کارمێن

ئۆپێرای کارمێن

پوختە

ئۆپێرایەکی جەفەنگی/تراژیدیی فەڕەنسییە، (ژۆرژ بیزێ) موزیکەکەی داناوە، ئۆپێرانامەکەی لە لایەن (هێنری مایلاک و لودۆڤیک ئالێڤی)یەوە نووسراوەتەوە. یەکەمجار لە ساڵی 1875دا لە شاری پاریس لە شانۆگای (ئۆپێرا کۆمیک) نمایشکراوە. لەبەر ڕەشۆکیی ناوەرۆکەکەی و زەقیی وێنە ئاڵۆشبازییەکانی؛ بەرەنگاری ڕەخنەی توند بووەتەوە. هەر سێ مانگ دوای نمایشکردنەکەی (بیزێ) لە تەمەنی 36 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ دەمرێ. ئۆپێراکەش تا ساڵی 1883 نمایشنەکراوەتەوە و بیزێ هەرگیز نەیزانیوە کە ئۆپێراکەی ئەوەندە بەناوبانگ دەبێ. موزیکی ئەم ئۆپێرایە شاکارێکی هونەرە.

بیزێ 1838-1875 لە تەمەنێکی کورتی ژیانیدا چەند کارێکی گەورەی موزیکی داناوە. خۆی پیانۆژەن بووە. 16 ئۆپێرا و زیاتر لە 27 گۆرانی و چەند کارێکی ئۆرکێسترایی نووسیوەتەوە؛ لەوانە سیمفۆنی و چەند کارێک بۆ پیانۆی تاکژەن. لە ئێستادا هیچ کامێک لە کارەکانی تری هەندەی کارمێن ناسراو نییە.

شوێنی چیرۆکەکە شاری سێڤیلیای ئیسپانیایە، بە ناوی خانمی کەسێتیی سەرەکییەکەیەوە (کارمێن)ـەوە ناونراوە. ئۆپێرانامەکە لەسەر ڕۆمانی (کارمێن)ی ڕۆماننوس (پڕۆسپێر مێریمێ)وە داڕێژراوەتەوە. ڕەنگە ئەم ڕۆمانە لە چیرۆکی (قەرەجەکان)ی (ئەلێکساندەر پوشکین)ی هۆنەری ڕووسییەوە سەرچاوەیگرتبێ.

کارمێن کچێکی گەنجی جوانی قەرەجە، لە کارگەیەکی جگەرە کاردەکا. سەرکێشیی خۆی وایلێدەکا حەز لە سەربازێکی جێگری پۆلەوان[1] بکا بە ناوی (دۆن خۆسێ)وە. خۆسێ ئیرەیی زۆر دەبا و کارمێن وایلێدێ چیتر خۆشینەوێ. دواتر کارمێن حەز لە گابازێک دەکا بە ناوی (ئێسکامیلۆ)وە و دەستبەرداری خۆسێ دەبێ. خۆسێش لە کۆتاییدا کارمێن دەکوژێ.

کەسێتییەکان

ناو ڕۆڵ چینی دەنگی
کارمێن کچێکی قەرەجە، فەرمانبەرێکی کارگەی جگەرەیە میتزۆ-سۆپرانۆ
دۆن خۆسێ جێگری پۆلەوان تینۆر
ئێسکامیلۆ گاباز باڕیتۆن
میکایەلا کچێکی لادێیی سۆپرانۆ
زیونیگا ئەفسەر باس
مۆرالێس جێگری پۆلەوان باڕیتۆن
فڕاسکیتا هاوڕێیەکی کارمێن سۆپرانۆ
مێرسێدێس هاوڕێیەکی کارمێن میتزۆ-سۆپرانۆ
لیلیاس پاستیا خاوەنی مەیخانەیەک قسەکردن
دانکلاییر  قاچاخچی باڕیتۆن
ڕیمێندادۆ قاچاخچی تینۆر
چاوساغێک چاوساغێک قسەکردن
کۆرس هەندێ ئەفسەر، کوڕی گەنج، کچانی کارگەی جگەرە، هۆگرانی ئێسکامیلۆ، هەندێ قەرەج، هەندێ مناڵی هاروهاج و میوەفرۆش و بازرگان و گاباز و کوڕی سەرسەری.

پرێڵیود

ئۆپێراکە بە پرێڵیودێک دەستپێدەکا؛ تێما موزیکییەکانی ئۆپێراکە پیشکەشدەکا. ئەگەرچی هەندێ کەس لەسەر ئینتەرنێت پێیدەڵێن (ئۆڤەرچوور)، بەڵام بیزێ خۆی ناویناوە پرێڵیود و لە ڕاستیشدا پرێڵیودە؛ چونکە ئەگەر ئۆڤەرچوور بووایە دەبوو لە فۆڕمی سۆناتادا بێ. بیزێ یەکێکە لەو موزیکدانەرانەی شارەزاییەکی زۆری لە فۆڕمەکانی موزیکدا هەبووە. ئەگەر خۆی بیزانییایە ئۆڤەرچوورە وایناودەنا.

پەردەی یەکەم

شوێن: مەیدانێک لە شاری سێڤیلیا. لای ڕاستەوە دەرگای کارگەی جگەرەکەیە. لای چەپەوە پاسەوانگەیەکە. لە پشتەوە پردێکە.

ئەفسەر و سەربازەکان لە مەیدانەکەدا پشوویانداوە، چاوەڕێی نۆبەگۆڕین دەکەن. (میکایەلا) دێ و بەدوای (دۆن خۆسێ)دا دەگەڕێ. دۆن خۆسێ کوڕێکی گەنجە، لە سەربازگەکەدا پلەی جێگری پۆلەوانی هەیە. (مۆرالێس) کە ئەفسەرێکە، پێیدەڵێ هێشتا نۆبەی ئەو نەهاتووە. بەڵام پێیدەڵێ کە دەتوانێ لەگەڵیاندا چاوەڕێبکا. ئەو ڕەتیدەکاتەوە دەڕوا و دەڵێ دوایی دێتەوە. دۆن خۆسێ و پاسەوانە نوێکە دەگەڕێنەوە. لە لایەن کۆمەڵێ مناڵی چەقاوەسووی ئەو ناوەوە لاساییاندەکەنەوە.

زەنگی پشووی کارگەکە لێدەدرێ و کچانی کارگەکە دێنەدەرەوە و لەبەردەرگاکەدا چاوبازی لەگەڵ هەندێ کوڕی گەنجدا دەکەن و ئەوانیش دەوروخولیان دەدەن. (کارمێن) دێتە دەرەوە و گۆرانییە وروژێنەکەی خۆیان بۆ دەبێژێ کە (ئابانێرا)یە، لە گۆرانییەکەدا دەڵێ:

خۆشەویستی باڵندەیەکی یاخییە،

کەس ناتوانێ ماڵیی بکا،

بانگکردنی بێهوودەیە

ئەو ڕەتیکردووینەتەوە.

دادینادا هەڕەشەکردن و نزا

یەکێ دەدوێ و یەک بێدەنگە

حەزم لە بێدەنگەکەیە!

هیچی نەوتووە بەڵام

من بەدڵمە.

ئەوین! ئەوین! ئەوین! ئەوین!

خۆشەویستی مناڵێکی بۆهیمییە

هیچ یاسایەکیش نازانێ

گەر خۆشتنەوێم خۆشمەوێی

گەر خۆشمویستی وریابە!

ئەو باڵندەیەی واتزانی هەژاندووتە

لە شەقەی باڵیدا و فڕی

ئەوین دوورە، دەتوانی چاوەڕێی بکەی

کاتێ چاوەڕێشی ناکەی؛ ها ئا لەویا!

دەورەتدەدا، خێرا خێرا

دێ و دەڕوا و دیسان دێتەوە.

وادەزانی کە گرتووتە؛ ئەو دەردەچێ

وادەزانی گوێیپێنادەی؛ ئەو دەتگرێ!

ئەوین! ئەوین! ئەوین! ئەوین!

لەگەڵ بێژانی ئەم گۆرانییەدا و کوڕان هەوڵ بۆ کارمێن دەدەن سەرنجی ڕابکێشن، داوای پەیوەندیی خۆشەویستیی لێدەکەن. تەنها کوڕ کە سەرنجیی نادا (دۆن خۆسێ)یە. کارمێنیش مەبەستی ئەوە کە دەڵێ “یەکێ دەدوێ و یەک بێدەنگە حەزم لە بێدەنگەکەیە!”  گوڵێک لە سنگی خۆی دەردەهێنێ و بۆی هەڵدەدا. خۆسێ وا خۆیدەنوێنێ کە ئەوی لا گرنگ نییە و واش خۆیدەنوێنێ ئەمەی پێناخۆشە.

کچان دەگەڕێنەوە کارگەکە. (میکایەلا) دەردەکەوێتەوە و ماچێک و نامەیەکی دەداتێ کە لە لایەن دایکییەوە بۆی نێرراوە. دایکی لە نامەکەدا داوایلێدەکا بۆلای بگەڕێتەوە و لەگەڵ (میکایەلا) هاوسەرگیری بکا، میکایەلا کەمێک شەرم دایدەگرێ و دەڕوا. خۆسێ بڕیاردەدا ئامۆژگارییەکەی دایکی جێبەجێ بکا، بەڵام لە کارگەکەوە دەنگەدەنگ بەرزدەبێتەوە و کچان دەکەونە قیژەقیژ. کە دەچن دەبینن کارمێن پەلاماری ژنێکی کارگەکەی داوە و شەڕی لەگەڵ کردووە و بە چەقۆ بریندارکردووە. (زیونیگا) کە ئەفسەری خۆسێیە؛ لێپرسینەوە لە کارمێن دەکا کە بۆچی وایکردووە؛ کارمێنیش بەدخووانە و بە ناشرینی بە گۆرانیی “ترا لا لا، ئەنجنئەنجم بکەن، بمسووتێنن” وەڵامیدەداتەوە. زیونیگا تووڕەدەبێ و فەرمان بە خۆسێ دەدا کەلەپچەی بکا و بیخاتە بەندیخانەوە؛ ئەویش وادەکا.

کە بە تەنیا جێیاندەهێڵن؛ (کارمێن) دەکەوێتە لاسدانی دۆن خۆسێ. لەگەڵیدا دەکەوێتە سەمای سێگیدییا و سەرنجی ڕادەکێشێ و لەگەڵ سەماکەیدا گۆرانییەکی بۆ دەبێژێ کە دەڵێ “خۆشەویستەکەم سەربازێکە؛ فەرماندە و سەرتیپ نییە، بەڵکو جێگری پۆلەوانە و ئەوەش بۆ قەرەجێک بەسە!“. دۆن خۆسێ لێیدەپرسێ کە “ئەگەر ئازادیبکا؛ بەڵێنەکەی دەباتە سەر؟ ئایا خۆشتدەوێم؟” کارمێنیش دەڵێ  “بەڵێ“. خۆسێ کەلەپچەکەی کارمێن دەکاتەوە. زیونیگا دەگەڕێتەوە، کچانی کارگەکە قەرەباڵغییەک بە دەوری زیونیگادا دروستدەکەن ولەم کاتەدا (کارمێن) هەڵدێ.

پەردەی دووەم

شوێن: مەیخانەکەی (لیلیاس پاستیا).

کات: ئێوارە.

ئەفسەران و قەرەجەکان دوای شێو لەم مەیخانەیەدا پشوودەدەن. دوو مانگ تێپەڕیوە. کارمێن و فڕاسکیتا و مێرسێدێسی هاوڕێی بۆ سەرگەرمکردنی زیونیگا سەمادەکەن و گۆرانی دەبێژن. کارمێن خۆشحاڵە کە خۆسێ دای دوو مانگ لە بەندیخانە بەربووە. چونکە لەسەر کەمتەرخەمییەکەی سزادراوە. لە دەرەوەی مەیخانەکە کۆمەڵێک خەڵک دەڵێن کە گابازەکە هات و پاشتریش بانگهێشتیدەکەن بێتە ژوورەوە. گابازەکە (ئێسکامیلۆ)یە، پیاوێکی تێکسمڕاوی بەهێزە. گۆرانیی گابازەکەیان بۆ دەبێژێ. لە کاتی گۆرانییەکەیدا سەرنجی کارمێن دەدا و کارمێن واپیشاندەدا ئەوی لا گرنگ نییە. لیلیاس پاستیا زۆر لە ئەفسەران و ئاپۆراکە دەکا بچنە دەرەوە.

هەمووان دەڕۆن. کارمێن و  فڕاسکیتا و مێرسێدێس دەمێننەوە. (دانکاییر) و (ڕیمێندادۆ) کە دوو قاچاخچین، دێن و پێیاندەڵێن خۆیان کۆبکەنەوە و ئامادەبکەن بۆئەوەی لەڕێی جەبەلتاریقەوە بڕۆن و بارە قاچاخەکەیان بگوێزنەوە. فراسکیتا و مێرسێدێس ئامادەن، بەڵام کارمێن پێیاندەڵێ ناتوانێ؛ چاوەڕێی خۆسێ دەکا. کە قاچاخچییەکان دەڕۆن؛ دەنگی خۆسێ دێ کە دێ. کارمێن فراسکیتا و مێرسێدێس دووردەخاتەوە و بە تەنیا بەخێرهاتن لە خۆسێ دەکا. بە ئامێرێ کاستانێتەوە سەمایەکی تایبەتی و بۆ دەکا و گۆرانیی (بە خۆشی تۆوە گۆرانی دەبێژم… لا لا لا)ی بۆدەبێژێ. لە کاتی گۆرانییەکەیدا دەنگی کەڕەنای ئۆردوگاکە دێ کە سەربازەکانی بانگدەکاتەوە. خۆسێ دەڵێ ناچارە بگەڕێتەوە بۆ ئۆردوگا؛ کارمێنیش پێیناخۆشە و گاڵتەی پێدەکا. بەڵام خۆسێ گوڵەکەی بۆ دەردەهێنێ کە لە پەردەی پێشووتردا دوو مانگ پێشتر کارمێن بۆی فڕێداوە.

ئەو گوڵەی بۆت هەڵدام گیانە

هەر پێم ما لە بەندیخانە

ئەگەرچی سیس و ژاکاوە

بۆنە خۆشەکەی هەر ماوە

بە درێژایی ساتەکانم

بە تەوسەوە بۆنمدەکرد

بە بۆنی ببوومە حەیران

تەنها تۆم دەبینی شەوان

دەستمکرد بە جوێنبارانت

خۆم دەدووان بۆ ڕقلێبوونت:

بۆچی چارەنووسی بێخەم

ئەمەی هێنایە سەر ڕێگەم؟

پاشان هەستمکرد کفر ئەکەم

لە ناخدا هەست بە هیچ ناکەم

جگە حەزێک، تەنها حەزێک

ئارەزوویەک، هەر هیوایەک

جارێکی تر بتبینمەوە،

ئای کارمێن، تۆ ببینمەوە!

چونکە گەر دەرکەویتەوە و

نیگایەکت لە من بگری

هەموو بوونم داگیرکەی

کارمێنەکەم!

دەبم بە تاکە شتێکت

کارمێنەکەم؛ خۆشمدەوێی!

کارمێن داوایلێدەکا خۆشەویستییەکەی بەوە بۆ بسەلمێنێ کە لەگەڵیدا بڕوا. خۆسێ ئەمە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام کە خەریکە بۆ ئۆردوگاکەی بگەڕێتەوە؛ زیونیگا دێ و بەدوای کارمێندا دەگەڕێ. خۆسێ پەلاماریدەدا و دەیکەن بە شەڕ. قاچاخچییەکان دەگەڕێنەوە و لەیەکیان جیادەکەنەوە و زیونیگا دەبەستنەوە. خۆسێ کە بیردەکاتەوە پەلاماری ئەفسەرێکی پلەبەرزتری لە خۆی داوە وسزاکەی گەورە دەبێ؛ ناچارە لەگەڵ کارمێن و قاچاخچییەکاندا بڕوا.

پەردەی سێیەم

شوێن: پەنایەکی دەشتایی بناری شاخێک.

کات: شەو

کارمێن و خۆسێ و قاچاخچییەکان بە بارە قەدەغەکەیانەوە دەردەکەون. کارمێن لە خۆسێ وەڕسبووە و پێیدەڵێ کە باشترە بۆلای دایکی بچێتەوە. فڕاسکیتا و مێرسێدێس کاتی خۆیان بە یاریکردنی بەختخوێندنەوە بە کارت بەسەردەبەن. کارمێنیش لەگەیاندا بەشداردەبێ. کارتەکانی مێرسێدێس و فراسکیتا پێشبینیی بەختیاری و خۆشەویستی و سامان و ژیانی خۆش دەکەن، بەڵام ئەوەی کارمێن و خۆسێ پێشبینیی مردن بۆ هەردووکیان دەکا. کچان دەچنە وێزەی ئەفسەرانی سنوور بۆ لاسدان و سەرقاڵکردنیان. خۆسێ بۆ چاودێریکردن جێدەهێڵرێ.

میکایەلا کە بەدوای خۆسێدا دەگەڕێ؛ لەگەڵ چاوساغێکدا دێ و سوورە لەسەرئەوەی لە کارمێن ڕزگاریبکا. بەڵام لەناکاو دەنگی فیشەکێک بێدەنگییەکە دوولەت دەکا. میکایەلا ڕادەکاتە ناو بەردەڵانێکەوە و خۆیدەشارێتەوە. تەقەکەرەکە خۆسێیە تەقە لە کەسێک دەکا لە تاریکیدا کە نزیکدەبێتەوە. دەردەکەوێ کەسە نادیارەکە ئێسکامیلۆیە. پێکەوە دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن. ئێسکامیلۆ باسی ئەوە دەکا کە بۆلای کچێک هاتووە کە حەزیلێکردووە و ناوی کارمێنە، بەڵام سەربازێک هەیە وازیلێناهێنێ، بێ ئەوەی بزانێ سەربازەکە دۆن خۆسێیە. خۆسێ تووڕە دەبێ و چەقۆی لێدەردەهێنێ و پەلاماریدەدا. ئێسکامیلۆ کە لە خۆسێ بەهێزترە، پارێزگاری لە خۆی دەکا و دەیخاتە ژێر خۆیەوە و دەیبەزێنێ. بەڵام لێیدەگەڕێ و پێیدەڵێ: “کاری من گا کوشتنە، نەک پیاو کوشتن!” هەر لەگەڵ دەستلێهەڵگرتنی؛ دیسان خۆسێ پەلاماریدەداتەوە و ئەمجارە زەفەری پێدەهێنێ و دەیخاتە ژێر خۆیەوە، بەڵام قاچاخچییەکان دەگەڕێنەوە و خۆسێ لە ئێسکامیلۆ دووردەخەنەوە. کە ئێسکامیلۆ دەڕوا، کارمێن و هەموو قاچاخچییەکان بۆ گابازییەکەی داهاتووی خۆی لە شاری سێڤیلیا بانگهێشتدەکا.

ڕیمێندادۆ لە پەنایەکدا میکایەلا دەدۆزێتەوە کە خۆیشاردووەتەوە؛ میکایەلا کە خۆسێ دەبینێ داوایلێدەکا بگەڕێتەوە. خۆسێ ناگەڕێتەوە. کارمێن گاڵتەیپێدەکا. بەڵام پاشتر میکایەلا دەڵێ کە دایکی لە سەرەمەرگدایە. خۆسێ بڕیاردەدا بۆ بینینی دایکی بڕوا و بەڵێندەدا کە دەگەڕێتەوە. لە دوورەوە ئێسکامیلۆ گۆرانی گابازەکە دەبێژێ.

پەردەی چوارەم

شوێن: سەرای بەردەم گۆڕەپانی گابازیگای سێڤیلیا. گۆڕەپانەکە شانۆگایەکی دێرینی ڕۆمانییە.

کات: ڕۆژ؛ ڕۆژی گابازییەکەیە.

ڕۆژی گابازییەکەی ئێسکامیلۆیە، قەرەباڵغییەکی زۆرە. شەقامەکە جمەی دێ. زیونیگا و فڕاسکیتا و مێرسێدێسیش لەوێن و لەناو قەرەباڵغییەکەدا چاوەڕێی هاتنی گابازەکە دەکەن. گابازەکە کە ئێسکامیلۆیە؛ دێت و پێشوازییەکی شاهانەی لێدەکرێ. کارمێنی لەگەڵدایە. خەڵکەکە وردەوردە بۆ شانۆگاکە دەچنە ژوورەوە. ئێسکامیلۆش گۆرانییەکی خۆشەویستی بۆ کارمێن دەڵێ کە دەڵێ “ئەگەر خۆشتبوێم؛ پاشتر دەبینی کە شانازیم پێوەدەکەی” کارمێنیش وەڵامیدەداتەوە و دەڵێ “خۆشمدەوێی؛ بمرم  گەر هەرگیز کەسێکم وەک تۆ خۆشویستبێ” پاشان ئێسکامیلۆ دەچێتە ژوورەوە.

فڕاسکیتا و مێرسێدێس هەردووکیان دێن و کارمێن ئاگاداردەکەنەوە کە خۆسێ لەوێیە و لە قەرەباڵغییەکەدا خۆیشاردووەتەوە. کارمێن دەڵێ پێویست بە ترس ناکا، بیشیبینم قسەی لەگەڵ دەکەم. هەمووان دەچنە ژوورەوە بۆ گۆڕەپانی گابازییەکە. دواهەمین کەس کارمێنە؛ بەڵام خۆسێ کە خۆی بۆ متکردووە؛ دەردەکەوێ. لێێدەپاڕێتەوە کە بگەڕێتەوە بۆلای و ببنەوە بە خۆشەویست و لە جێیەکی تر ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن. بەڵام کارمێن بێباکانە وەڵامیدەداتەوە کە “من چیتر خۆشمناوێی، ئەوە مەحاڵە! بە ئازادی لەدایکبووم و بە ئازادیش دەمرم!”

دەنگی جۆشوخرۆش و چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان لە گۆڕەپانەکەوە بەرزدەبێتەوە، کارمێنیش دەیەوێ بچێتە ژوورەوە؛ بەڵام خۆسێ ڕێیلێدەگرێ و بە تووڕەییەوە پەلاماریدەدا و دیسان داوای لێدەکاتەوە بگەڕێتەوە بۆلای؛ بەڵام کارمێن موستیلەکەی کە کاتی خۆی پێیداوە بۆی فڕێدەداتەوە. لە گۆڕەپانەکەوە ئامادەبووان بۆ شکۆپێدانی گابازەکە گۆرانیی گابازەکە دەڵێنەوە؛ هاوکاتی ئەم گۆرانییە خۆسێ کارمێن دەکوژێ. پاشان بە تەنیشت لاشەکەیەوە بێئومێدانە و خەمبارانە لێیدەکەوێ. کە دواتر خەڵکانی ناو گۆڕەپانەکە دێنە دەرەوە و دیمەنەکە دەبینن؛ خۆسێ یەکسەر دان بە تاوانەکەیدا دەنێ.


[1] جێگری پۆلەوان: لە زمانی خۆمانەییدا پێیدەڵێن (جێگری عەریف). ناوەکە لە فەرهەنگیزاراوە سەربازییەکانی (محەممەد وەسمان)ـەوە هێنراوە.

تێبینی: ئەم پوختەیە پێشتر ڕاپۆرتێک بوو لە کاتی خوێندکاریمدا لە زانکۆی سلێمانی بۆ مەبەستی پڕۆڤەکردن لەسەر نووسینی ڕاپۆرت نووسیومن و پێشکەشی کۆلێژەکەمم کردوون. ئەمساڵ (2020) دەستکارییەکم کردوونەتەوە و چاکمکردوون و بۆ ئێوەی بەڕێزم بڵاوکردووەتەوە. هیوادارم سوودم هەبووبێ.