ئایا موزیک گرنگە؟

ئایا موزیک گرنگە؟

11/11/2019

خاتوو (شەهێن سابیر) لە ڕێکەوتی 23/6/2018دا بابەتێکی نووسیوە بە ناونیشانی (ئایا موزیک گرنگە؟). پاشان مامۆستا سەڵاح ڕەئوف (وابزانم) لە ڕێکەوتی 10/11/2019دا وەڵامیداوەتەوە. من لە مانگی 11ی 2019دا هەردوو بابەتەکەم دی و هەردووکیشیانم خوێندەوە. حەزمکرد لە گفتوگۆکەدا بە وتارێک بەشدار ببم. بۆیە ئەم وتارەم نووسی و بۆ خاتوو شەهێنم نارد و ئەویش لە هەژماری فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە.


سوپاس بۆ ئێوەش و مامۆستا سەڵاح ڕەئوفیش بۆ ئەم باسە.

‎1. سەبارەت بە ناوی موزیک یان مۆسیقا: لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانیم نووسیوە. کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی.

‎2. سەبارەت بە تێریی و داهێنان: ئەڵبەت نازانم لە کوێی نووسینەکەتدا باسی تێری و داهێنانت ڕاستەوخۆیانە وروژاندووە؛ بەڵام هەر لەگەڵ مامۆستا سەڵاحدا هاوڕام. زیندوێتی بەسە بۆ داهێنان. بە بڕوای کۆنکرێتییم بۆ کاری داهێنان چۆنێتیی کات لە چۆنێتیی ورگ گرنگترە. “چۆنێتی” مەبەستم لە (کوالیتی)یە. تەنها ژینگەیەکی کەمێک بێدەنگ و بێ دڵەڕاوکێ و بێ هاتوهاوار و بێ سەردانی لەناکاو و بێ ڕووداوی نەخوازراوی ناپێویست ڕەخسابێ، من شاکاری هونەریت دەدەمێ. چونکە “مەندێتی” هونەر پەیوەندیی بە قووڵڕوانی و زنجیرەی تێڕامان و بیرکردنەوەوە هەیە، ئەمانەش پێویستیان بە کاتێکی هێور و ئاشتییانە هەیە.

‎دوو ئەدگاری خراپی خەڵکانی کۆمەڵگا هەن کە بۆ هونەرمەندێتی خراپن؛ یەکەم: مرۆڤ بەسروشت بوونەوەرێکی دەمەوەر و فەرتەنەچییە. دووەم: مرۆڤ بە سروشت حەزدەکا خەڵکانی تر پەلکێشی بابەت و پڕۆژەکانی خۆی بکا. تەماشاکردنێکی فەیسبووکیش بەسە بۆ سەلماندنی ئەم دوو ڕاستییە. هەموو کەسێک داواتلێدەکەن لە کەمپینەکەیدا بەشداری بکەی.

‎بەڵام خۆشبەختانە بۆ سازاندنی کاتی پڕئاشتی و سنووردارکردنی خەڵک هەندێ تەکنیک هەن، کە هەر بە خودی هونەر-مەند/کارەکان دەسازێنرێن. بەشێکی بەرچاو کاتی باش دەگوزەرێنێ. تەکنیکەکان ئەوانەن لە خەڵک دووربکەویتەوە. خودی خۆم لە ساڵێکدا دوو سێ مانگ فەیسبووکم کراوەتەوە. زۆربەی هاوڕێکانمم ئەنفەڵەو کردووە. مۆبایلم هەمیشە بێدەنگ و بێجووڵەیە، دەرگا لە هیچ کەسێک ناکەمەوە ئەگەر پێشتر لەسەر یەکتربینین ڕێکنەکەوتبێتین. با هەر پێمبڵێ کەسێکی خۆپەرست و خراپم. وەڵامی زۆر نامە و چات و چۆنی و چاکیش نادەمەوە. تا بۆشمبکرێ خەڵک کەم دەبینم و بە نزیکی هیچ ڕۆژێک نییە خۆم لە پڕۆژە و پلانی خەڵکانی چواردەورم دەرنەهێنم. هەر زۆر دوور نەڕۆین کابرای دراوسێت سەیرانێکی سازکردووە و لەخۆیەوە پۆستی کەبابچیی بێ پرسی خۆت پێبەخشیوی. برادەرێکی ترت بە مۆبایلەکەی کورتەفیلمێک دەکا، یەکسەر تۆی داناوە موزیکەکەی بۆ بکەی. دراوسێکەتان کەوانتەری کڕیوە، دایناوە تۆ لە حەماڵییەکەدا یارمەتییبدەی. هەموو ئەمانە ئاسوودەیی و کاتی تێڕامان دەکوژن و دەبێ لێیان دووربی.

‎زۆر جار کە لە لایەن چواردەورمەوە بە کاری ناپێویست دەتەنرێم، داناییەکی سادە بۆ توانج دەڵێم، دەڵێم: “دەزانن بۆچی بێتهۆڤن لە موزیکدا باش بووە؟ چونکە خەریکی موزیک بووە!” مەبەستم ئەوەیە تۆ دەبێ خەریکی بوارەکە بیت بۆئەوەی تیایدا پێشبکەوی. زۆربەی موزیککارانی ئێمە خەریکی بوارەکەیان نین. یان لە لایەن کۆمەڵگاوە چاوەڕێی کاری تری جگە لە موزیکیان لێدەکرێ.

‎3. سەبارەت بە ڕۆژ و کاتی موزیک: لای من هەموو ڕۆژێک ڕۆژی موزیکە. هەموو کاتێک کاتی موزیکە و هەموو کاتێک موزیک گرنگە. لە ئەفەریقا ئاوی خواردنەوە نییە، بەڵام موزیک ناوەستێ! خودی خۆم هیچ ڕۆژێک نییە جگە لە سەعاتەکانی پڕۆڤەی خۆم دوو بۆ پێنج سەعات گوێ لە موزیک نەگرم.

‎سەبارەت بە ڕێکەوتەکەش؛ ڕەنگە بۆ وڵاتێکی وەک فەڕەنسا کاتێکی گونجاو بێ، بەڵام لە کوردستاندا ئەو ڕۆژە زۆر گەرمە. یەک جار لە ژیانمدا وابزانم 2009 بوو لە بەردەمی ڕێکخراوی ئازادیی لاواندا پیانۆمژەند و بە تەنیا ئەو یادەم کردەوە. سێ ڕۆژ نەخۆشکەوتم ئەوەندە خۆر لێیدام. هەتاوی ڕۆژەکە زیانی بە ئامێرەکەشم گەیاند. هۆڕنی کۆستەر و پیکاب و لوورەی ئوتومبێلی پۆلیس و فریاکەوتن و ڕادیۆی گرمەگرمکەری زیادکراوی تەکسیگێڕەکان و ڤڕەی مەکینەی ئەو هەموو ئوتومبێلە و بانگدانی نەشازی بانگنەبێژە دەنگنەشازەکانی مزگەوتەکان بەردەوام ڕستی ژەندنەکەمیان دەپچڕاند. ئەمانە جگە لە حیلکەحیلکی پیادەکان.

‎کەواتە تەسکماندەکاتەوە بۆ شەوەکەی. دوای بانگی شێوان. شەویش پێویستی بە ڕوناکی و کارەبا و وایەر و وایەرکاری و بڵندگۆکاری و ئامادەکاری و بێدەنگکاری هەیە. ئەم ئامادەکارییانەش کاری ژەنیار نین. من هەموو ڕۆژێک بە خەڵک دەڵێم: “پیانۆت بۆ دەژەنم، بەڵام پیانۆت بۆ بارناکەم! من پیانۆبارکەر نیم! ئامێرەکەم زۆر قورسە و زۆر گرانبەهایە و گواستنەوەشی زۆر ئەستەمە. پێشمخۆش نییە ئامێری خۆم بۆ هیچ بۆنەیەکی تۆ بەکاربهێنم! چونکە کە ئامێرەکەم تێکدەچێ تۆ پێمپێدەکەنی، بەڵام من کۆستم دەکەوێ” کەواتە دەبێ کۆمەڵە کەسێکی باش هەبن کە لە هونەرمەندەکان و کات و ڕێکخستن تێبگەن و بتوانن ئەم ئامادەکارییانە بکەن. واتە ئۆباڵەکە تەنها لە ئەستۆی ژەنیارەکاندا نییە. ڕۆژەکەش شیاوترە بخرێتە کاتێکی فێنکترەوە.

‎4. سەبارەت بە “مۆنۆپۆلی” و بەکارهێنانی موزیک و ئەرکپێدان: من هەرگیز دژی ئەرکپێدان نیم. ئەرک پەرۆشیی زیندوێتی بە مرۆڤ دەدا. بەڵگەش ئەوەیە هەزاران کەس دەبینی پیشەی زۆر وەڕسکەر و ناخۆش و قورسیان هەیە، هەموو ڕۆژێک دەیانبینی و دەپرسی (دەبێ ژیانی ئەم کەسە چ بەهایەکی بۆی هەبێ وا ئەم کارانە دەکا؟ چی ڕێگەی لێگرتووە خۆی بکوژێ؟) کە ڕۆدەچیتە هۆکاری ئەوەی بۆچی وا خۆیان ماندوو دەکەن، دەبینی کە ئەرکێکیان لەسەر شان گرتووە، یان بۆ مناڵەکانیان، یان بۆ دایکوباوکیان، یان برا و خوشکیان، یان خۆشەویست….تد. ئەرک کرۆکی هاندانە.

‎من دژی ئەوانەم کە دەڵێن گوایە هونەر بۆ هونەرە! هونەر بۆ هونەر نییە. هونەر دەبێ ئەرکێکی لە ژیانی ڕۆژانەدا هەبێ. ئەم ئەرکپێدانە دەبێ لە لایەن کۆمەڵێک کەسی وشیار و دەوڵەتمەدار و ئاگادارەوە دابینبکرێ. هونەر زۆر شتی مەزن دەکا ئەگەر مێشکێکی باش لە پشتییەوە هەبێ. بۆ نموونە ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە؛ لە ڕێنیسانسدا لە ئەوروپا پێش پاشاکان، هەندێ دەوڵەمەند و خانەدان هونەریان ئاراستەکردووە. یەکێکی وەکو (لۆرێنزۆ دێ مێدیچی) کە خانەدانێکی دەوڵەمەندی شاری (فلۆرەنس) بووە، پاڵپشتی دارایی زۆر هونەرمەندی گەورەی کردووە و یەکێک بووە لە جووڵێنەرە مەزنەکانی ڕێنیسانس. دەشێ لە جیهانی ئەمڕۆدا حکومەت هونەر ئاراستە بکا. بەڵام ئەم ئاراستەکردنە لیژنەیەکی وشیار و دووربین و ستراتیژی دەوێ. هاوکات گەلێکی کەمێک وشیارکراوەشی دەوێ. چونکە میللەتیش سەری ئەوسەری هاوکێشەکەن.

‎لەم ڕۆژانەدا فیلمێکی بەڵگەنامەییم سەبارەت بە هۆڵی ئۆرکێسترای (هامبورگ) تەماشادەکرد. نزیکەی 954 ملیۆن دۆلاری موڵکی گشتیی تێدا سەرفکراوە. بەڵام خەڵک نەیانکردووە بە هاتوهاوار و نەهاتوونەتە سەر جادە و بیڕووخێنن، کەمپینی لە دژ سازنەدراوە، حەرام نەکراوە، مەلا لە میحرابەوە لە دژی نەیقیڕاندووە. لە فەیسبووک تفی بۆ کۆنەکراوەتەوە. بەپێچەوانەوە پێوەی شانازن. پێش ئاراستەکردنی هونەر دەبێ میللەتێکی ئامادەی گۆڕانکاری خۆشەبکرێ. لەم لەتکەهەرێمەدا پێنج هەزار و دوو سەد مزگەوت دروستبکە کەس ناڵێ مەکە، بەڵام یەک هۆڵی ئۆرکێسترا دروستبکە قیامەت هەڵدەستێ. پێنج هەزار و دوو سەد مەلا مووچە وەربگرن بەرامبەر گێڕانەوەی چیرۆکی چەقۆکەی ئیبراهیم بۆ سەر ملی ئیسماعیل کەس قسە ناکا، بەڵام ئەگەر نەوەد موزیکژەن لە ئۆرکێسترایەکدا کۆبکرێنەوە کەبائیر و ئەشڕاطوسساعە ڕوودەدەن!

‎مەبەست لێرەدا ئەوەیە هونەرمەندان سەربازانی گۆڕەپانەکەن، لە پشت ئەم سەربازانەوە دەبێ ئاراستەکەرێک هەبێ. ناکرێ شکستی سوپاکە تەنها بخرێتە ملی سەربازەکان. بەڵکو پشکی شێری شکست بەر پلاندانەر و ستراتیژکارەکان دەکەوێ.

‎هونەر دەبێ ژیرانە پلانی بۆ دابنرێ و ئاراستەبکرێ. هونەرمەندان بە سروشت کەسانی پەڕەوازەن، لە کۆمەڵگایەکی وەک ئەمەی ئێمەدا ئەوەندەی تر پەڕەوازەخراون. نابێ ئەم پەڕەوازە پەڕەوازەخراوانە سەرپشک بکرێن خۆیان داهێنان بکەن! ناکرێ ئایندەی هونەریی گەلێکی زیندوو پشت بە کۆمەڵێک پەڕەوازەی پەڕەوازەخراو ببەستێ کە ڕۆژانە لە پێنج هەزار و دوو سەد پێگەوە مژدەی دۆزەخیان پێدەدرێ.

‎هەر با بەڕاستی پێتبڵێم ئەگەر پیانۆیەک بهێنمە سەر جادە (کە نایهێنم) لەوە دەترسم لە لایەن کەسانی بارگاوی بە بیری تیرۆریستییەوە بکوژرێم، یان لە لایەن پۆلیسەوە بگیرێم! یان چ گەرەنتییەک هەیە خۆم یان ئامێرەکەم پارێزراو دەبم؟

‎گلەیی لە ئێمەومانان مەکە. ئێمە سەربازین. ئامادەین، بەڵام بێ ستراتیژییەت خۆمان بەکوشتنادەین.

‎لەگەڵ ڕێزمدا.

‎دووبارە سوپاس بۆ هەردووکتان.


بۆ بینینی وتارەکەی خاتوو شەهێن سابیر لێرەدا کلیک بکە

بۆ بینینی وەڵامەکەی مامۆستا سەڵاح ڕەئوف لێرەدا کلیک بکە.