فەنتازیا” فۆڕمێکی دیاریکراوی مۆزیکی نییە!

پاش سێ یان چوار مانگێک لەم خوە بەردەوامەم، پارچە مۆزیکێکم دانا کە لە پارچە مۆزیکی تەواو دەچوو! دووبارە ناومنا “فەنتازیا”. بردم بۆلای یەکێک لە باشترین مۆزیکدانەرە کوردەکان و پیشانمدا. بڕواینەکرد. داوایلێکردم کە خۆم بیژەنم، لە ڕاستییدا مۆزیکەکەی دامنابوو لەوە قورستر بوو کە خۆم بتوانم بیژەنم. من زیاتر جەختم لەسەر مۆزیکدانان دەکردەوە نەک ژەندن. ئەوەی چاوەڕێمدەکرد لەو مۆزیکدانەرە بە پێچەوانەوە هاتەدی، لێمتووڕە بوو بەوەی کە وایهەستدەکرد درۆدەکەم. من زەردەخەنەم دەکرد بەوەی کە بڕوامنەدەکرد کە ئەو بڕوامپێناکات. بەڵام ئەم زەردەخەنەیە ئەوی تەواو تووڕەکرد و وایهەستکرد کە من ئیهانەیدەکەم. تەواو لێمتووڕە بوو و وتی “مناڵێکی درۆزن هاتۆتە ماڵەکەمەوە و وا بە ئاسانیی گاڵتەمان پێدەکات، ئەگەر ماڵی خۆم نەبوایە خۆم دەمزانی چیم ئەکرد!” پاش ئەمە من هیچ شتێکی ترم نەکرد و پاش چارەکێک ساردبۆوە و وابزانم لەناو خۆیدا هەستی بەوە کردبوو کە ئەو تووڕەبوونە هیچ پێویستنەبوو، بەم شێوەیە هەندێک کتێبی پێشکەشکردم، یەکێکیانم لێوەرگرت و سوپاسمکرد و تا ئێستاش ئەم تێبینییەم ماوە لەسەر ئەم کتێبە و کتێبەکەشم هەڵگرتوە.

هەرگیز جارێکی تر ئەو مۆزیکدانەرەم نەدییەوە.

نەوا مکورجی
نەوا مکورجی

پاشتر، مۆزیکێکی ترم دانا و غیرەتگرتمی ناوی بنێم “سۆناتا”، بردم بۆلای مۆزیکدانەرێکی تر و ئەو هەندێک تێبینی پێوتم لەسەری کە “ئەم مۆزیکە سۆناتا نییە”. ئەم مۆزیکدانەرەیان پاڵنەرێکی باش بوو تا خۆم زیاتر پێشبخەم لە مۆزیکداناندا.

بەردەوامبووم لەسەر دانانی مۆزیکی کورت. لە ساڵی 2009دا لە زانکۆ تیۆرییەکانی ئەدەبمان دەخوێند، ڕۆژێک ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات کە چەند پارچە مۆزیکێک لەسەر سیستمێکی نوێی مۆزیک دابنێم کە خۆم دامنا، کە ئەمەش لە کۆتاییدا سیستمی “هیستۆریزم” دەرچوو. هەندێک لە بنەما و یاساکانیم نووسییەوە و وشەکەش هەر خۆم دامهێنا. بەڵام لە ئایندەدا بۆمدەرکەوت کە هەندێک مۆزیکدانەری تر هەبوون کە لەم چەشنە مۆزیکەیان داناوە، بەڵام ناوێکی هاوشێوەی هیستۆریزمیان لێنەناوە.

پاشان زیاتر و زیاتر خم فێردەکرد و زیاتر خەریکبووم و بیرۆکەی نوێم لە مۆزیکەکانمدا جێبەجێدەکرد.

تا ئێستاش هەر خەریکم و بەردەوامم

وەک پیانیست

نەوا مکورجی لە پێرفۆرمانسی شانۆگەریی مارا-ساددا
نەوا مکورجی لە پێرفۆرمانسی شانۆگەریی مارا-ساددا

لەڕآستییدا گەنجێکی سەرلێشێواو بووم، لەناو خولیا زۆرەکانمدا ونببووم. وەک هەموو گەنجێکی تر دەمەویست ببم بە هەموو شتێک و دەشمویست لە هەموو شتێکدا سەرکەوتووترین کەس بم! نیوەڕۆیەک لەسەر قەنەفەیەک بە ئاوەژویی پاڵکەوتبووم (ئەم جۆرە دانیشتنە یەکێکە لە ئەتوارەکانم) و بیرمدەکردەوە “ببم بە چی؟” پاشان بەخەیاڵمدا هات کە بەدوای هەندێ کتێبی مۆزیکییدا بگەڕێم لە کتێبخانەی براکەمدا.

کتێبێکی عەرەبییم دۆزییەوە ناوی “بێتهۆڤن باوکی سیمفۆنییەکان” بوو. دەستمکرد بە خوێندنەوەی. کتێبێک بوو لەسەر ژیانی بێتهۆڤن بەگشتیی، بە زمانێک نوسرابوو کە منێکی نەزان تێیدەگەیشتم. لەناکاو بڕیارمدا کتێبەکە وەربگێڕمە سەر زمانی کوردیی و پاشتریش دەستمکرد بە وەرگێڕانی. خۆمم سەرقاڵکرد بەمەوە و پاشتر لەناوەڕاستی وەرگێڕانەکەدا بیرمکردەوە کە سەرچاوەی تریشی تێکەڵاوبکەم و ئامادەیبکەم بۆ کتێبێک. چووم بۆ بازاڕ و کتێبی ترم لەسەر بێتهۆڤن پەیداکرد. پاشان کۆکردنەوەی وتار و نوسراوی تر لە ئینتەرنێتەوە و گۆڤار و ڕۆژنامەگەلێکی زۆر گەڕام. بەشێکی باش سەرچاوەم کۆکردەوە و لەگەڵ یەکدا گونجاندمن و کرا بە کتێبێک بەناوی “بێتهۆڤن، ئیمپڕاتۆری مۆسیقا” و پاش دوو ساڵ لە ساڵی 2008دا بڵاوکرایەوە.

هەندێک لە مۆزیکەکانی بێتهۆڤنم داونلۆدکردبوو و گوێملێدەگرتن. بەتایبەتیی کارەکانی کە بۆ پیانۆ دایناون. بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەم کتێبە پاڵنەرێکی زۆر گەورە بوو بۆ ڕێبەریکردنم بۆ بوون بە پیانۆژەنێک. “بۆ پیانۆ؟” “چونکە کاتێک پیانۆبکەنیت، دەتوانیت ئاسانتر هەموو ئامێرێکی تر فێربیت و تێگەیشتنێکی زیاترت بۆ مۆزیکدانان هەبێت” ئەی هاوار لەو خۆشییە! لەکۆتاییدا ڕێگای ژیانمم دۆزییەوە بۆ بوون بەو مۆزیسیانەی کە هەمیشە دەمەویست ببم.

دەستمکرد بە چوونەدەرەوە لەگەڵ هاوڕێ مۆزیسیانەکانمدا، بەردەوامبووم لەسەر خوێندنەوەی بابەتی مۆزیکیی و خۆفێرکردنی نۆتەش.

تەماشای وێنەکانی مناڵییم ئەکرد تا بزانم کێ بوە بە مۆزیسیان یان ئێستا خوێندکاری مۆزیکە و دەستمدەکرد بە تەلەفۆنکردن بۆیان “ئەلو، چۆنی؟ ئا منم، حەزئەکەی بچینە دەرەوە؟” و دووبارە لەگەڵ هاوڕێ مناڵییەکانمدا کە ئێستا ببوون بە مۆزیسیان بوینەوە بە برادەری خۆشەویست و گفتوگۆمان سەبارەت بە مۆزیک دەکرد. لای من بابەتی هەرە گرنگ بوو، بەڵام لای ئەوان چونکە دەیانخوێند، زۆر خولیای نەمابوون، بەڵکو لای ئەوان ببوو بە ڕٶتین، بەڵام لای من خەون بوو!

بەم شێوەیە بڕیارمدا ببم بە پیانۆژەن. وەک خوێندتانەوە خۆم فێری پیانۆژەندن کرد و پاشان لە هەندێک مامۆستاش نزیکبوومەوە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ ئەمە تەنها دوو هەفتە زیاتری نەخایاند و حەوسەڵەم نەبوو بۆ هیچ مامۆستایەکی مۆزیک و گەڕامەوە بۆ شێوازی فێربوونەکەی خۆم.

لەزۆر لایەنەوە پەشیمان نیم لەوەی بەم شێوەیە خۆم فێری مۆزیک کرد. بەڵام پەشیمانم کە بە شێوەیەکی ستاندارد فێری پیانۆ نەبووم. ئەمە هەم خاڵی لاواز و هەم خاڵی بەهێزی فێربوونەکەم بوو.

من نازانم کە ئەوە تەنها منم، یان هەموو هونەرمەندێکی تر وایە کە قەت لە کاری خۆمان ڕازینین. کاتێکیش گوێ لە کارێکی تۆمارکراومان دەگرینەوە هەناسەمان توند توند دەبێت.

بەهەرحاڵ، ئەگەر بوون بە پیانۆژەن مەبەست ئەوەبێت کە هەر دەبێت وەک ڤان کلیبورن پیانۆ بژەنیت، ئەوا من تیاچووم! ئەگەر مەبەست ئەوەش بێت کە دەتوانیت پیانۆ بژەنیت… ئەوکات من پیانۆژەنم!