زێڕەکەی ڕاین

ئۆپێرای یەکەمە لە زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکانی ڕیچارد ڤاگنەر. ڤاگنەر ئەم ئۆپێرایەی بە پەردە نەنووسیوە، بەڵکو تەنها چوار دیمەنە. هەر لەبەرئەمەشە کە هەندێ توێژەران دەڵێن زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان لە ڕاستیدا سێ ئۆپێرای سەرەکی و پێشباسێکە، پێشباسەکە زێڕەکەی ڕاینە. بە بڕوای من هیچ جیاوازییەک نییە؛ ئەو ناونانەش گرنگ نییە. دەشێ ئۆپێرایەک پێشباس بێ بۆ ئۆپێرایەکی تر. ئەگەر ڤاڵکیرییەکە پێشباسی زیگفرید بێ، ئیتر بۆچی زێڕەکەی ڕاین پێشباسی ڤاڵکیرییەکە نەبێ؟ پاشان لە ڕووی فۆڕم و موزیکەوە هیچ جیاواز نییە لەوانی تر، ئەوەنەبێ کەمێک لەوانی تر کورتترە. ئەم ئۆپێرایە نزیکەی 170 خولەکە، ڤاڵکیرییەکە نزیکەی 245 خولەکە، زیگفرید نزیکەی 250 خولەکە، بوولێڵی خواکان نزیکەی 280 خولەکە. تەنها لەبەر کورتیی ماوە (کە لەچاو زۆربەی ئۆپێراکانی تردا هێشتا هەر درێژ و بگرە لە زۆر ئۆپێرا درێژتریشە.

دیمه‌نی یه‌كه‌م

به‌یانییه‌كی تاریکوڕوونە، له‌ دامێنێكی ڕوباری ڕایندا هه‌ر سێ كچانی ڕاین: (ڤوگلینده‌) و (ڤێلگونده‌) و (فلۆسهیلده‌) خه‌ریكی ڕابواردن و كاتبه‌سه‌ربردنن. بیریانچووەته‌وه‌ کە ده‌بێ پارێزگاری له‌ پارچه‌ زێڕێك بكه‌ن. (ڤوگلینده‌) گۆرانی دەبێژێ. (ئالبه‌ریش) ده‌رده‌كه‌وێ کە پیاوێکی قەزەمە و هه‌وڵده‌دا به‌ قسه‌ی خۆش بیانخاتە جۆشوخرۆش؛ به‌ڵام ئه‌وان گاڵته‌یپێده‌كه‌ن و پێیده‌ڵێن “زۆر ناشرینی” و ئه‌ویش تووڕه‌ده‌بێ. کە خۆرهه‌ڵدێ، كچه‌كان ده‌ستده‌كه‌ن به‌ ستایشکردنی زێڕه‌كه‌یان كه‌ له‌سه‌ر به‌ردێكی نزیكه‌ لێیانه‌وه‌، (ئالبه‌ریش) سۆراخی زێڕەکە دەکا، ئه‌وانیش بۆی باسدەکەن كه‌ باوكیان ڕایسپاردوون ئاگاداریبن، چونكه‌ ئه‌و زێڕه‌ ده‌شێ موستیله‌یه‌كی جادوویی لێدروستبكرێ كه‌ واده‌كا ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیده‌كا ببێته‌ فه‌رمانڕه‌وای هه‌موو زه‌وی، به‌ڵام به‌و مەرجەی به‌ ئاشكرا نه‌فره‌ت له‌ ئەوین بكات. كچانی ڕاین هیچ ترس و گومانێكیان له‌م قه‌زه‌مه‌ نییه‌ و لای ئه‌وان وایه‌ ئه‌و ته‌نها بۆ ئاڵۆشبازی له‌مان نزیكبووەته‌وه‌. به‌ڵام (ئالبه‌ریش) له‌ ڕقی گاڵته‌پێكردنه‌كه‌ی ئه‌وان؛ به‌ ئاشكرا نه‌فره‌ت له‌ ئەوین ده‌كا و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ زێڕه‌كه‌ و ده‌یدزێ و به‌په‌له‌ ڕاده‌كا و دیارنامێنێ.

دیمه‌نی دووه‌م

(ڤۆتان) كه‌ پاشای خواكانه‌، له‌گه‌ڵ (فریكا)ی ژنیدا له‌سه‌ر لوتكه‌ی شاخێك نوستوون. (فریكا) بێداردەبێتەوە و قه‌ڵا نایابه‌كه‌یان ده‌بینێ. (ڤۆتان) هه‌ڵده‌ستێنێ و قه‌ڵا نوێكه‌ی خۆیانی پیشانده‌دا. ئه‌م قه‌ڵایه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ردوو برا زه‌به‌لاحه‌كه‌وه‌ كه‌ (فافنه‌ر) و (فازۆلت)ن دروستكراوه‌. (ڤۆتان)یش له‌ بری ئه‌و هه‌وڵه‌یان به‌ڵێنیپێداون كه‌ ژنخوشکەکەی خۆییان پێببه‌خشێ كه‌ (فره‌یا)یه‌. (فریكا) له‌م بڕیاره‌ دڵخۆش نییە؛ به‌ڵام (ڤۆتان) به‌ متمانه‌وه‌ ده‌ڵێ: “پێویست ناكا (فره‌یا) به‌وان بده‌ین، چونكه‌ من (لۆگه‌)ی هاوڕێمم ڕاسپاردووه‌ هه‌موو جیهان بگه‌ڕێ بۆئه‌وه‌ی شتێكی تر بدۆزینه‌وه‌ و له‌ بری (فره‌یا) پێیانبده‌ین”.

(فره‌یا) به‌ هه‌ڵه‌داوان خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ (ڤۆتان) و (فریكا) كه‌ (فافنه‌ر) و (فازۆلت) به‌دوایه‌وه‌ن. (فازۆلت) داوا له‌ (ڤۆتان) دەکا پاداشته‌كه‌یان بداته‌وه‌ له‌ بری کارەکەیان کە ته‌واویانكردووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ گرێبه‌ستێكه‌ و نابێ بشكێنرێ. له‌م كاته‌دا (دۆنه‌ر) خوای هه‌وره‌تریشقه‌ و و (فرۆهـ) خوای به‌هار و دڵخۆشی بۆ به‌رگریكردن له‌ (فره‌یا)ی خوشكیان ده‌گه‌نه‌ لایان. به‌ڵام (ڤۆتان) كه‌ پاشایانە؛ ده‌یانوه‌ستێنێ. چونكه‌ ئه‌و وه‌ك پاشای خواكان ڕه‌فتاردەکا و وا پیشانده‌دا كه‌ باوەڕی به‌ شه‌ڕ و فشار نییه‌. (ڤۆتان) چاوه‌ڕێدەکا (لۆگه‌) بگاته‌ لایان، بۆیە به‌رده‌وام باسه‌كه‌ دواده‌خا.

پاش كه‌مێك (لۆگه‌) ده‌رده‌كه‌وێ، پێیانده‌ڵێ: “پیاو ناتوانێ خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی به‌ هیچ شتێكی جیهان بگۆڕێته‌وه‌، به‌ڵام من شتێكم دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ دوو برا زه‌به‌لاحه‌كه‌ له‌ بری (فره‌یا) پێی ڕازیببن: (ئالبه‌ریش)ی قه‌زه‌م نه‌فره‌تی له‌ خۆشه‌ویستی كردووه‌ و زێڕه‌كه‌ی ڕاینی دزیوه‌ و موستیله‌یه‌كی هێزبه‌خش و جادوویی لێدروستكردووه‌”. ده‌مه‌ته‌قێیه‌كی زۆر دروستده‌بێ و هه‌ریه‌كە ده‌یه‌وێ پاساوێك بدۆزێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی موستیله‌كه‌ بۆ خۆی بێ. (فافنه‌ر) پێشنیازدەکا كه‌ ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری (فره‌یا) ده‌بن ئه‌گه‌ر موستیله‌كه‌یان بدرێتێ. پاشان دوو برا زه‌به‌لاحه‌كه‌ ده‌ڕۆن و (فره‌یا)ش وه‌ك بارمته‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا به‌ زۆره‌ملێیی ده‌به‌ن.

(فره‌یا) سێوێكی زێڕینی پێیه‌ كه‌ خواكانی بۆ هه‌میشه‌یی گه‌نج ڕاگرتووه‌، به‌ڵام كه‌ دوو برا زه‌به‌لاحه‌كه‌ ده‌یبه‌ن و له‌وان دوورده‌كه‌وێته‌وه‌؛ ئه‌وان ورده‌ورده‌ پیرده‌بن و هێزیان كه‌مترده‌بێته‌وه‌. (ڤۆتان)یش چاری نامێنێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی (فره‌یا) بڕیارده‌دا له‌گه‌ڵ (لۆگه‌)دا بۆ په‌یداكردنی موستیله‌كه ‌بۆ سه‌ر زه‌وی داببەزن.

دیمه‌نی سێیه‌م

(ئالبه‌ریش) له‌ [نیبێلهایم]، به‌و هێزه‌ی موستیله‌كه‌ پێیبه‌خشیوه‌ هه‌موو نیبێلونگه‌ قه‌زه‌مه‌كانی تری كردووه‌ به‌ کۆیلەی خۆی و ده‌یپه‌رستن. به‌زۆر وای له‌ (میمێ)ی برای خۆی كردووه‌ كه‌ کڵاوزرێیەکی جادوویی بۆ دروستبكا. (میمێ) ئاسنگه‌رێكی لێهاتوو و شاره‌زایه‌. به‌و کڵاوزرێیە؛ بۆ سزادانی شوێنكه‌وتووەکانی ده‌توانێ خۆی ونبكا. ئه‌م کڵاوزرێیه‌ دەشتوانێ له‌ شێوه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ شێوه‌یه‌كی تر یان له‌ فۆڕمی مرۆڤه‌وه‌ بۆ فۆرمی هه‌ر گیاندارێكی تر خۆی بییه‌وێ بیگۆڕێ.

(ڤۆتان) و (لۆگه‌) ده‌گه‌نه‌ سه‌ر زه‌وی و (میمێ) ده‌بینن. (میمێ) پێیانده‌ڵێ كه‌ “(ئالبه‌ریش) موستیله‌كه‌ی دروستكردووه‌ و هه‌موو قه‌زه‌مه‌كانی خستووەته‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی خۆیه‌وه‌”. (ئالبه‌ریش) بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زێڕێکی زۆر له‌گه‌ڵ کۆیلەكانیدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. كه‌ ته‌واوده‌بن، ئه‌وان به‌ره‌ڵڵا دەکا و سه‌رنجی ده‌چێته‌ سه‌ر دوو میوانه‌كه‌. به‌ شانازییه‌وه‌ باسی پلانه‌كانی خۆییان بۆ دەکا له‌ باره‌ی ژێرده‌سته‌كردنی هه‌موو جیهانه‌وه‌. هه‌روه‌ها باسی جادووی کڵاوزرێكه‌شیان بۆ دەکا، پێیانده‌ڵێ ” به‌م کڵاوزرێیه‌وه ده‌توانم خۆم بكه‌م به‌ ئەژدیها”، (لۆگه‌) وا خۆیده‌رده‌خا كه‌ بڕوایپێناكا، پێیده‌ڵێ: “ئه‌ی باشه‌ ناتوانی خۆت بكه‌ی به‌ ئاژه‌ڵێكی زۆر پچوك؟ بۆ نموونه‌ خۆت بكه‌ به‌ بۆقێك”، ئه‌ویش کڵاوزرێكه‌ له‌سه‌ردەکا و خۆی دەکا به‌ بۆق، ئه‌وانیش خێرا ده‌یگرن و ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بۆ ئاسمانی به‌رزیده‌كه‌نه‌وه‌.

دیمه‌نی چواره‌م

له‌سه‌ر لوتكه‌ی چیایه‌ك، (ڤۆتان) و (لۆگه‌) به‌ زۆر وا له‌ (ئالبه‌ریش) ده‌كه‌ن كه‌ هه‌رچی سامانی هه‌یه‌ بیانداتێ بۆئه‌وه‌ی ئازادیبكه‌ن. ده‌ستی ڕاستی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش موستیله‌كه‌ به‌كارده‌هێنێ بۆ بانگكردنی کۆیلەكانی و هێنانی قاسه‌ی هه‌موو زێڕه‌كانی، پاش به‌خشینی زێڕه‌كانی داوای کڵاوزرێكه‌یان لێدەکاته‌وه‌، به‌ڵام (لۆگه‌) ده‌ڵێ كه‌ “ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ سامانەکەت”. ئینجا (ڤۆتان) داوادەکا موستیله‌كه‌شی بداتێ، به‌ڵام (ئالبه‌ریش) نایدا، به‌ڵام (ڤۆتان) به‌زۆر لێیده‌ستێنێ و ده‌یخاته‌ په‌نجه‌ی خۆیه‌وه‌. (ئالبه‌ریش)یش له‌ به‌رامبه‌ریاندا بێده‌ره‌تان ده‌بێ و نه‌فره‌تێك ده‌خاته‌ پاڵ موستیله‌كه‌ تا ئه‌و كاته‌ی موستیله‌كه‌ بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌. نه‌فره‌ته‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ دەکا: “هه‌ركه‌سێك خاوه‌نی ئه‌و موستیله‌یه‌ نییه‌: حه‌زیلێبكا و هه‌ركه‌سێكیش ده‌بێته‌ خاوه‌نی: هه‌میشه‌ له‌ دوودڵی و دڵه‌ڕاوكێدا بژی و له‌ كۆتاییشدا له‌ لایه‌ن خاوه‌نه‌ داهاتووه‌كه‌یه‌وه‌ بكوژرێ”.

خواكان دووباره‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و (فافنه‌ر) و (فازۆلت)یش دێنه‌وه‌ و (فره‌یا)یان له‌گه‌ڵدایه‌، هێشتا دوودڵن له‌ ئازادكردنی. (فازۆلت) دووپاتیدەکاتەوە كه‌ ده‌بێ ئه‌و زێڕه‌ی پێیانده‌به‌خشرێ ده‌بێ پڕ به‌ باڵای (فره‌یا) بێ و دایبپۆشێ. زۆر له‌ (ڤۆتان) ده‌كرێ كه‌ واز له‌ کڵاوزرێكه‌ بهێنێ. هه‌رچه‌نده‌ (فازۆلت) كونێكی پچكۆله‌ی له‌ زێڕه‌ كۆكراوه‌كه‌دا هێشتۆته‌وه‌ و داوا له‌ (ڤۆتان) دەکا كه‌ ئه‌و كونه‌ به‌ موستیله‌كه‌ پڕبكاته‌وه‌. (لۆگه‌) هه‌مویان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ موستیله‌كه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ كچانی ڕاین. به‌ڵام (ڤۆتان) به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌ڵێ كه‌ موستیله‌كه‌ هیی خۆیه‌تی. ئه‌مجاره‌ دوو برا زه‌به‌لاحه‌كه‌ (فره‌یا) ده‌گرن و ده‌یانه‌وێ بڕۆن به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بۆ تاتایە نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

له‌ناكاو (ئێردا) كه‌ خواوه‌ندی دانایی و زه‌وییه‌ و له‌ (ڤۆتان) به‌ته‌مه‌نتره‌، له‌ ژێر زه‌وییه‌كه‌وه‌ په‌یداده‌بێ. (ڤۆتان) له‌ مردنێكی زۆر نزیك ئاگاداردەکاته‌وه‌. زۆریلێدەکا كه‌ موستیله‌ نەفرەتلێکراوەکە له‌ خۆی دووربخاته‌وه‌. (ڤۆتان) ده‌گاته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی موستیله‌كه‌ ببه‌خشێته‌ برا زه‌به‌لاحه‌كان؛ بانگیاندەکاته‌وه‌ و موستیله‌كه‌یان ده‌داتێ، ئه‌وانیش (فره‌یا) ئازادده‌كه‌ن و ده‌ستده‌كه‌ن به‌ دابه‌شكردنی سامانه‌كانیان. به‌ڵام له‌سه‌ر موستیله‌كه‌ قڕه‌قڕ ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌، (فافنه‌ر) (فازۆلت) دەکوژێ. (ڤۆتان) له‌ نه‌فره‌ته‌ به‌هێزه‌کەی (ئالبه‌ریش) به‌ ته‌واوی ده‌شڵه‌ژێ و واقوڕماو دەبێ. (لۆگه‌) ده‌ڵێ كه‌ “(ڤۆتان) زۆر به‌خته‌وه‌ره‌ كه‌ دوژمنه‌كانی یه‌كتر ده‌كوژن له‌سه‌ر ئه‌و زێڕه‌ی پێیانیبه‌خشیوه‌”.

له‌ كۆتاییدا خواكان خۆیان ئاماده‌ده‌كه‌ن بۆ چوونه‌ناو قه‌ڵا تازه‌كه‌یانه‌وه‌. (دۆنه‌ر) فه‌رمانده‌دا هه‌وره‌تریشقه‌ هه‌وا پاكبكاته‌وه‌، كه‌ هه‌وره‌تریشقه‌كان ته‌واوده‌بن (فرۆهـ) فه‌رمانده‌دا پردێكی په‌لكهڕەنگینە‌یی بێت تا بۆ قه‌ڵا تازه‌كه‌یان به‌سه‌ریدا بپه‌ڕنه‌وه‌. (ڤۆتان) پێشیانده‌كه‌وێ و قه‌ڵاكه‌ ناوده‌نێ [ڤالهالا]. (فریكا) لێیده‌پرسێ ئه‌و ناوه‌ واتای چییه‌؟ ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ “واتاكه‌ی ئه‌وكاته‌ ئاشكراده‌بێ كه‌ پلانه‌كانم سه‌رده‌گرن”.

(لۆگه‌) كه‌ ده‌زانێ كۆتایی خواكان نزیكبووەته‌وه‌؛ بۆ (ڤالهالا)دوایانناكه‌وێ، له‌وكاته‌دا بە ئامادەبووان ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه‌ نیازی وایه‌ ده‌سه‌ڵاتی خواكان له‌ناوببا.

دوور له‌مانیش كچانی ڕاین به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نن كه‌ “گه‌وره‌یی خواكان ته‌نها خه‌ون و خه‌یاڵه‌!”.