نەستژەنی

نەستژەنی

وشەی”نەستژەنی” خۆم دامڕشتووە، لە (نەست) و (ژەن) و پاشگری (ی) پێکدێن. نەستژەنی موزیکێکە کە ڕاستەوخۆ لەو چرکەیەدا لە نەستی ژەنیارەکەوە بژەنرێ. بەرامبەر (improvisation)ی ئینگلیزی و (اِرتجال)ی عەرەبییە. ئەگەرچی ڕەنگە پێشتر وشەی خۆژەنی و زۆر وشەی تریش لە لایەن موزیککارەکانەوە بەکارهێنرابێ، بەڵام من ئەم وشەیە دەدەم بەم جۆرە کارانەم و پێموایە دەقاودەق پێناسەی موزیکەکەم دەکا. چونکە دەمەوێ ناوی جۆرە ژەندنەکەش هەر تایبەت بێ بەو ژەندنەی خۆم. بۆیە موزیکژەنانی تر ئازادن چ وشەیەکی تر بەکاردەهێنن، بەڵام (نەستژەنی) بەو پێناسەیەی سەرەوە هیی منە و هەموو کەسێکی تریش ئازادە چۆنی دەوێ بەکاریبهێنی.

نەستژەنیی من خوو و نەریتێکی تایبەتییمە کە باوەڕناکەم بتوانرێ لێم جیابکرێتەوە. خودی بیرۆکەکە هەر لە سەرەتای مناڵییمەوە هەیە. چونکە لەوەتەی هەم بیرکردنەوەم هاوشان لەگەڵ بیرکردنەوە بە زمانی ئاخاوتن و وێنە، بەشێکی گەورەی مێشکم بە موزیک و دەنگ بیردەکاتەوە. بەردەوام لە مێشکی مندا شەپۆلی موزیکی پارچەپارچە هەن، هەندێجار درێژ، هەندێجار کورت، هەندێجاریش وەستانیان بۆ نییە.

جارجار هەندێ موزیکی تر بە خەیاڵمدا دێن کە هەمیشە داوای پەرەپێدانی زیاترم لێدەکەن و داواملێدەکەن بیاننووسمەوە و زیاتر پێوەیان خەریکببم. بەڵام ئەم جۆرەیان تەنها داوادەکا وا بە شێواوی دەرببڕرێ. ڕەنگە لە دواتردا شتیان لێوە وەربگرم و لە کاری موزیکیی ترمدا زیاتر پەرەیانپێبدەم. هیچ یاسایەکی تر بۆ نەستژەنی نییە. ڕەنگە کاریگەریی موزیکێکی تر یان گۆرانییەکی تر لەو ڕۆژەدا نەستژەنییەکەم ئاراستە بکەن، بۆیە لەوانەیە جاروبار موزیکێکی تر خۆی لە ژەندندەکەمدا بتوێنێتەوە. ئەوەی لەسەرمە ئەوەیە ڕێگری لە هیچ وروژمێکی ژەندنەکەم نەکەم و بەر بۆ نەستم ئاوەڵابکەم. هەرگیزیش هەوڵنادەم هیچ نەستژەنییەکم بنووسمەوە، چونکە بە بڕوای من جادووەکە تەنها تایبەتە بەو چرکەیە و نووسینەوەش زۆری پێدەچێ. بەڵام بێگومان ناهێڵم نەستژەنی ڕێگە لەو کارانەی ترم بگرێ کە دەبێ بنوسرێنەوە.

هەر لە سەرەتای دەستکردنم بە موزیک لە ساڵی 2006ـەوە، بەردەوام و دەتوانم بڵێم هەموو ڕۆژێک نەستژەنیم کردووە و زۆربەی هەرەزۆریشیان تەنها بۆ خۆم بووە. هەندێجار کە میوانێکم هاتووە نەستژەنیم بۆکردووە، بەڵام زۆر دەگمەنن ئەو جۆرە میوانانەم و ڕاستییەکەشی ئەوەیە لام خۆشترە کە بە ویستی کەسی ترەوە نەبەسترێمەوە. من چێژێکی زۆر لە نەستژەنی دەبینم، لەوانەشە فۆڕمێکی مێدیتەیشنی خۆم بێ یان کەناڵێکی تری دەربڕینم بێ، لە بواری موزیکیشدا ئەوەندەی نەستژەنیم کردووە ئەوەندە هیچ شتێکی ترم نەکردووە! بەڵام ماوەیەکە ئەو فەنتازیایە لە خەیاڵمدایە کە هەموو ڕۆژێک هەرچەند نەستژەنیم کرد؛ موزیکەکە تۆماربکەم و لەگەڵ ئێوەدا بەشیبکەم و بڵاویبکەمەوە. لەم جۆرە موزیکەدا دەشێ هەموو شتێک ڕووبدا، هیچ یاسایەکی دیاریکراو نییە جگەلەوەی دەستم دەربڕی نەستمە و تەواو.

سوپاسگوزارم کە لە سەردەمێکدا دەژیم دەتوانم ئەم موزیکانە تۆماربکەم و لە دوورەوە ئەم جادووەی بیرکردنەوەمتان لەگەڵدا بەشبکەم.

لەوانەیە لەمەودوا زووزوو ڤیدیۆیەکی نەستژەنی لە یوتیوبەکەم بڵاوبکەمەوە. سەبارەت بە ناونانی ئەم زنجیرە ژەندنانەش، ئەو ڕۆژە خەریکی هەر شتێک بووم و هەر وشەیەک یان شتێکی تر سەرنجمڕابکێشێ؛ موزیکەکە بەو ناوەوە ناودەنێم و ژمارەشیان بۆ دادەنێم. تەنانەت لەمەودوا بە ئینگلیزیش هەر هەمان ناوی کوردی بۆ ئەم موزیکانە دادەنێم بە ڕێنووسی لاتینیی کوردی جگە لە (ی)ی کۆتایی کە لە ڕێنووسی ئینگلیزیدا (î) نییە (Nestjeni).

سوپاس بۆ خوێندنەوەت.