پاڤان

پاڤان

پاڤان - شێوەکار: ئێدوین ئۆستن ئابەی

پاڤان – شێوەکار: ئێدوین ئۆستن ئابەی

پاڤان: پارچەموزیکێکە لە ساڵی 1887دا لە لایەن موزیکدانەری فەڕەنسی (گابرێل فۆرێ)وە دانراوە. موزیکەکە بۆ ئۆرکێسرایە و دەکرێ بەپێی ویست کۆرسیش تیایدا بەشدار ببێ. یەکەم جار لە پاریس لە ساڵی 1888دا نمایشکراوە[1].

پاڤان، یان پاڤانا، یان پاڤین: سەمایەکە بنەچەیەکی ئیتاڵیی هەیە. لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا باو بووە. ناوەکەشی کە هەندێ جار بە (پادۆڤانا) دەردەکەوێ؛ وا گریمانەکراوە کە بنەچەکەی لە شاری (پادۆڤا)ی ئیتاڵییەوە سەرچاوەیگرتبێ. ڕەزمێکی سادەی دووانینەی هەیە؛ (دوو چوار یان چوار چوار) و شێوازێکی سەنگین و شکۆمەندانەی هەیە. پاڤان لە ناوەڕاستی سەدەی شانزەدا لە ئیتاڵیا ڕێی بۆ سەرهەڵدانی سەمای (پاسامێتزۆ) خۆشکردووە. لە لایەن موزیکدانەرە ئینگلیزەکانی وەک (ولیەم بێرد) و (جۆن داوڵاند) و (جۆن بوڵ) و (پیتەر فیلیپس)ـەوە نوێگەری و بووژاندنەوەیەکی پێبەخشرا. بە شێوەیەکی باو لەگەڵ سەمای (گاڵیارد)دا دەلکێنرا و لەیەکدانەکەشیان بوو بە بنەچەی سەرهەڵدانی شێوازی (سویت). هەندێ لە موزیکدانەرانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم هەندێ موزیکیان داناوە کە ناوی (پاڤان)یان لێناوە[2]. بۆ نموونە (گابرێل فۆرێ) بەرهەمی ژمارە 50 کە جێی باسەکەمانە.

هەروەها (پاڤان بۆ کچۆڵەیەکی مردوو)ی (مۆریس ڕاڤێل).

ساڵی 2008 کە بۆ یەکەم جار ئەم موزیکەم بیست، زۆرم حەزکرد بە پیانۆ دەستمبکەوێ و بیژەنم. گەڕام و هیچ نۆتەیەکی پیانۆم نەدۆزییەوە، ناچار بە ئەزموونێکی کەمی موزیکەوە خۆم دەستمکرد بە کۆکردنەوەی موزیکی ئۆرکێستراکە بۆ پیانۆیەکی تاکژەن. ئەوکات ئینتەرنێت وەک ئێستا دەوڵەمەند نەبوو. هەر ماوەیەک دوای ئەوەی موزیکەکەم بۆ پیانۆی تاکژەن کۆکردەوە بینیم چەند کەسێکی تریش موزیکەکەیان بۆ پیانۆ کۆکردووەتەوە.

ئەوکات نۆتە کۆکراوەکەی خۆمم لە ماڵپەڕی (imslp.org)دا بە موڵکی گشتی بڵاوکردەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی 2012 پیانۆژەن (سلڤییە ڤیدۆڤیچ) ئەم کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەیەی منی بە شێوەیەکی زۆر دانسقە ژەندووە و لە کەناڵی خۆی لە یوتیوب بڵاویکردەوە.

ساڵی 2018 دیسان بە کارە کۆنەکانمدا گەڕامەوە تا هەموویان ڕێکبخەمەوە و لە پەڕەوازەیی ڕزگاریانبکەم. سەرنجمدا ئەو نۆتە کۆنەی پاڤان کۆمەڵێ کێشەی تێدایە کە دەکرێ چاکبکرێ. بۆیە وامکرد و دیسان چاکمکردەوە و ئەم نۆتەیەشم هەر وەکو ئەوەی پێشوو کردووە بە موڵکی گشتی. دەتوانی لێرە کلیک بکەی گەر ویستت نۆتەکە بە پی دی ئێف ببینی. نۆتە کۆنەکەش لە ماڵپەڕی ناوبراودا  دەدۆزیتەوە لە لیستی کارەکانی گابرێل فۆرێدا، یان لێرەدا کلیک بکە.

—-

[1] فەرهەنگی ئۆکسفۆردی موزیک. مایکڵ کینێدی و جۆیس بورن کینێدی. چاپی شەشەم. لاپەڕە 640

[2] هەمان سەرچاوەی پێشوو.