ئەرشیفی خێزان

چەند ساڵێک دەبێت کە ئارەزووی ئەرشیفکردنی وێنە کۆنەکانی خێزانەکەمم هەیە وەک باکەپێکی دیجیتەڵیی. ئەم ئارەزوە و هەوڵەکانم بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیون. کێشەم زۆربوو لەوەی قەناعەت بە خێزانەکەم بکەم ئەو وێنانە بدەنە دەست من و ڕەزامەندبن لەسەر دیجیتەڵکردنیان. لەکۆتاییدا، خێزانەکەم ڕێگەیان پێدام وێنەکانی باوکم (کەمال مکورجی) ئەرشیف بکەم، پاشان پوورم (شوکرییە مکورجی) وێنەکانی خۆی پێدام.

بەڵام هەمیشە چاوم لەسەر وێنەکانی خاڵە تەهام بوو، چونکەوێنەی زۆری هەبوو و خۆیشی وێنەی زۆر گرتبوو.هەوڵمدا ڕازیبکەم کە وێنەکانیم پێببەخشێت. ئەویش پێیخۆشبوو، بەڵام ئەم وێنانە لای خاڵێکی ترم هەڵگیرابوون. ئەو ئەم بیرۆکەیەی ڕەتدەکردەوە.پێش چەند مانگێک لەمەوبەر خاڵە تەهام داوایکرد وێنەکانی بگەڕێنرێنەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، خاڵەکەی ترم بەمە ڕازیبوو، خاڵە تەها لە 1ی حوزەیرانی 2017دا کۆچی دوایی کرد و پێش دوو ڕۆژ بەر لە مردنەکەی من بووم بە خاوەنی ئەرشیفەکەی. دەستمکرد بە سکانکردنیان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە کاتێکی باشی پێدەچێت چونکە ئەرشیفەکەی زۆرن.

خاوەخاوە من دەبمە کەسێکی پڕۆفێشناڵ لەبواری ئەرشیفکردنی وێنەی کۆندا. دڵخۆشیشم بەوەی کە تێگەیشتنم بۆ وێنە کۆنەکان و چۆنێتیی ئەرشیفکردنیان بەشێوەیەکی تەندروست ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت.

بەدڵنیاییەوە، ناتوانم هەموو وێنەیەکی ئەرشیفکراو لەم وێبسایتەمدا بڵاوبکەمەوە؛ ئەویش لەبەرئەوەی هەندێ لەو وێنانە لە کاتی تایبەتدا گیراون. بۆ نموونە؛ پار دوو وێنەی ئەرشیفکراوم هەڵبژاردبوو بۆ چاککردنەوەی ڕەنگ و ڕوناکیی کە بەتەواویی تێکچووبوون. دەستکارییەکی زۆر شارەزایانەم کردبوون و بەلای خۆمەوە جێگەی شانازییم بوون. لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆم لە فەیسبووک دامنان، کەسەکانی ناو وێنەکە هەندێ خزمی دوور بوون.  بەداخەوە خزمە دوورەکانم کە ئەمەیان دیبۆوە کردیان بە کێشە لێم و داوایانکرد وێنەکان بسڕمەوە. منیش وامکرد.

ڕەنگە نەتوانم هەموو لایەنە باشەکانی ئەرشیفکردنی وێنەی کۆن بخەمەڕوو. بەڵام هەندێک خاڵ باس دەکەم

  1. هەموو ئەم وێنانە شایەتحاڵی سەردەمێکن لە ژیانی ڕابردوومان
  2. بە لێکۆڵینەوە لەم وێنانە زۆر شت فێردەبیت سەبارەت بە فۆتۆگرافیی. وێنە ڕەنگاوڕەنگەکانیش زۆرێکیان تێکچوون؛ چاککردنی ئەم وێنانەش سوودێکی زۆری هەیە بۆ زیاتر شارەزابوونی ئیدیتەرەکان لە چاککردنی وێنەی کۆندا.
  3. هەرگیز قەدری تەکنەلۆژیای نوێ نازانیت سەبارەت بە کامێرە دروستکردن تا ئەم وێنە کۆنانە نەبینیت. ئەو هەموو وردەکارییانەی کامێرەی نوێ دەیبینێت لە وێنەیەکدا هەرگیز خەوی پێوەنەبینراوە لە کامێرەی کۆندا. ئەتوانم بڵێم ئەگەر بە کامێرەی دی ئێس ئێڵ ئاڕی ئێستا ئەگەر وێنەکەت بەتەواوەتییش لە فۆکەسدا نەبێت ئەوا هێشتا وردەکاریی زۆرتری تێدایە بەبەراورد لەگەڵ زۆرێک لەم وێنە کۆنانەدا.
  4. وێنایبکە، ئەگەر بمەوێت فیلمێک لەسەر کوردستانی ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکانی سەدەی پێشوو بکەم؛ ئەم وێنانە سەرچاوەی بەنرخن بۆ هەر دیزاینەرێکی بەرهەم و جلوبەرگ و ماکیاژ و ستایلیستی قژ.

هەموو کەسێک ئاگاداردەکەمەوە لەوەی هیچ کامێک لەم وێنانە بێخاوەن نین و مافیان پارێزراوە. من مافی تەواوەتیی خاوەندارێتیی ئەم وێنانەم هەیە. لەبەرئەوە تکایە دووبارە بەکاریانمەهێننەوە تا ڕێگەپێدانێکی نووسراوت پێنەبەخشرابێت لەلایەن منەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن پەیوەندییم پێوە بکەن لەڕێی لاپەڕەی پەیوەندییەوە لەم وێبسایتەمدا. ئەگەرێکی زۆر هەیە ڕێگە بەزۆر کەس بدەم ئەم وێنانە بەکاربهێننەوە بۆ هەر مەبەستێکی داهێنەرانە یان سوودبەخش. بەڵام تکایە مەیاندزن و لەژێر ناوی خۆتاندا بڵاوی بکەنەوە، چونکە ئەوە پێشێلکاریی یاسایە. کە من ئامادەبم هاوکارییت بکەم لە پێدانی مافی بەکارهێنان، ئەوا لەبەرامبەر ئەمە چاوەڕێی پێزانین دەکەم. من هیچ ئیمزایەک یان وەتەرمارکێک لەسەر هیچ کامێک لە وێنەکان دانانێم، چونکە دڵنیام ئێوە ئەم فۆتۆیانە بێپرسی خۆم نابەن.

سەبارەت بە تەکنیکی ئەرشیفکردنەکە: هەریەکێک لەم وێنانەم بە فۆڕماتی () سکانکردوە بێ کۆمپرێشن. بە ڕیزۆڵووشنی 1200 دی پی ئای. زۆرینەی وێنەکان ئەسڵییەکانن. بەڵام هەندێک لە وێنە ڕەنگاوڕەنگەکان دەستکاریی کراون و ڕەنگەکانیان چاککراونەتەوە. پێشتر بڕیارم وابوو کە وێنەکان بەتەواوی ڕیزۆڵووشن و کوالیتیی خۆیانەوە بڵاوبکەمەوە. بەڵام لە حوزەیرانی 2017ەوە بڕیارمدا کە هەموو وێنەکان داون-سامپڵ بکەم بۆ قەبارەیەکی سووکتر. ئەویش لەبەرئەوەی لۆدبوونی ئەم وێنانە زۆر قورسبوون بەتایبەت بۆ ئینتەرنێتی خاو. لە ئێستادا هیچ وێنەیەک لە وێبسایتەکەمدا لە 650 کیلۆبایت تێناپەڕێت. هەموویان بە ڕیزۆڵووشنی 96 پی پی ئای و 1920پیکسڵ لە یەکێک لە لاکانیدا. (لە پۆرترێتدا 1920 درێژیی، لە لاندسکەیپدا 1920 پانیی). بەڵام خۆم سکانە ئەسڵەکانم هەڵگرتوە کە ناوەندی قەبارەی هەریەکێکیان نزیکەی 76 مێگابایتە. ئێوە تەنها وێنە داون-سامپڵەکان دەبینن. بەڵام ئەگەر بۆ مەبەستێکی داهێنەرانە یان سوودبەخش وێنە ئەسڵەکانتان بوێت دەتوانن پەیوەندییم پێوەبکەن و منیش بۆتان بنێرم.

ڕەنگە قورسترین بەش لە ئەرشیفکردنی وێنەی کۆندا مێتاداتا بێت. لەبەر زۆر هۆکار مێتاداتا زۆر ئەستەمە بەتەواوەتیی پڕبکرێتەوە. وێنەکانی خاڵم بە بەراورد لەگەڵ وێنەکانی باوکمدا زۆر جیاوازن، باوکم وێنەی زۆر بە جددی وەرگرتوە و لە پشتی زۆربەی هەرەزۆری وێنەکانی خۆیدا زانیاریی باشی داوە لەسەر کات و شوێن و کەسەکانی ناو وێنەکە و بۆنەی وێنەگرتنەکە. بەڵام زۆربەی وێنەکانی خاڵک هیچ زانیارییەکیان لەسەرنییە. ئەمەش وایکرد ئەرشیفکردنی ئەو هەموو وێنە زۆرانەی خاڵم زۆر ئاسانتر بێت لە ئەرشیفەکەی باوکم.

ئەگەر هەستدەکەیت کە دەتوانیت یارمەتیمبدەیت لە پڕکردنەوەی مێتاداتای وێنەکان و کەسەکان بناسیتەوە یان بۆنەی وێنەکان بزانیت ئەوا تکایە بە کۆمێنت لەسەریان بنووسە یان پەیوەندییم پێوەبکە و دڵخۆشم دەکەیت بەم هاوکارییە.