هونەر و داهێنانی کوردی

چۆن وابکەین هونەری کوردی نەشێوێ؟ چۆن برەویپێبدەین؟

باشە شیاوتر نییە پێشتر پرسیارێک بکەین کە خودی هونەر و داهێنانی کوردی کامەن و چین؟ من چواردە ساڵە خەریکی هونەرم. ئەگەرچی خولیای ترم زۆرە و تا ڕادەیەکیش ماخۆلانم هەیە، بەڵام هەمیشە هونەر چەقی خولگەکانم بووە و وەک هەسارەیەک بەدەوریدا سووڕاومەتەوە. ڕەنگە لە زۆربەتان زیاتر بەر پرس و دۆزی “هونەری کوردی” کەوتبم. چواردە ساڵە ئەم بابەتە لە سووچێکی مێشکمدا لە پڕۆسە و سۆراخدایە. دڵنیاشم لە زۆر پەنجەرەی ترەوە تەماشای ئەم بابەتەم نەکردووە و هێشتا کۆمەڵێ گۆشەنیگای جیاوازتر قەرزارم. بەڵام بە ئەوەندەی خۆم دەیبینم لەگەڵتداندا بەشیبکەم و ئێوەش میهر بنوێنن و گۆشەنیگای خۆتانم لەگەڵدا بەشبکەن تا بە هەموومان لە چەند گۆشەیەکی زیاترەوە بابەتەکە بپشکنین و بە ئامانجی نوێ بگەین.

ئەوەندەی سەرنجمداوە، هەمیشە هونەری کوردی وەک سامان تەماشاکراوە. کە لە ڕاستیدا چوواندنێکی زۆر چاکە و هەر ئەم چوواندنە یارمەتیماندەدا باشتر لێیتێبگەین. بۆیە من هیچ دژی ئەوە نیم کە هونەر و داهێنانی کوردی وەک سامان تەماشابکرێن. لێرە بەدواوە بە فەرمانی گەل هونەری کوردی بە سامان پێناسەکرا.

ئەگەر مناڵەکەت بهێنی و پێیبڵێی “ڕۆڵەی شیرینم، ئاگاداری سامانەکەم بە” لەڕووی لۆژیکییەوە نابێ ئەو بزانێ سامانەکەت چییە و لەکوێیە و چەندە تا بتوانێ بیپارێزێ؟ کە تۆ نەتوت کامە سامانەکەتە و لەکوێدایە و چەندە؛ چۆن چاوەڕێی ئەو دەکەی پارێزگاریی لێبکا؟ کەواتە یەکەم کارمان دەستنیشانکردنی سامانەکە و شوێن و چییەتییەکەیەتی.

ئێستا گریمان سامانەکەمان دۆزییەوە چییە؛ ئەی پارێزگارییەکە چۆن بێ؟ ئایا بەڕاست کاری پاراستنی سامان هەر تەنها ئەوەیە بە چەکێکەوە بەدیارییەوە بوەستی و یەسیەم بکەی؟ یان وردەوردە تێدەگەین سامانی سڕ سامان نییە و بارگرانییەکە لەسەر شانمان؟ کەواتە دەگەینە ئەوەی بیربکەینەوە چۆن ئەم سامانە بەکاربهێنین و ئامانجمان لێی چی بێ؟ کە وەڵامەکەش لای ئابووریناسان و سەرمایەداران زۆر ئاسانە، سامان بە گشتی سێ ئەرکی هەیە:

  1. پاراستن.
  2. زیاکردن (چەندجارەکردن).
  3. چێژلێبینین.

لەبەرئەوەی تیشکۆی باسەکەم لەسەر خاڵی دووەمە، بۆیە یەکەم جار باسی خاڵی یەکەم و سێیەم دەکەین، پاشان دەگەڕێینەوە بۆ سەر دووەم.

یەکەم: پاراستن

جەنگی سەرەکیی دوژمنانی کورد لەگەڵ کورددا جەنگی کەلتوورییە نەک شتی تر. بوونی کورد وەک گەلێکی شارستان کێشەی دوژمنانە. من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا کۆک نیم کە گەلبوون تەنها بۆ ئابووریی سەربەخۆ تەسکدەکاتەوە. بەڵکو زمان هێڵی جیاکەرەوەی گەلە. گەلی خاوەن زمان (کە کورد یەکێکە لەوان و بەڵگەش ئەوەیە ئەم نووسینە بە کوردی دەنووسم و تۆش بە کوردی تێیدەگەی) بیروبۆچوون و وێژە و هونەری نووسراو و دەربڕراوی خۆی هەیە. کوردیش لەمە بێبەش نییە. گۆرانی و هۆنراوە و داستان و چیرۆکمان بە کوردی هەیە و کەس ناتوانێ نکووڵییان لێبکا. ئەگەرچی هەندێ گونمەساجکەری بێگانە زۆر حەزدەکەن ئەم سامانانە کەمبەها لەقەڵەمبدەن؛ بەڵام ئەوانە ئاو دەبێژنەوە.

بێگومان کورد کەلتووری هەیە و بێگومانیش دەبێ پارێزگاری لە کەلتوورەکەی بکا. بەڵام لێرەدا تێنەگەیشتنێک هەیە، کەلتوور واتە ڕابردوو، نەک ئەمڕۆ! یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی تێنەگەیشتنەکەمان ئێرەیە. کە کەمێکی تر زیاتر ڕووندەبێتەوە. هەر شتێک بە زمانی کوردی و لە لایەن کوردەوە کرابێ، بە ناشرین و جوانیانەوە دەبێ بپارێزرێن، چونکە بەشێکن لە بەرهەمی گەلەکەت. لێرەدا پرسی دووەم سەرهەڵدەدا: ئەی ئەوانەی پێشتر؟ ئێمە دەزانین زەوی موڵکی کەس نییە و موڵکی هەموو کەسیشە. گەلان دێن و دەڕۆن، زەوی دەمێنێتەوە. لەسەر بەشێک لەو خاکەی ئێستا ئێمەی لەسەر دەژین، ڕۆژێک لە ڕۆژان سەلجووقییەکانی لێبووە، مێدیاییەکانی لێبووە، حیتی و میتانی و و ڕۆمانی و ئیلخانی و مەنگۆلی و هەخامەنشینی و گریکی و ساسانی و ئاشووری و چەندانی تری لەسەر ژیاوە. هەریەکێ لەمانە شوێنەواری خۆی جێهێشتووە. بەڵام ئێستا ئێمەی لەسەر دەژین. بۆیە دەبێ هەموو ئەم بارمتە ژیارییانەش بپارێزین، ئەگەریش بەدڵمان نەبن، گەر دەتەوێ مێژوو لەگەڵتدا بەسۆز بێ، تۆش بەرامبەر مێژوو بەسۆز بە!

سێیەم: چێژبینین

ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی. سامانی هەموو جیهان هیی تۆ بێ، کە کراسێکی جوانی لێنەکڕی لەبەرتدابێ بۆ چیت چاکە؟ شەربەتێکی پێنەخۆیتەوە بۆ چیت چاکە؟ بۆ مناڵەکەت؟ ئێ ئەوکات ئەویش یان هەموویت بۆ دەخوا و هەڵدەستێتە سەرپێ و دەکەوێتە سەر جادە، یان وەک تۆ گەمژە دەبێ و ئەویش بۆ مناڵەکەی دادەنێ. مناڵەکەی ئەویش بۆ مناڵەکەی و ئاوا تا دێ هەریەکە و بۆ یەکێکی تر دەژی، لە کۆتاییدا کەس ناژی! بۆیە ئەو سامانەی هەتە دەبێ بەشێکی لە خۆشی و چێژی خۆت و چواردەورتدا سەرفیبکەی. هەمان پرسیاریش سەبارەت بە هونەر هەیە. هەزار ساڵ عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب و کاروان عوسمان و حەسەن زیرەکت هەبێ کە چێژیان لێوەرنەگری بۆ چیت چاکن لە سووچێکدا هەڵیانبگری؟ بۆیە بەرنامەیەکی چاکە کە بۆ چێژبینین سوود لە سامانەکەت وەربگیرێ.

بیربکەرەوە لویسی شانزە و ناپۆلیۆن بۆناپارت و شاژنە ڤیکتۆریا و چەندان کەسی زۆر پلەبەرزتر و ناودارتری جیهان ئەو تەنتەنەیەی تۆی ئەمڕۆیان نەبووە کە هەر لێی بەگلەییت! هەر زۆر دوور لەمەوپێش نا، سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر گەر حەزت لە گۆرانییەک بووبایە دەبووایە بچوویتایە بگەڕایتایە بزانی کەی کۆنسێرتێک دەکرێ ئەو گۆرانییەی تێدا نمایشدەکرێ و بلیتت ببڕییایە و بە تەوسەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەت بکردایە. پلانی ئەو ڕۆژەت دابنایە کە هیچی ترت نییە بیکەیت و نزاتبکردایە شتێکی قۆڕ لەو ڕۆژەدا ڕووینەدابایە و پاشان لە کۆنسێرتەکەش یەک جار گۆرانییەکەت دەبیست. مەگەر زۆر زۆر دوای فشاری چەپڵەڕێزانی زۆر گۆرانیبێژت ناچاربکردایە دووبارەی بکردایەتەوە. دە ئێستا هەر دوای خوێندنەوەی ئەم نووسینە دەتوانی ئامادەی کۆنسێرتێک ببی. هەر ئەمڕۆ دەتوانی سەد جار لەسەر یەک گوێ لە یەک گۆرانی بگریتەوە. هەر ئەمڕۆ دەتوانی ئامادەی دوو ئۆپێرا ببی. بۆیە چی ڕێگەی لێگرتووی چێژ لەوە نەبینی لەوەی هەتە؟ کەس ناڵێ کە نوێ هات ئیتر نابێ کۆنەکان بمێنن. بەڵکو نوێ و کۆن هەموو دەچنە ڕیزی یەک. زۆر کەسی ژیر و ئاوەزمەند دەبینم بە کامی تێگەیشتنی خۆیانەوە وادەزانن کە گۆرانیبێژێکی نوێ هات ئیتر حەسەن زیرەک دەسڕرێتەوە! هێز نییە حەسەن زیرەک لەناوببا، بۆیە دەستبەرداری ئەم دڵەڕاوکێ بێبنەمایانە ببن.

دووەم: زیاکردن (چەندجارەکردن)

ئەگەرچی لە سامانداریدا چەندجارەکردن یان زیاکردن واتە هەوڵدان بۆئەوەی بەوەی هەتە هیی تر پەیدابکەی. بەڵام باشتر وایە هەر بە چەمکە گشتگیرەکەی سامان بڕۆین و وردنەبینەوە بۆ نموونەکانی سامان. بۆئەوەی لێم تێبگەن، نموونەی سامانی نەختینەیی دەهێنمەوە: ئەگەر تۆ سەد هەزار دیناری عێڕاقیت هەبێ، وەک ساماندارێک ئەرکەکەت ئەوەیە زیاتری بکەی، بۆ نموونە بیکەی بە دووسەد هەزار دینار. ئەو سامانەی تر کە دێ، لە ڕووی چییەتییەوە هەر هەمان ئەوەیە کە هەتە، تەنها لە ژمارەدا زیاترە. ئەگینا پارەکە هەمان شتە لەگەڵ ئەوەی خۆت هەتە. لە جیهانی سامانداریدا ئەمە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ هونەردا بەراوردیبکەین: ئەو هونەرەی پێشتر هەتبووە، ئەگەر ئێستا هەمان شت دووبارەبکەیتەوە و بیکەی بە دوو دانە، یەکێکیان زیایە! چونکە ئەی کوا داهێنان؟ کەواتە هونەر لە داهێناندا لەگەڵ ساماندا جیاوازە. پارچە زەوییەکت هەبێ و بیکەی بە دووان کێشە نییە، بەڵام بێیتەوە هەمان گۆرانیی سەد ساڵ لەمەوبەر دووبارەبکەیتەوە هیچ داهێنانێکی تێدا نییە. ئەگەر کاتی خۆی بە ئەمەکەوە لە گۆرانییەکەت بڕوانییایە کە هەتبوو و چاک بتپاراستبایە؛ ئێستا پێویستت بە نوێکردنەوەی نەدەبوو! وەکو نوێشتکردەوە دەبوو نوێکارییەکت بکردایە. یان وەک ڕەگەزێکی داهێنان بۆ کارێکی نوێت بەکاربهێنایە. ئەڵبەت هەمان بابەت ئێستاش دەگرێتەوە. ئەوەی ئێستاش دەکرێ، ڕۆژێک لە ڕۆژان نەوەکانی ئایندە دەبێ بێن و بیپارێزن! بۆیە نوێکردنەوە بە مەبەستی چێژبینینی ڕووت نەبێ یان نوێکارییەک؛ هیچ واتایەکی تری نییە و بۆ پڕۆسەی بەردەوامیدان بە هونەر بەس نییە.

ئێستا تۆ دەتوانی بڵێی کام هۆنراوەیە کوردییە و کامە فارسییە، تەنانەت هۆنراوەیەکی نالی کە هەر بەو ڕێنووسە کۆنە نووسراوە کە عەرەبی و فارسی و تەنانەت تورکیشی پێنووسراوە، دەتوانی جیایبکەیتەوە کە کوردییە. بەڵام کاتێ بەتایبەتی دێیتە سەر موزیک، چۆن دەستنیشانی دەکەی؟ چۆن بزانین چی کوردییە؟ چ دەنگێک کوردییە و چ دەنگێک کوردی نییە؟ تا ڕادەیەک وەڵامی ئەم پرسیارە لە گۆرانیدا ئاسانترە، ئەویش زمانی بێژانەکەیە، کە کوردی بوو، کوردییە! بەڵام ئەی لە موزیکی ڕووتدا؟ تەنها بەوەی ئامێر و پێکاری ژەندنەکە لە کورددا باوبووە، ئیتر کوردییە؟ لەبەرئەوەی ژەنیارەکە کورد بوو، ئیتر کوردییە؟ ئەی ئەگەر پیانۆژەنێکی کوردی ساڵی ١٩٠٠ موزیکێکی یۆهان سێباستیان باخی ژەندبوو کە لە ١٧٥٠دا مردووە؟ ئێستا ئەو موزیکە ئەڵەمانییە یان کوردییە؟ چۆن دەزانی موزیکێک کوردییە؟ تەماشای پاسپۆرتەکەیت کرد؟ جامانەی بەسەرەوە بوو؟

لێرەدا دەبێ باسی چێژی پەسەندکراو و تەکنیکی دووبارەبووەوە بکەین. ئەوەی لای زۆر کەس بە کوردی دادەنرێ، لەبەرئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆری کورد (بەتایبەتی نەوەکانی پێشوو) چێژی لێدەبینن. بۆچیش بە کوردیی دەزانن؟ چونکە دەمێکە ڕەگەزێک لە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی موزیکەکە لەناو کورددا دووبارەدەکرێتەوە. واتە تەنها بەوەدا دەزانرێ کوردییە کە دووبارەکەرەوەی ئەوانەی کۆن بووە. ئەی ئەگەر ئێستا تۆش هەر بێیتەوە کۆنەکان دووبارەبکەیتەوە؛ ئەی کوا داهێنان؟ باشە، گریمان تێکەڵکردنی شێوازی موزیکی ١٩٨٠ لەگەڵ شێوازی موزیکی ١٩٠٠ لەپڕ پێناسەی داهێنانی بۆ کرا و لەناو کورددا بە داهێنان لەقەڵەمدرا؛ ئەی بیست ساڵی تر چی بکەین کە ئیتر هەموو نۆسەدوهەشتاکان و نۆسەدەکان تێکەڵکران؟ چونکە ئیتر ئەم داهێنانەی ئێوە چەسپاندووتانە سنووری هەیە و ڕۆژێک تەواودەبێ. ئێستا دەبینی بەرەبەرە وەڵامی ئەم پرسیارە قورستر و قورستر دەبێ.

ئەڵبەت ئەم هەموو قسانە ناکەم بۆئەوەی شتێکتان بۆ ڕووننەکەمەوە. ئەوەی زۆربەی هاووڵاتییان تێیگەیشتوون کە پێناسەی هونەری ڕەسەن و کوردی و ئەمانە دەکا، پێکهاتووە لە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک تەکنیک کە پێشتر زۆر باو بووە و بەکارهێنراوە. ئەوەندە ئەو تەکنیکە دووبارەکراوەتەوە چووەتە یادگەی چێژ و یادگەی مێژووییەوە. ئەم بیردۆزە بە هەمان بیردۆزەکەی پاڤلۆڤ کاردەکا. تەکنیکێک یان زیاتر لە تەکنیکێک لە کات و کاری جیاجیادا ئەوەندە دووبارە دەکەیتەوە کە وردەوردە مۆرکی تۆ وەردەگرێ. ئەگەر یەکێ لەم سەردەمەماندا بە شێوازی سێوە گۆرانی ببێژێ، تۆ هەرلەخۆتەوە لە من بو کورددتری دەزانی کە نازانی شێوازی من دیاریبکەی.

زۆربەی موزیکدانەرە مەزنەکان ئەم ڕاستییەی شێوازناسی دەزانن بۆیە موزیکەکانیان مۆرکی خۆیانیان پێوەیە. سێ نموونەی تەکنیکی دەهێنمەوە، ئەگەر لە زاراوەکان تێنەگەیشتی کێشە نابێ، تەنها لە پەیامەکە تێبگەی بەسە: بۆ نموونە مۆتسارت لە کادەنزی کۆنشەرتۆکانیدا، (ئەگەر هەڵە نەبم) هەمیشە بە ترێل ئۆرکێسترا بانگدەکاتەوە. ئەگەر مۆتسارت یەک کۆنشەرتۆی هەبووایە، بە ڕێکەوت لەو کۆنشەرتۆیەدا بە ترێل ئۆرکێسترای بانگبکردایەتەوە؛ ئەمە نەدەبووە شێوازی مۆرکی مۆتسارت. چونکە شێواز لە دووبارەبوونەوەوە دەچەسپێ و دەناسرێتەوە. بێتهۆڤن زۆربەی جار لە پەیژەگۆڕکێدا کۆردێکی دیمینیشت دەهێنێ، پاشان نیوتۆنی یەکێکیان دادەگرێ، پاشان پەیژەی دوای ئەوە دەکا بە پەیژەیەک کە ئەو تۆنە داگیراوەی دووەم جار پێنجەمین تۆنی بێ (تۆنی زاڵ). ئەگەر بێتهۆڤن تەنها جارێک ئەمەی بەکاربهێنایە؛ نەدەبووە مۆرکی بێتهۆڤن. شۆپان زۆر جار فرەڕەزمی لەنێوان دەستی ڕاست و دەستی چەپی پیانۆکەیدا بەکاردەهێنێ کە ئەمە بووەتە یەکێک لەو مۆرکانەی شۆپانی پێدەناسرێتەوە.

کەواتە ئێستا تێدەگەین جادوو و نهێنیی مۆرک و شێواز؛ دووبارەکردنەوەی تەکنیکێک یان زیاترە. ئەی کەواتە کورد چیی ئەوەندە دووبارەکردووەتەوە کە ئێستا بووە بە مۆرکی خۆی؟ پاشان کە زانیمان شتێکی ئەوەندە دووبارەکردبێتەوە، ئایا شیاوە ئەوەندەی تریش هەر دووبارەی بکەینەوە؟ ئەگەر بڕیار وایە هەر دووبارەی بکەینەوە، کەواتە تا کەی هەر وابکەین؟ گریمان لەو ڕەگەزانەی باووباپیرانمان پێی ئاشنابوون؛ قاڵبێکمان بۆ هونەری کوردی داڕشت. ئێستا کە قاڵبمان بۆ موزیکی کوردەواری داڕشت؛ ئایا هەست بە کۆتوبەندەکە دەکەی؟ ئایا هەستدەکەی لەگەڵ هەموو هەڵبژاردەیەکی نوێدا و کۆتێکی تر دەخرێتە قاچی هونەرمەندەکەوە؟ ئێ باشە ئەو هونەرمەندە دەتوانێ یەکەم جار ئەوەت بداتێ… ئەی دووەم و سێیەم و چوارەم؟ ئەی کە سبەینێ خۆی مرد و خوێندکارەکانی هەر هەمان چێشتت بۆ گەرمبکەنەوە؟ وەڕس نابی؟ ئایا ئەرکی هونەر هەر ئەوەیە کۆنت بۆ دووبارە بکاتەوە؟ کەواتە بۆچی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و مۆبایلەکانتان فڕێنادەن، خۆ هونەرمەندە نوێکانتان هونەرە کۆنەکانتانتان بۆ دووبارەدەکەنەوە!

ئەڵبەت من ئاگادارم کە چرکە بە چرکە و دێڕ بە دێڕ زیاتر وەڵامتان لەسەر قورستر دەکەم و زیاتر ناچارتان دەکەم بە هەموو بیروبۆچوونەکانتاندا بچنەوە. ئەم وروژاندنەی مێشکیشتانم لەم چرکەیەدا پێخۆشە، چونکە چەندین ساڵە کەس مێشکمان ناوروژێنێ بەتایبەتی لەم بوارەدا و ئەوەی دەیبیستین کۆمەڵێ قسە و باوەڕی ئۆتۆماتیکییە کە بووە بە دۆگما و کەسیش نازانێ خودی دۆگماکە چییە، داشنەنیشتووین بە کامی باوەڕەوە بڵێین: با وەک مناڵێک بێین و سەرلەنوێ لە سەرەتاوە فێرببینەوە، چونکە ئەوەی دەمانزانی بەشی نیوەی ڕێکەمانی نەکرد. نەخێر، هەموو خەڵک قاڵ و شارەزان و هەمووان وەڵامەکانیان پێیە، کە داوای وەڵامەکانیش دەکەی هەموو لاڵ دەبن و تەتەڵە دەکەن و بابەتەکە یان بەرەو ئاقاری حوکمدان و سەرزەنشت دەڕوا، یان بەرەو ئاقاری پیاهەڵدان. کەسیش ناپرسێ سەرزەنشتەکە لەسەر چی و پیاهەڵدانەکە لەسەر چی! هەمووی یان دەڵێ (هەر لەخۆمەوە ئەم نەوایەم خۆشدەوێ)، یان (ئەرێ ئەم هەتیوە چییە لەخۆیەوە لەوچەلەوچ دەکا؟ ئەمانە چین! هونەری کوردی ڕۆ!).

لە ڕاستیدا لە موزیکی ڕووتدا بەر ئەو ڕاستییە دەکەوی کە موزیک سنووری نییە، زانستیش سەلماندوویەتی، چونکە موزیک بەرهەمی فیزیایە، فیزیاش سنووری نییە. هەموو مۆرکەکانیش پەیوەستن بە تاکەکەسەوە، نەک بە گەلێکی دیاریکراوەوە. من بە هۆی چواردە ساڵ ئەزموونی موزیکەوە؛ بێگومان لە کەسێکی ئاسایی زیاترم بیستووە و مەودای چێژم ئاڵۆزتر و فراوانتر بووە. ئەگەر هەموو گەلی کورد وەک من بوونایە؛ ئەوکات ڕازیکردنمان بە بەرهەمی هونەریی هونەرمەندانی تر سەختتر دەبوو و بەردەوام داوای کاری نوێتر و نوێگەرترمان لە هونەرمەندان دەکرد. بەڵام کاتێ چێژی هونەریی گەلێک تەنها بۆ زۆرینەی ئەو گەلە تەسکدەکەیتەوە؛ ئەوکات ناچاری سازش لەسەر زۆر ڕەگەزی مەزنی هونەر بکەی لەپێناوی ئەوەی زۆرینەی خەڵک لە هونەرەکە ڕازی ببن. ئەوکاتەش ئەو پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: خۆ زۆرینەی خەڵک بە پیاکێشان بە سەتڵەماستێک ڕازییە؛ ئیتر بۆچی خۆمان ماندوو بکەین و بەدوای نوێتردا بگەڕێین؟ دەشێ گەلی کورد هەموو پێکەوە چێژ لە تەکنیکێکی دووبارەی موزیک وەربگرن و لەخۆوە بە “کوردی” پێناسەیبکەن بێ ئەوەی موزیکەکە یەک وشەی کوردیی تێدا بێ؛ بەڵام ئایا تەنها لەبەرئەوەی شتێک زۆر لێرە دووبارە دەکرێتەوە، دەبێ بە موڵکی تۆ؟ ئەگەر دەبێ بە موڵکی تۆ، ئەی ئەگەر بەیانی گەلێکی تر خوویاندایە ئەو دووبارەکردنەوەیەی تۆ؟ بچین شەڕبکەین؟

هونەر پڕۆسەیەکی تاکەکەسییە. سنوور کاری مرۆڤە و وەک خەریکە لێمتێدەگەن من دژی هەموو سنوورێکم، چونکە ئەگەر باوەش بە سنووردا بکەم سروشت دڵم دەشکێنێ. بۆیە ڕۆژبەڕۆژ خۆم ڕادەهێنم لەگەڵ سروشتدا هەماهەنگ ببم. هەموو دووبارەکردنەوەیەک و شێواز و مۆرکی موزیکی گەلان هیی سەردەمانی پێشوون. ئەوکاتەی پەیوەندیی گەلان وەک ئەمڕۆ نەبووە. هەریەکێ لە گەلەکانی سەر زەوی سووچێکی فیزیایان لە موزیکدا دۆزیوەتەوە و زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر. بۆیەش دووبارەیان کردووەتەوە چونکە لەوە زیاتریان لێنەزانیوە و زیاتریان نەدیوە. بەڵام لەگەڵ زۆربوونی پێکار و کەرەستەی دروستکردن و تێکەڵاوبوونی زیاتری جیهاندا بەرهەمی جیاوازتر دروستدەبن. ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم دەڤەرەدا کەس نەیزانیوە گونجانکاری (هاڕمۆنی) بکا. دوو ژەنیار کە دانیشتوون ئاوێنەی یەک بوون و دووبارەی یەکیان کردووەتەوە، کە ئێستاش زۆرجار لە موزیکی کاڵوکرچدا هەمان دیاردە بەدیدەکرێ. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەوروپا کەس نەیزانیوە لەنێوان نیوتۆندا چارەکەتۆنیش هەیە و دەشێ بەکاربهێنرێ. ڕۆژێ لەڕۆژان چ لەم دەڤەرەش و چ لە ئەوروپاش پەی بەو هەموو ڕەزمە جیاوازانەی ئەفەریقا نەبراوە.

بە بڕوای من هونەرمەندی نوێی سەردەمی مرۆڤی نوێ، ئەرکی ئەوەیە لە هونەری هەموو گەلێک بخوازێ و هونەری جیهانیی نوێ بسازێنێ. خۆبەستنەوە بەوەی تایەر تۆفیق چیی کردووە بۆئەوەی تۆش تا ماوی دووبارەیبکەیتەوە بەفیڕۆدانی هەلی خۆبوونتە. هەموو هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەیەک سەربارێک دەسازێنێ. هەموو خۆبەستنەوەیەک بە چێژی پەسەندکراوی ناوچەکەتەوە گوریسێکی زبرە و لە مل و قاچی خۆتی دەئاڵێنی. ئەگەر گەلەکەشت داوای لێکردی، تۆ مەیکە. ئەوان تۆی نوێ بە چەکی کۆن سڕدەکەن، چونکە زۆربەی مرۆڤ بە سروشت حەزی لەوە نییە لەبەردەم شتی نوێدا تاقیبکرێتەوە. تۆ مرۆڤ و هونەرمەندی ئەمڕۆی، نەک هیی دوێنێ. سبەینێش هونەرمەندی خۆی دەبێ. تۆ ئەرکی ئەمڕۆت جێبەجێ بکە. هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلان ببەسترێتەوە. چۆن خۆر، مانگ، ئاسمان، ئەستێرە، با، هەوا، ڕوناکی…تد بۆ هەموو مرۆڤەکانە بە یەکسانی؛ موزیکیش هیی هەموو کەسێکە بە یەکسانی. کە هونەرت بۆ تەنها یەک گەل تەسککردەوە؛ ئەوکات دەبێ پۆلیسیشی بۆ دابنێی، ڕێک ئەوەشە کە ئێستا ڕوویداوە: ئەوەندەی پۆلیسی هونەر هەن، ئەوەندە هونەرمەند نین. ئەم پۆلیسانە خۆشیان نازانن پارێزگاری لە چی دەکەن، ئەرکیان ئەوەیە لە هەر شتێک تێنەگەیشتن دایبپڵۆسن، تەنانەت چێژیش لەم داپڵۆسینە وەردەگرن. ئەم پۆلیسانە ئەوەندە چێژ لە داپڵۆسین دەبینن و وا بە داپڵۆسین و سەرکۆنەوە ئالوودە بوون کە وایلێهاتووە بیریانچووەتەوە بۆچی وادەکەن! هەر بۆ نموونە: پار لە ڕۆژێکی دیاریکراودا گۆرانیبێژێک گۆرانییەکی بڵاوکردەوە کە لەپڕ هەموو فەیسبووک کەوتنە سەرزەنشت و جنێودان پێی. زۆربەی برادەرەکانم تەنانەت مافی کوردبوونیشیان لێسەندەوە. کەچی هەمان ڕۆژ نەریمان بابان گۆرانییەکی نوێی بڵاوکردەوە، کەسێک باسینەکرد! ئێستا ئەگەر شتێکی تریش بڵێم دەڵێن ئەم هەموو لەوچەلەوچەی لەبەر خۆی کرد، بۆیە باسی ئەوە ناکەم کە خۆم لە هەمان ئەو ڕۆژەدا گۆرانیی (وەرە بۆلام)م بڵاوکردەوە کە بەرهەمی چوار ساڵ کارکردن و سیانزە ساڵ ئەزموونی موزیک و ساڵێک پڕۆڤەم بوو.

بێینەوە سەر هونەر و سامان. بیرتبێ؛ سامان حەزی لە سڕکردن و وەستان و دانیشتن نییە. تەنها خۆت مەبەستەرەوە بە شێوازی باوی تەنها یەک گەلەوە. فێریان بە، ئەگەر فێریان نەبی دەبەنگی، کاریشیان تێدا بکە، بەڵام با هەموو کارەکانت تەنها لەو شێوازە سنووردارەدا نەبێ. با کارەکانت تەنها ئەرەبێسک نەبن، با تەنها بەلەدی نەبن، با تەنها کلاسیک نەبن، تەنانەت لەناو یەک کاردا با تەنها یەک شێواز نەبن… هونەری هەموو گەلان پێکارێکن بۆ تۆ تا هونەرە نوێکەتیان پێ بونیادبنێی. هونەر لە جیهانی نوێدا دەبێ بەرەو جیهانیبوون هەنگاوبنێ. دەبێ هونەری نوێ سنووری گەل ببەزێنێ. دەبێ هونەری نوێ مرۆڤی گەلان فێری ئاشتی و هەماهەنگی بکا. خەمتان نەبێ، ئەوەی پێشوو پارێزراوە و لەناوینابەین. بەڵام مێژوو مێژووە و ئێستاش ئێستایە. هەر سەردەمە و هونەر و هونەرمەند و شێوازی خۆی. داهێنان هیچ نییە جگە لە دۆزینەوەی شتێک کە پێشتر نەدۆزرابووەوە، تەنها ڕێگاشت بۆ دۆزینەوەی نوێ ئەوەیە بزانی پێشتر چی دۆزراوەتەوە. بۆیە لێکۆڵینەوەیەک لە ڕابردوو بکە، کە ڕابردووەکەتت دی و زانیت چی نەکراوە؛ ئەوکات پردەکانت بسووتێنە و بەرەو ئایندە هەنگاوبنێ. بۆ یادکردنەوە و خۆشەویستی نەبێ بۆ دواوە نەگەڕێیتەوە، تۆ مرۆڤی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی دواوە نیت. تۆ هونەرمەندی سەردەمی خۆتی. سەردەمی تۆش سەردەمی ئاوێزانبوونی جیهانە. ئێستا ژاپۆن دوو کلیک لێتەوە دوورە. چی دەستی گرتووی؟ هەموو گوریسەکانی کەلتوور و ڕەگەزپەرستی و سنووربازی لە قاچ و ملت بکەرەوە و بەرەو پێش بڕۆ. ئەگەر هێشتا لە ڕابردووەکەشت تێنەگەیشتووی؛ لە ئێستا زووتر نییە لێکۆڵینەوە لە ڕابردوو بکەی. تا یەک و دوو و سێ نەدۆزیتەوە و نەزانی هەن؛ ناتوانی چوار بدۆزیتەوە.

بۆیە لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم، هەموو هەوڵدانێک بۆ پاراستنی کەلتووری گەلەکەت پیرۆزە. چێژبینینیشت لە هونەری گەلەکەت کارێکی تەندروست و پێویستە. بەڵام گوریسی ڕابردوو لە قاچ و ملی هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە. هونەرمەند دەبێ ئازاد بێ تا داهێنان بکا. ڕابردوو ڕابردووە، تا بۆتان دەکرێ تێیبگەن و لێوەی فێریببن و پێی ئاشنا ببن، بەڵام تیایدا مەژین. چیتر کۆتوبەند لە هونەر و هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە و بە چەکوشی کۆن پەیکەری نوێ مەڕووخێنن. ئێستا سەردەمێکی ترە و لەگەڵیدا ئاشتببنەوە. گەڕان بە جیهاندا کارێکی خراپ نییە. دەرگاکان واڵابکەن. ئەگەر لە شتێک تێنەگەیشتن کێشە نییە، بەڵام بە تێنەگەیشتن یەکسەر مەکەونە گەلەکۆمەکێکردن. ئێمە لە سایەی دەسەڵاتێکی بێکەلتووری سەر زەویی دایکی شارستانییەتییەکانەوە هەموومان پەڕەوازەین و سەرلێشێواوین، بۆیە ئاساییە گەر جارجار هەڵە بکەین، ئاساییە ڕێگا ونبکەین. ئێوەش کەمێک دەستبەرداری داپڵۆسین ببن تا جارجار ئاگادار بن کە هەر لەسەر ئەو شەقامەی یەکێکتان بە تۆمەتی ناشرینی فەلاقەدەکرد؛ چەندین جوان تێپەڕبوون و ئێوە لێیان بێئاگا بوون کە ڕەنگە ئەگەر ئاوڕتان لێیان بدابایەتەوە و گرنگییتان پێیانبدابایە زیاتریان بۆبکردنایە و زیاتر هانبدرانایە.

ئەگەر ئەم نووسینە درێژەت تا ئێرە خوێندووەتەوە، لە ناخی دڵمەوە سوپاستدەکەم. تکات لێدەکەم لە درێژدادڕیم ببووری، ئەمە بەرهەمی چواردە ساڵ هەڵهێنجانم بوو. حەزیشدەکەم بیری لێبکەیتەوە و گۆشەنیگای خۆتم لەگەڵدا بەشبکەی. ئێمە بە هەردووکمان دەوڵەمەندتر دەبین.

دەتوانی چۆنت دەوێ ئەم نووسینە کۆپی بکەیت و بیبەی. حەزدەکەی هەر بە ناوی خۆشتەوە بڵاویبکەرەوە. بەڵام تکایە لەخۆتەوە پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ مەکە، ئەگەر ویستت پیتێک بگۆڕی ئاگادارم بکە.

نەوا موکرجی