من و گوستاڤ ماهلەر

من و گوستاڤ ماهلەر

ساڵی 2009 خاڵۆزاکەم ئایپۆدێکی بچکۆلانەی چوار گێگابایتی لە وڵاتی چینەوە بۆ ناردم. ماڵپەڕێکی ڕووسیشم دۆزیبووەوە  کە لە موزیکی کلاسیک پڕ بوو. زۆرێک لەو موزیکە کلاسیکییانەم بێسەرەوبەرەییانە داونلۆد کرد. هەموو فایلەکان بە ڕووسییەکی تێکشکاو نووسرابوون و نەدەخوێنرانەوە. ئەوەندەی ئایپۆدەکەم گرتنی هەندێکم بە هەڕەمەکی تێکرد.

بەردەوام گوێم لێدەگرتن. زۆر تامەزرۆی یەکێک لە موزیکەکان بووم. بەڵام بەداخەوە نەمدەزانی ناوی چییە و کێ دایناوە.

ساڵ هات و ڕۆیشت. بە بۆنەی لێکۆڵینەوەم لە بەئۆرکێستراکردندا، لێکۆڵینەوەم لە گوستاڤ ماهلەردا دەکرد. چونکە ماهلەر یەکێکە لە باشترین بەئۆرکێستراکەرەکانی مێژووی موزیک. بۆم دەرکەوت کە ئەو موزیکەی خولیایەکی تایبەتم بۆی هەبوو؛ جووڵەی دووەمی سیمفۆنیی دووەمی ماهلەر بوو. هەموو ئەو موزیکانەشی کە لە ئایپۆدەکەمدا بوون و وەکو ناوی خۆم هەموویانم لەبەرکردبوو؛ سیمفۆنییەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەمی ماهلەر بوون.

من بەوپەڕی تێگەیشتنمەوە، بەوپەڕی باوەڕمەوە، لەم تەمەنەی ئێستامدا؛ پێموایە دنیا تەنهاوتەنها لەبەر ئەوە دروستکراوە کە گوستاڤ ماهلەر سیمفۆنییەکانی خۆی بنووسێتەوە و منیش گوێیان لێبگرم و چێژیان لێببینم.

ساڵێک زیاترە کە هیچ ڕۆژێکم بێ سیمفۆنییەکی ماهلەر تێنەپەڕاندووە. پێشموایە ئەوپەڕی چێژی هونەری لە سیمفۆنییەکانی ماهلەردا هەن.

من بۆ تاتایە سوپاسی ئەو ڕێکەوتە جوانە دەکەم. سوپاسی خاڵۆزاکەشم دەکەم کە ئەو ئایپۆدەی بۆ من نارد کە بووە هۆی ئەوەی ئەم هەموو چێژە لە موزیک ببینم