تۆ نامناسیت – نەوا مکورجی

من زۆرم حەز لەم گۆرانییەی ئێدی ئاڕنۆڵدە، لە ماوەی ڕابردوودا تەنها بە گوێگرتن تێکستەکەم لەبەرکردبوو. هەرچەندە زۆرجاریش لەکاتی ڕاهێناندا کێشەم زۆر بوو لە بیرکەوتنەوەی تەواوی تێکستەکە. ئەم ئێوارەیە بڕیارمدا تۆماریبکەم، کامێرە و ترایپۆدم دەرهێنا، کەچی ماونتی ترایپۆدەکەم ونببوو! مێزێکم هێنا و کامێرەم لەسەر دانا. ئینجا ئامێری تۆمارکەری دەنگەکەشم کە زووم ئێچ 6ە. تەماشادەکەم پاتری تیانییە و پاتریشم نەبوو. بەڵام بەوەش هەر نەوەستام، بە ئایفۆنەکەم دەنگەکەم تۆمارکرد، ئایفۆنەکە لەبەردەمی خۆمدایە کە لە ڤیدیۆکەدا دیارنییە.

بەهیچ شێوەیەک دامنەنابوو ئەمشەو بتوانم هەمووی تۆمار بکەم، وتم بەردەوام دووبارەی دەکەمەوە، ئەگەر تەیکێکی باشم دەستکەوت ئەوا بڵاویدەکەمەوە، ئەگەر ناش، ئەوا ئەم ئێوارەیە ڕاهێنان ئەکەم بۆ سبەینێ تۆماریدەکەم. کەچی هەر کە کامێرەم داگیرساند، تەیکی یەکەم بەلامەوە زۆر باش بوو، ئەکرا باشتر بوایە، بەڵام زۆر لە یەکەم تەیک ڕازیبووم و سیحرەکە ڕوویدا، لەبەرئەوە کۆتاییم پێهێنا و دەستمکرد بە مۆنتاژکردنی و سینککردنی دەنگی مۆبایلەکە و وێنەی کامێرەکە، ئینجا سەرنجمدا کە لە یەک وشەدا هەڵە دەکەم. سەرەڕای ئەوەش هەر زۆر بەدڵم بوو. ئەمەی ئێستا دەیبینیت یەکەم تەیکە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *