پیتێکی قورتاو

ماوەیەکە پیتێک لە نووسین و ئاخاوتنی زمانەکەماندا قورتاوە. نازانم لەکوێوە سەرچاوەیگرتووە، بەڵام دەزانم کە قورتاوە. ئەویش پیتی (د)ـە لەناو کاری بکەرنادیاردا. وەک: بڕدرا، کڕدرا، چێندرا، سڕدرا، دەکڕدرێ، دەبڕدرێ، دەسڕدرێ.

یاسای بکەرنادیار لە زمانی کوردیدا بۆ ڕابردوو ئەمەیە:

ڕەگی کار+جێناوی بکەرنادیار+ نیشانەی کاتی ڕابردووی بکەرنادیار

  • ڕەگی کار: دەتوانی بەوە بیدۆزیتەوە کە کارەکە بخەیتە ڕانەبردووی بەردەوامەوە. وەک: کڕین> دەکڕم. لە (دەکڕم)ـەوە بۆتدەردەکەوێ کە ڕەگی کارەکە (کڕ)ـە.
  • جێناوی بکەرنادیار هەمیشە (ر)ـە. واتە لە ڕابردوو و ڕانەبردووشدا هەمان شتە.
  • نیشانەی کاتی ڕابردووی بکەرنادیار هەمیشە (ا)یە.

بەمشێوەیە:

چاوگی (بڕین)> دەبڕم: دەردەکەوێ (بڕ) ڕەگەکەیەتی. بڕ+ر+ا = بڕرا، بڕراوە، بڕرابوو.

چاوگی (کڕین)> دەکڕم: دەردەکەوێ (کڕ) ڕەگەکەیەتی. کڕ+ر+ا = کڕرا، کڕراوە، کڕرابوو.

چاوگی (چاندن)> دەچێنم: دەردەکەوێ (چێن) ڕەگەکەیەتی. چێن+ر+ا = چێنرا، چێنراوە، چێنرابوو.

چاوگی (سڕین)> دەسڕم: دەردەکەوێ (سڕ) ڕەگەکەیەتی. سڕ+ر+ا = سڕرا، سڕراوە، سڕرابوو.

 

یاسای بکەرنادیار لە زمانی کوردیدا بۆ ڕانەبردوو ئەمەیە:

دە+ڕەگی کار+جێناوی بکەرنادیار+ نیشانەی کاتی ڕانەبردووی بکەرنادیار

  • نیشانەی کاتی ڕانەبردووی بکەرنادیار هەمیشە (ێ)یە.

بەمشێوەیە:

چاوگی (بڕین): دە+بڕ+ر+ێ = دەبڕرێ.

چاوگی (کڕین): دە+کڕ+ر+ێ = دەکڕرێ.

چاوگی (چاندن): دە+چێن+ر+ێ = دەچێنرێ.

چاوگی (سڕین): دە+سڕ+ر+ێ = دەسڕرێ.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.