په‌رده‌ی یه‌كه‌م
(میمێ) له ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی خۆیدایه كه له نزیكی دارستانه‌كه‌ی نیبێلونگهكانه. خه‌ریكی دروستكردنی شمشێرێكه. ساڵانێكیشە (زیگفرید) په‌روه‌رده و بهخێودهكا، به‌ڵام مه‌به‌ستی ئه‌و له‌م بهخێوكردنە ئه‌وه‌یه كه پاڵه‌وانێكی لێده‌ربچێ و (فافنه‌ر) بكوژێ و به‌م شێوەیە بتوانێ خۆی موستیله‌كه داگیربکا. (زیگفرید) بۆ ئەم شەڕە نەخشەبۆداڕێژراوە پێویستی به شمشێرێكی بەهێز هه‌یه. بۆیه (میمێ) به‌رده‌وام خه‌ریكی شمشێر دروستكردنه، به‌ڵام تا ئێستا هەر شمشێرێكی بۆ دروستكردبێ؛ ئه‌و شكاندوویه‌تی و بەرگەی هێزی ئەوی نەگرتووە.
(زیگفرید) له پیاسە ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌واڵی شمشێره نوێكه‌ی ده‌پرسێ، (میمێ)ش ده‌یداتێ و ئه‌ویش یه‌كسه‌ر ده‌یشكێنێ و لێی تووڕه ده‌بێ. هه‌رچه‌نده (زیگفرید) هه‌میشه ده‌یه‌وێ له (میمێ) دووربكه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره بڕیارده‌دا تا نه‌زانێ دایكوباوكی كێن جێینەهێڵێ، بۆیه پرسیار له‌باره‌ی خێزانه‌كه‌یه‌وه ده‌كا. وێڕای ئه‌وه‌ی (میمێ) درۆی زۆری بۆ ده‌كا، به‌ڵام له پاشدا ناچاریدهكا ڕاستییه‌كه‌ی پێبڵێ و باسی (زیگلینده)ی دایكی بۆ بكا كه له كاتی له‌دایكبوونی (زیگفرید)دا ده‌مرێ و شمشێره شكاوهكهشی پیشانده‌دا كه كاتی خۆی هیی باوكی بووه. (زیگفرید) فهرمانیپێدهدا ئەو شمشێره شکاوەی باوکی بۆ چاكبكاته‌وه تا شهڕیپێبكا و جێیده‌هێڵێ.
(میمێ) شمشێره‌كه‌ی پێ چاكناكرێته‌وه، له‌م كاته‌دا پیاوێكی پیر، كه له ڕاستیدا (ڤۆتان)هو خۆی گۆڕیوە، دێته لای (میمێ) و وا خۆیدهناسێنێ كه ئه‌و ته‌نها ڕێبوارێکە. ڕێبوارە پیرەکە گره‌وێك له‌گه‌ڵ (میمێ)دا ده‌كا له‌سه‌ر سه‌ری خۆی كه (میمێ) ده‌توانێ سێ پرسیاری لێ‌بكا و ئه‌ویش به ڕاستی وه‌ڵامیان بداته‌وه، (میمێ)ش بۆئه‌وه‌ی لێی ڕزگارببێ؛ گره‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كا. پرسیاری یەکەم ئەوەیە کە: “ئه‌و سێ توخمەی له نێوان زه‌وی و ئاسماندا ده‌ژین كێن؟”، ڕێبوارەکە وه‌ڵامیده‌داته‌وه كه “نیبێلونگهكان و زه‌به‌لاحه‌كان و خواكانن”. كه به ڕاستی وه‌ڵامیده‌داته‌وه؛ (میمێ) داوایلێده‌كا كه به ڕێی خۆیه‌وه بڕوا، به‌ڵام ئه‌و زۆریلێدهكا كه ده‌بێ ئه‌ویش هه‌مان گره‌و له‌گه‌ڵیدا بكا، پرسیاره‌كانی ئه‌مانه‌ن: “ئه‌و خێزانه كێیه كه لای (ڤۆتان) زۆر خۆشه‌ویسته و كه‌چی زۆر به چه‌رمه‌سه‌ری ده‌ژی؟” و “ئه‌و شمشێره كامه‌یه كه ده‌توانێت (فافنه‌ر) له‌ناوببا؟” و “ئه‌و كه‌سه كێیه كه ده‌توانێ شمشێره‌كه چاكبكاته‌وه؟” (میمێ) وه‌ڵامی یه‌كه‌م و دووه‌م به ڕاستی ده‌داته‌وه، كه ئه‌وانیش “نه‌وه‌كانی (ڤالس)” و ” و “نۆتونگ”ن، به‌ڵام پرسیاری سێیه‌م نازانێ، بۆیە ڕێبوارەکە خۆی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه به‌وه‌ی كه “ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ی تا ئێستا نازانێ ترس چییه ده‌توانێ شمشێره‌كه چاكبكاته‌وه!”، پاشان ڕێبوارەکە پێیده‌ڵێ “من سه‌رت بۆ ئه‌و جێده‌هێڵم، خۆم سه‌رت ناپه‌ڕێنم!”.
(زیگفرید) دێته‌وه، كه ده‌بینێ هێشتا هیچی نه‌كردووه، تووڕه‌ده‌بێ، (میمێ) كه (زیگفرید) ده‌بینێ د‌رك به‌وه ده‌كات كه ئه‌وه (زیگفرید)ه كه تا ئێستا نازانێ ترس چییه؛ كه‌واته به‌پێی پێشبینییه‌كه‌ی ڕێبوارەکە بێ؛ ئه‌وه كه ده‌یكوژێ. بۆیه دەیەوێ بە فێڵی ئەوە ڕزگاری ببێ کە ترسی فێربکا؛ پێیده‌ڵێ كه “ترس شتێكی زۆر گرنگه بۆ فێربوون”، (زیگفرید)یش حەزدەکا فێرببێ. (میمێ) پێیدەڵێ كه لەگەڵ (فافنه‌ر)دا شەڕیکرد کە بە هێزی کڵاوزرێ جادووییەکە ئێستا بووە بە ئەژدیها؛ ئەوا ترس فێردەبێ و به‌ڵێنیشی پێده‌دا کە بیبا بۆلای. (زیگفرید) كه دەبینێ (میمێ) شمشێره‌كه‌ی پێچاكناكرێتهوه؛ بڕیارده‌دا خۆی چاكیبكاته‌وه. ده‌ستده‌كا به تواندنه‌وه‌ی ئاسنه‌كه و یه‌كێكی نوێی لێدروستدهكاتهوه. له هه‌مان كاتدا (میمێ) خواردنه‌وه‌یه‌كی ژه‌هراوی بۆ (زیگفرید) دروستده‌كا کە دژی (فافنەر)ی ئەژدیها بەکاریبهێنێ.
په‌رده‌ی دووه‌م
(ئالبەریش) لەبەردەم ئەشکەوتەکەی (فافنەر)ی ئەژدیهادا خۆیمەڵاسداوە؛ ڕێبوارەکەش دەچێتە ئەوێ. (ئالبه‌ریش) سه‌ره‌تا ههڕهشهدهكا و دواییش شانازی به پلانه‌كانییه‌وه ده‌كا بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ی موستیله‌كه و ژێرده‌سته‌كردنی هه‌موو جیهان. (ڤۆتان – ڕێبوارەکە) كه ده‌بینێ ئه‌و نیازی ئه‌وه‌ی نییه بچێته ناو ئه‌شكه‌وته‌كه و ته‌نها بۆ چاودێریكردن له‌وێیە؛ پێشنیازده‌كا (فافنه‌ر) له خه‌و هه‌ڵبستێنێ تا (ئالبه‌ریش) بتوانێ له‌گه‌ڵ (فافنه‌ر)دا ڕێكبكه‌وێ. (ئالبه‌ریش) (فافنه‌ر) له‌وه ئاگادارده‌كاته‌وه كه پاڵه‌وانێك هه‌یه ده‌یه‌وێ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ (فافنه‌ر)دا بكا، ئه‌میش ئاماده‌یه ئه‌و شه‌ڕه بوه‌ستێنێ ئه‌گه‌ر ئه‌و موستیله‌كه‌ی بداته‌وه، (فافنه‌ر) ترساندنهكهی (ئالبه‌ریش) ڕه‌تده‌كاته‌وه و دەنوێتەوە. (ڤۆتان) جێیاندێڵێ و (ئالبه‌ریش)یش پاشگه‌زده‌بێته‌وه.
له به‌ره‌به‌یاندا (زیگفرید) و (میمێ) دێن. (میمێ) بڕیارده‌دا (زیگفرید) جێبهێڵێ ئه‌وكاته‌ی ده‌چێ به گژ ئه‌ژدیهاكه‌دا. کە (زیگفرید) چاوه‌ڕێی ئه‌ژدیهاكه ده‌كا، سه‌رنجده‌دا باڵنده‌یه‌كی ته‌خته‌یی له دره‌ختێكدا ده‌خوێنێ، دەبنە هاوڕێ. به قامیشێك ده‌یه‌وێ لاسایی گۆرانییه‌كه‌ی باڵنده‌كه بكاته‌وه به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نابێ، ئه‌مجاره ده‌یه‌وێ به كه‌ڕه‌ناكه‌ی لاسایی گۆرانییه‌كه‌ی بكاته‌وه؛ به‌ڵام له ده‌نگی كهڕهناكه (فافنه‌ر) بێداردەبێتەوە و دێته ده‌ره‌وه، پاش دەمەبۆڵەیەکی كورت ده‌ستده‌كه‌ن به شه‌ڕ، (زیگفرید) شمشێره‌كه‌ی له‌سه‌ر دڵی (فافنه‌ر)ی ئه‌ژدیها ده‌چه‌قێنێ و ده‌یكوژێ.
کە (زیگفرید) شمشێره‌كه‌ی له لاشه‌كه‌یدا ده‌رده‌هێنێته‌وه، ده‌ستی به خوێنی ئه‌ژدیهاكه ده‌سووتێ و بێ ویستی خۆی ده‌یبا بۆ ده‌می و تامی خوێنه‌كه ده‌كا. ئه‌م تامكردنی خوێنه وایلێده‌كا كه له گۆرانیی باڵنده‌كه تێ‌بگا. موستیله‌كه و کڵاوزرێ جادووییەکە له قاسه‌كه‌ی (فافنه)ردا ده‌رده‌هێنێ. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كه (ئالبه‌ریش) و (میمێ) لەسەر موستیله‌كه قڕه‌قڕیانه. کە (زیگفرید) دێ (ئالبه‌ریش) خۆیده‌شارێته‌وه، (میمێ) سڵاو له (زیگفرید) ده‌كا، به‌ڵام (زیگفرید) ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێ كه هێشتا فێری ترس نه‌بووه. (میمێ)ش خواردنه‌وه ژه‌هراوییه‌كه‌ی ده‌داتێ بیخواته‌وه، به‌ڵام تامی خوێنه‌كه‌ی ئه‌ژدیهاكه كه هێشتا له ده‌میدا ماوه، وایلێده‌كا نیازە خراپەکەی (میمێ) له ده‌موچاویدا بخوێنێته‌وه؛ بۆیه ئه‌ویش ده‌كوژێ. (ئالبه‌ریش) كه ئاگایلێیهتی، بە کوشتنەکە سادییانه پێده‌كه‌نێ. (زیگفرید) لاشه‌كه‌ی (میمێ) ده‌باته ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌وه و بۆ داخستنی دەروازەی ئەشکەوتەکەش لاشه‌ی ئه‌ژدیهاكه بە بەردەمەکەیدا هەڵدەواسێ.
باڵنده ته‌خته‌ییه‌كه له گۆرانییه‌كه‌یدا ده‌ڵێ “کچێک هه‌یه له‌سه‌ر به‌ردێك نوێنراوە، به ئاگرێكی جادوویی چوارده‌ور دراوه” (زیگفرید)یش بە خۆی دەڵێ “له‌وانه‌یه بتوانم له‌م کچەوە فێری ترس ببم” بۆیە بۆ ئه‌و شاخه بەڕێدەکەوێ.
په‌رده‌ی سێیه‌م
(ڤۆتان) له‌سه‌ر ڕێی شاخه‌كه‌ی (برونهیلده)ی لێیه، ده‌رده‌كه‌وێ و بانگی (ئێردا)ی خوای دانایی ده‌كا بۆئه‌وه‌ی ئامۆژگارییبكا؛ به‌ڵام (ئێردا) ناتوانێ هیچ ئامۆژگارییه‌كی بكا. (ڤۆتان) دەڵێ كه هیچ ترسێكی له كۆتاییهاتنی خواكان نییه، حهزیشدهكا هه‌موو میراتییهكهشی بۆ (زیگفرید) و كچه‌كه‌ی خۆی و (ئێردا) كه (برونهیلده)یه جێبهێڵێ، كارێك ده‌كا كه دووباره جیهان دروستبکاتەوە. (ئێردا) له‌م قسانه‌دا جێیدههێڵێتهوه و ده‌چێته‌وه ناو زه‌وی.
(زیگفرید) ده‌گاته (ڤۆتان) كه نایناسێ و نازانێ ئه‌و باپیریه‌تی. بێڕەوشتانە له‌گەڵیدا ەدوێ و شه‌بقه‌كه‌ی سه‌ری (ڤۆتان) له‌سه‌ری تووڕده‌دا، پێی ده‌ڵێت كه ئه‌و ده‌چێ ئه‌و ئافره‌ته بێداردەکاتەوە كه له ناوه‌ڕاستی ئاگره جادووییەکەی سەر شاخەکەدا نوێنراوە. داوایلێده‌كا ڕێگه‌كه‌ی نیشانبدا به‌ڵام (ڤۆتان) وهڵامیناداتهوه، بۆیه ئه‌ویش ده‌كه‌وێته‌وه ڕێ بۆ شاخه‌كه، به‌ڵام (ڤۆتان) ڕێیلێدهگرێ؛ ئه‌ویش به شمشێره‌كه‌ی ڕمه‌كه‌ی (ڤۆتان) ده‌شكێنێ. (ڤۆتان) به هێمنی پارچه شكاوه‌كانی ڕمه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێته‌وه و پێی ده‌ڵێ “بڕۆ من ناتوانم ڕێگریت لێبكه‌م!” و خۆشی دیارنامێنێ.
(زیگفرید) ده‌گاته به‌رده‌كه‌ی (برونهیلده)ی له‌سه‌ر نوێنراوە، له سه‌ره‌تادا كه ڕم و قه‌ڵغانه‌كه ده‌بینێ واده‌زانێ كه پیاوێكی سه‌رباز بووه، به‌ڵام پاشان كه قه‌ڵغانه‌كه له‌سه‌ر له‌شی لاده‌بات ده‌بینێ ئافره‌ته. کە بۆ یه‌كه‌مجار ئافره‌ت ده‌بینێ ده‌ترسێ و دوورده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام پاشان بڕیارده‌دا ماچیبكا، كه ماچیدهكا (برونهیلدە) بێداردەبێتەوە و (زیگفرید)یش لە ترس‌دا دیسان دوورده‌كه‌وێته‌وه، تا پاشان یه‌كتر ده‌بینن و (برونهیلده) پرسیاری ناوی لێده‌كا، كه ده‌زانێ (زیگفریده)؛ دڵخۆشدهبێ و چیرۆكی ژیانی دایكی و باوكی بۆ ده‌گێڕێته‌وه و پێیده‌ڵێ كه “هەر پێش ئه‌وه‌ی لهدایكببی؛ خۆشمویستووی” (زیگفرید)یش خۆشه‌ویستیی خۆی بۆ دووپاتده‌كاته‌وه و به دڵخۆشییه‌وه باوه‌ش به‌یه‌كدا ده‌كه‌ن و یه‌كتر ماچده‌كه‌ن.