پوختەیەک لەسەر ژیانی ڕیچارد ڤاگنه‌ر

ڤیلهێلم ڕیچارد ڤاگنه‌ر, ساڵی 1813 له‌ شاری [لایپتزیگ] له‌ ئه‌ڵه‌مانیا له‌دایكبووه‌. شه‌ش مانگ دوای له‌دایكبوونی باوكی ده‌مرێ و پاش ساڵێك دایكی به‌ هاوڕێیه‌كی مێرده‌كه‌ی خۆی شووده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناوی (لودڤیگ گایه‌ر) بووه، ئه‌كته‌ر و شانۆنووس بووە.

ڤاگنه‌ر هه‌ر زوو به‌ بۆنه‌ی لودڤیگه‌وه‌ حه‌زی له‌ شانۆ ده‌بێ و ئه‌ویش جارجار له‌ شانۆكانیدا ڕۆڵی پێده‌به‌خشێ. لە ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵاندا لودڤیگ ده‌مرێ، بەڵام له‌ لایه‌ن برایه‌كی لودڤیگه‌وه‌ پاره‌ی خوێندنی موزیكیی بۆ دابیندەکرێ. له‌ گه‌نجێتییدا به‌ موزیكه‌كانی (بێتهۆڤن) زۆر سه‌رسامده‌بێ، تەنانەت کورتەچیرۆکێکیشی بە ناوی (حەجێک بەرەو بێتهۆڤن) نووسیوە کە تیایدا باس لەوە دەکا گەنجێک (کە دیارە خۆیەتی) بڕیاردەدا لە دواساتەکانی ژیانی بێتهۆڤندا بەپێ بکەوێتەڕێ بۆ بینینی ئەو کەڵەهونەرمەندە.

بە گەنجی وانه‌ی موزیكدانان ده‌خوێنێ. له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵاندا یه‌كه‌م ئۆپێرای ته‌واوكراوی خۆی به‌ ناوی (پەرییەکان – Die feen)ه‌وه ده‌نووسێ كه‌ تا پاش مردنیشی نمایشنه‌كرا. پاشان ده‌كرێ بە‌ به‌ڕێوه‌به‌ری موزیكیی خانه‌ی ئۆپێرای شاری [ماگدیبورگ] كه‌ له‌م كاتانه‌دا ئۆپێرای (قه‌ده‌غه‌كردنی ئەوین – Das Liebesverbot) ده‌نووسێ. له‌ ساڵی 1836دا ئه‌كته‌رێك بە ناوی (مینا پلانه‌ر)ده‌خوازێ.

پاشان ئۆپێراکانی (هۆڵه‌ندییه‌ فڕیوه‌كه‌ – Der fliegende Holländer)، (ڕه‌ینتزی – Rienzi)، (تانهاوزه‌ر – Tannhäuser) دەنووسێ. به‌ بۆنه‌ی چالاكیی ڕامیارییه‌وه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی ده‌رده‌كرێ. ناچار خۆی ده‌ربازده‌كا و ده‌چێته‌ شاری [پاریس]. پاشتر ئۆپێراکانی (لۆهەنگرین – Lohengrin ) و (تریستان و ئیزۆلده‌ – Tristan und Isolde) و (گه‌وره‌ گۆرانیبێژانی نورنبێرگ – Die Meistersinger von Nürnberg) ده‌نووسێ. دواتر (پاشا لودڤیگی دووه‌می باڤاریا) له‌ شاری [میونیش] سایەداریی و هاوكاریی ده‌كا، به‌ڵام دوای دوو ساڵ پاشا ناچاردەکرێ داوایلێبکا میونیش ‌جێبهێڵێ.

لەگەڵ موزیکدانەر و پیانۆژەنی مەزنی هەنگاری (فڕانز لیست) دەبنە هاوڕێ و له‌ ساڵی 1862دا له‌ ژنه‌كه‌ی جیاده‌بێته‌وه و (کۆزیما‌)ی کچی فڕانز لیست دەخوازێ کە بیست و چوار ساڵ لە خۆی مناڵتر بووە. (کۆزیما) پێشتر ژنی مایسترۆی بەناوبانگی ئەڵەمانی (هانس ڤان بیولۆ) بوو. دوو کچ و کوڕێکیان بە ناوەکانی (ئیزۆلدە، ئێڤا، زیگفرید) دەبێ.

له‌ ساڵی 1874دا زنجیره‌ئۆپێرای (موستیله‌كه‌ی نیبێلونگه‌كان) ته‌واوده‌كا. پاشان دواهه‌مین ئۆپێرای به‌ ناوی (پارسیفال – Parsifal) ده‌نووسێ و له‌ ساڵی 1883دا دەمرێ.

تێبینی: ئەم پوختەیە و چەند پوختەیەکی تر لەسەر زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان کە لەم ماڵپەڕەدا بە جیاجیا بلاومکردوونەتەوە هەموو پێکەوە ڕاپۆرتێک بوون لە کاتی خوێندکاریمدا لە زانکۆی سلێمانی بۆ مەبەستی پڕۆڤەکردن لەسەر نووسینی ڕاپۆرت نووسیومن و پێشکەشی کۆلێژەکەمم کردوون.