پێشه‌كی
هه‌ر سێ كچه نۆرنهكه كه كچانی (ئێردا)ن؛ لە نزیك به‌رده‌كه‌ی (برونهیلده)وه كۆبوونه‌ته‌وه. ژێی چارەنووس ده‌له‌رێننه‌وه. گۆرانی به‌سه‌ر ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا دەبێژن كه (ڤۆتان) به مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی خواكان ئاگربهردهداته (ڤالهالا) و دەیسووتێنێ. به‌ڵام بێ ئاگاداركردنه‌وه ژێکان دەپچڕێن و ده‌كه‌ون و ئه‌وانیش گله‌یی له‌وه ده‌كه‌ن كه چیتر داناییان له ده‌ستدا نه‌ماوه و دەڕۆن و دیارنامێنن.
له به‌ره‌به‌یاندا (زیگفرید) و (برونهیلده) له ئه‌شكه‌وته‌كه‌یان دەردەچن. (برونهیلده) (زیگفرید) ده‌نێرێ بۆ هه‌ندێك كار، به‌ڵام داوایلێده‌كا خۆشه‌ویستیی ئه‌وی له‌یادبێ، ئه‌ویش وه‌ك هێمایەک بۆ خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان، موستیله‌كه‌ی ده‌داتێ و لهدهستیدهكا، (برونهیلده)ش ئه‌سپه‌كه‌ی خۆی ده‌داتێ، ئه‌سپه‌كه‌شی ناوی (گران)ه. (زیگفرید) به‌ره‌و ڕاین بەڕێدەکەوێ.
په‌رده‌ی یه‌كه‌م
له دیوه‌خانی گیبیشونگه‌كان، كه گه‌لێكن له ده‌وری ڕوباری ڕاین ده‌ژین، (گونته‌ر) كه پاشای گیبیشونگهكانه، له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ی كه (گوترون)ه و نیوهبراكهیان (هاگن) كه خزمه‌تكاریانه، دانیشتوون. (هاگن) ئامۆژگاریی (گونته‌ر) ده‌كا كه پێویسته ژنێك بدۆزێته‌وه و بیهێنێ و مێردێكیش بۆ خوشكه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه. پێشنیازی (برونهیلده) بۆ (گونته‌ر) و (زیگفرید)یش بۆ (گوترون) ده‌كا. قایلیاندهكا كه ده‌توانێ به خواردنه‌وه‌یه‌ك (زیگفرید) والێبكا بكه‌وێته خۆشه‌ویستیی (گوترون)ه‌وه و هه‌ر (زیگفرید) خۆی (برونهیلده) بۆ تۆ بهێنێ. (گوترون) و (گونته‌ر) یه‌كسه‌ر به پیلانه‌كه ڕازیده‌بن.
(زیگفرید) دێ و (گونته‌ر)یش به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی لێده‌كا. (گوترون) خواردنه‌وه‌كه ده‌هێنێ و (زیگفرید)یش بێ درككردن به پیلانه‌كه‌یان؛ به خۆشیی (برونهیلده)وه ده‌یخواته‌وه و ڕاسته‌وخۆ (برونهیلده)ی له‌بیرده‌چێته‌وه و ده‌كه‌وێته خۆشه‌ویستیی (گوترون)ه‌وه. پاشان (زیگفرید) پێشنیازی ژنێك بۆ (گونته‌ر) ده‌كا و ئه‌ویش باسی (برونهیلده)ی بۆ ده‌كا كه له‌سه‌ر شاخێكه ته‌نها ئه‌وه‌ی نه‌زانێ ترس چییه ده‌توانێ پێیبگا، چونكه به ئاگرێكی جادوویی دهورهیدراوه. پاشان سوێندی برایانه ده‌خۆن و خوێنی خۆیان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، ئیتر له‌وه‌وه ببن به برای خوێنیی یه‌كتر. (هاگن) خوێنه‌كه‌ی ئه‌وان ده‌خاته په‌رداخێكه‌وه به‌ڵام خۆی به‌شداری له‌م سوێندخواردنەدا ناكا. پاشان به‌ره‌و به‌رده‌كه‌ی (برونهیلده) ده‌ڕۆن و (هاگن) جێده‌هێڵن. (هاگن) دڵی به‌وه خۆشه كه موستیله‌كه‌ی بۆ ده‌هێنن.
(ڤالتراوت) کە خوشکە ڤاڵکیرییەکەی (برونهیلده)یە؛ هاتووە بۆلای و سەردانیکردووە و باسی ئه‌وه‌ی بۆده‌كا كه چۆن (ڤۆتان) ڕۆژێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه له ڕێبوارێتی و ڕمه‌كه‌ی شكاوه و ئێستا قسه له‌گه‌ڵ كه‌سدا ناكا و خه‌مباره له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستداوه. هاوکات قه‌له‌ڕه‌شه‌كانی خۆی ناردووه له‌سه‌ر زه‌وی سیخوڕیی بۆ بكه‌ن. داوا له (برونهیلده) ده‌كا موستیله‌كه بداته‌وه به كچه‌كانی ڕاین تا جیهان له‌و نه‌فره‌ته ڕزگاریببێ. به‌ڵام (برونهیلده) ئه‌وه ڕه‌تده‌كاته‌وه و به هێمای خۆشه‌ویستیی (زیگفرید)ی داده‌نێ. (ڤالتراوت) به بێئومێدی جێیده‌هێڵێ.
(زیگفرید) ده‌گاته (برونهیلده)، به کڵاوزرێ جادووییەکەی خۆیكردووە به (گونته‌ر) و پێیده‌ڵێ كه ده‌بێ شوویپێبكا، به‌ڵام پاش قڕهقڕێكی زۆر (برونهیلده) ئه‌مه ڕه‌تده‌كاته‌وه و ده‌یه‌وێ به هێزی موستیله‌كه لهناویببا، به‌ڵام (زیگفرید) به‌زۆر موستیله‌كه‌ی لێده‌ستێنێ و ده‌یكاته ده‌ستی خۆی.
په‌رده‌ی دووه‌م
(هاگن) له كه‌نار لقێكی ڕوباری ڕایندا چاوهڕێدهكا و وه‌نه‌وزده‌دا. (ئالبه‌ریش)ی باوكی سهردانیدهكا، (هاگن) سوێندی بۆ ده‌خوا كه (زیگفرید) بكوژێ و موستیله‌كه بۆ خۆی بباته‌وه، پاشان باوكی ده‌ڕوا. (زیگفرید) به جادووی کڵاوزرێکە ده‌گه‌ڕێته‌وه، له فۆڕمی ئاسایی خۆیدایه و (برونهیلده) و (گونته‌ر)ی له به‌له‌مه‌كه‌ی خۆیاندا جێهێشتووە كه ئه‌وان پاشتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه. (هاگن) هه‌موو گیبیشونگه‌كان كۆده‌كاته‌وه و ئاگاداریاندهكا ئاماده‌ببن، ئه‌وانیش واده‌زانن بۆ شه‌ڕ ده‌چن، به‌ڵام كاتێك دێن سه‌رسامده‌بن كه هاتنه‌كه‌یان بۆئه‌وه‌یه به‌خێرهاتنه‌وه‌ی پاشاكه‌یان و بووكه‌كه‌ی بكه‌ن.
(گونته‌ر) و (برونهیلده) ده‌گه‌ن، به‌ڵام كاتێك (برونهیلده) (زیگفرید) ده‌بینێ موستیله‌كه‌ی له‌ده‌ستدایه و له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی تردایه سهرسامدهبێ، دواتر د‌رك به‌وه ده‌كا كه ئه‌و پیاوه‌ی موستیله‌كه‌ی به‌زۆر لێسه‌ند (گونته‌ر) نه‌بوو به‌ڵكو (زیگفرید) بوو. د‌رك به‌م خیانه‌ته ده‌كا و له‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌كه‌وه ده‌ڵێ كه “ئه‌م پیاوه مێردی منه و ئێستا حاشایلێدهكا”. به‌ڵام (هاگن) به ڕمه‌كه‌ی خۆی سوێندیان پێده‌خوا کە ئەگەر دەرکەوت هه‌ركامێكیان سوێندی درۆی خواردبێ؛ ئه‌وا ده‌بێ بكوژرێ. (زیگفرید) سوێنددهخوا كه ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی (برونهیلده) ڕاست نین، (برونهیلده)ش سوێنددهخوا كه ڕاستدهكا و ئه‌و پیاوه ته‌نانه‌ت خیانه‌تی له خۆشی كردووە. پاشان (زیگفرید) قۆڵ به قۆڵی (گوترون)دا ده‌كا و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌دا به‌ره‌و ئاهه‌نگگێڕانه‌كه‌ی خۆیان ده‌ڕۆن و (برونهیلده) و (هاگن) و (گونته‌ر) له كه‌ناره‌كه‌دا جێده‌هێڵن.
(گونته‌ر) زۆر هه‌ست به شه‌رمه‌زاری و ئابرووچوون ده‌كا له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی (برونهیلده) كردی. (برونهیلده)ش به‌و خیانه‌ته ته‌واو ڕووخاوه. (هاگن) پێشنیازده‌كا (زیگفرید) بكوژێ؛ به‌ڵام (برونهیلده) پێیدەڵێ کە (زیگفرید) له شه‌ڕدا به هیچ شێوه‌یه‌ك نابەزێنرێ، ته‌نها ده‌بێ له كاتی بێئاگاییدا له دواوه ڕمه‌كه‌ی بچه‌قێنێته پشتی و بیكوژێ. هه‌رسێكیان له‌سه‌ر ئه‌م پیلانه ڕێده‌كه‌ون. پاشان پێشنیازدهكهن (زیگفرید) ببه‌ن بۆ ڕاو و له‌وێ بیكوژن.
په‌رده‌ی سێیه‌م
له دارستانێكی كه‌نار ڕوباری ڕایندا سێ كچه‌كه‌ی ڕاین پێكه‌وه بەرانبەر زێڕە دزراوەکەیان دڵته‌نگیی خۆیان ده‌رده‌بڕن. (زیگفرید) كه له ئاهه‌نگی ڕاوچییه‌كان جیابووەتەوە، دێ. ئه‌وانیش داوایلێدهكهن موستیله‌كه‌یان بداته‌وه و خۆی له‌و نه‌فره‌ته بپارێزێ، به‌ڵام (زیگفرید) زۆر لهخۆڕازییانه شمشێره‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێ و ده‌ڵێ “هیچ كه‌سێك ناتوانێ له به‌رامبه‌ر شمشێرهكهمدا خۆیبگرێ” ئه‌وانیش به مه‌له لێی دوورده‌كه‌ونه‌وه و پێشبینیی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه (زیگفرید) ده‌مرێ و میراتگرێكی ئه‌و كه ژنێكه موستیله‌كه‌یان ده‌داته‌وه.
(زیگفرید) بۆ ناو ڕاوچییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، (گونته‌ر) و (هاگن)یش له‌وێن. له‌كاتی پشوودانیاندا (هاگن) پێكێك خواردنه‌وه‌ی ده‌داتێ و ئه‌ویش باسی سه‌رگوزه‌شته‌كانی گه‌نجێتیی خۆییان بۆ ده‌كا كه چۆن (فافنه‌ر)ی ئه‌ژدیها و (میمێ)ی كوشتووە و چۆن توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ باڵنده‌ی تهختهییدا قسه‌بكا و لێیتێبگا. به‌ڵام ئه‌مجاره (هاگن) پێكێكی تری ده‌داتێ، ڕاسته‌وخۆ بیری (برونهیلده)ی ده‌كه‌وێته‌وه و باسی ئه‌وه‌ش بۆ ڕاوچییه‌كان ده‌كا كه چۆن شاخه ئاگرینه‌كه‌ی بڕیوه و گه‌یشتووەته به‌رده‌كه‌ی (برونهیلده) و خۆشیویستووه و هێناویه‌تی. (هاگن) ڕاسته‌وخۆ ڕمه‌كه‌ی خۆی له پشتی ده‌چه‌قێنێ و خه‌ڵكه‌كه به‌م كرده‌وه‌یه سه‌رسامده‌بن. (هاگن)یش ته‌نها ده‌ڵێ “سوێندی درۆی خوارد” پاشان خه‌مساردانه جێیاندههێڵێ. (زیگفرید) له كۆتا قسه‌كانیدا كه‌مێك باسی (برونهیلده) ده‌كا و ده‌مرێ. لاشه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گیرێته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی ڕەسمییانە ده‌گوێزرێته‌وه.
له دیوه‌خانه‌كه‌ی گیبیشونگهكاندا (گوترون) چاوه‌ڕێی (زیگفرید) ده‌كا، به‌ڵام (هاگن) و (گونته‌ر) له‌گه‌ڵ بۆنەی پرسه‌كه‌ی (زیگفرید)دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه. كه (گوترون) لاشه‌كه‌ی (زیگفرید) ده‌بینێ، به‌جارێ ده‌ڕووخێ و تۆمه‌ته‌كه ده‌خاته پاڵ (گونته‌ر)، به‌ڵام (گونته‌ر) تۆمه‌ته‌كه ده‌خاته پاڵ (هاگن)، كه ئه‌ویش به‌وه وه‌ڵامیانده‌داته‌وه كه “(زیگفرید) به‌رامبه‌ر سوێنده درۆكه‌ی خواردی؛ سزای خۆی وه‌رگرت” و ماف بە خۆی دەدا كه ببێ به خاوه‌نی موستیله‌كه. به‌ڵام (گونته‌ر) لێیتووڕهدهبێ و پێیده‌ڵێ “چۆن ده‌وێری دەستببەی بۆ لاشه‌ی زاواکەم؟”، پاشان (هاگن) په‌لاماری (گونته‌ر) ده‌دا و به ئاسانی ده‌یكوژێ، به‌ره‌و لاشه‌كه‌ی (زیگفرید) ده‌ڕوا تا موستیله‌كه له ده‌ستیدا ده‌ربهێنێ، به‌ڵام ده‌ستی (زیگفرید) به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌رزده‌بێته‌وه و (هاگن) له ترس‌دا ده‌وه‌ستێ.
(برونهیلده) دێ و موستیله‌كه ده‌خاته‌وە ده‌ستی خۆی. له‌م كاته‌دا (گوترون) باسی پیلانەکەی (هاگن)ی بۆ دەکا و ئینجا (برونهیلدە) تێده‌گا چۆن (زیگفرید) به سته‌م كوژرا. پاشان داوای ئاگرێكی گه‌وره ده‌كا بۆ سووتاندنی لاشه‌كه‌ی (زیگفرید) بکرێتەوە. ده‌چێ موستیله‌كه به كچانی ڕاین ده‌داته‌وه و قه‌له‌ڕه‌شه‌كانی (ڤۆتان) ده‌نێرێته‌وه بۆ گه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵانه و پاش سووتانی لاشه‌كه‌ی (زیگفرید) سواری ئه‌سپه‌كه‌ی ده‌بێته‌وه و به ناو ئاگره‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێ.
ئاگر به‌رده‌بێته دیوه‌خانه‌كه‌ی گیبیشونگه‌كان و پاشان ڕاینیش لافاوێك ده‌نێرێته سه‌ر دیوه‌خانه‌كه و ده‌یكوژێنێته‌وه. كچانی ڕاین به موستیلهكهیانهوه به مه‌له ده‌ڕۆن، (هاگن) ده‌یه‌وێ ڕێگرییان لێ‌بكا، به‌ڵام ئه‌وان سه‌ری ده‌خه‌نه ژێر ئاوه‌كه‌وه و ده‌یخنكێنن. له‌م كاته‌شدا ئاگرێكی سوور له ئاسمانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ، خه‌ڵكه‌كه ته‌ماشاده‌كه‌ن و ناوه‌وه‌ی (ڤالهالا) ده‌رده‌كه‌وێ و خواكان ده‌رده‌كه‌ون له‌ناو ئاگره‌كه‌دا و ده‌سووتێن.