ئایا (موزیک)ـە یان (مۆسیقا)یە؟ بۆچی؟

ئایا هەرگیز سەرنجتداوە کە ئەو وشەیەی چەمکی کۆی ئاواز و گۆرانی و بەستە و ئەوانە دەگەیەنێ لە زۆربەی زمانەکانی جیهاندا بەتایبەتی زمانەکانی ڕۆژئاوا نەک ڕۆژهەڵات لەیەکەوە نزیکن؟ بۆ نموونە بە ئینگلیزی (میوزیک)ـە، بە فەڕەنسی (موزیک)ـە، بە ئیتاڵی (موزیکا)یە، بە ئیسپانی (موسیکا)یە، بە ئەڵەمانی (موزیک)ـە، بە ڕووسی (موزکا)یە. بە یۆنانی (موسیکی)یە. بە عەرەبی و فارسیش (موسیقا)ن.

بەڵام بە هیندی (سەنگیت)ـە، بە چینی (ییویێ)یە، بە ژاپۆنی (ئۆنگاکو)ـە.

ئەگەر سەرنجبدرێ ئەو زمانانەی لە لاتینییەوە پەرەیانسەندووە وەک ئیتاڵی، فەڕەنسی، ئیسپانی، ئینگلیزی، وشەکەیان لە لاتینییەوە وەرگرتووە کە (موزیکا)یە.

موزیکا وشەیەکی داڕێژراوە لە (موز) و (یکا) پێکهاتووە.

(یکا) لە زمانی لاتینیدا پاشگرێکە هەمان کاری پاشگری (ی)ی کوردی دەکات. واتە ناوی ڕێژەیی دەسازێنێ. بۆ نموونە ناوی گشتی و پۆلێنی گەورەتر. وەک (ئاو> ئاوی). (ئاوی) واتە شتێک کە پەیوەندیی بە ئاوەوە هەبێ، یان بە ئاو کاربکات، یان لە ئاودا بژی، یان بە ئاو بژی…تد. نموونەی تر وەک (بەرز> بەرزی)، (مرۆڤ>مرۆیی)…تد. واتە پاشگری (یکا)ی لاتینی بەرامبەر پاشگری (ی) کوردی دەوەستێتەوە.

لە ئینگلیزیدا دەبینین وشەکە لە (میوز) و (یک) پێکهاتووە. (یک)ی ئینگلیزی بە هەمان شێوەی (یکا)ی لاتینی پاشگرێکە بەرامبەر پاشگری (ی) کوردی دەوەستێتەوە. ئەگەر هەڵەش نەبم ئینگلیزی هەر لە زمانی لاتینییەوە ئەو پاشگرەی بۆماوەتەوە.

کەواتە تێدەگەین کە بنجی وشەکە (میوز) یان (موز)ـە.

(میوز) یان (موز) لە (موس)ی یۆنانییەوە هاتووە. (موس)ـەکان کۆمەڵێک بانوخوا بوون لە ئەفسانە و ئاینی کۆنی یۆنانیدا لە سرووشی هونەر و زانست و وێژە بەرپرس بوون. بانوخوا واتە خواوەندی مێینە. ژمارەکانیان گفتوگۆی لەسەرە، بەڵام بە گشتی باوەڕ وایە کە نۆ بانوخوا بوون. هەریەکێک لەم موسانە لە سرووشی بوارێک یان چەند بوارێک بەرپرس بوون. بۆ نموونە:

ئیراتۆ: لە سرووشی هۆنراوەی خۆشەویستی بەرپرس بووە.

پۆلیمنیا: لە سرووشی ئاوازی ئاینی بەرپرس بووە.

تالیا: لە سرووشی کۆمیدیا بەرپرس بووە.

تێرپسیخۆری: لە سرووشی سەما بەرپرس بووە.

کالیۆپی: لە سرووشی هۆنراوەی داستانی بەرپرس بووە.

کلیۆ: لە سرووشی مێژوو بەرپرس بووە.

مێلپۆمێنی: لە سرووشی تراژیدیا بەرپرس بووە.

یوتێرپی: لە سرووشی گۆرانی و هۆنراوەی گۆرانی و موزیک بەرپرس بووە.

یورانیا: لە سرووشی گەردوونزانی بەرپرس بووە.

واتە خودی واتای وشەی (میوزیک)ی ئینگلیزی و (موزیکا)ی لاتینی و ئیتاڵی و (موسیکا)ی ئیسپانی؛ واتە ئەوەی لە مووسەکانەوە هاتبێ. ناوی ڕێژەیی (موس)ـە.

لێرەدا پێویستە سەرنجێک لە وشەی (موسیقا)ی عەرەبی و فارسی بدەین. (قا) یان (یقا) نە لە زمانی فارسیدا و نە لە زمانی عەرەبیدا پاشگر نین. واتە دەردەکەوێ کە عەرەبی وشەکەی لە یۆنانییەوە وەرنەگرتووە و تەعریبی کردبێ. بەڵکو لەژێر ڕۆشنایی نەبوونی (قا-یقا) وەک پاشگر؛ دەردەکەوێ کە فارسیش و عەرەبیش وشەکەیان وەک خۆی لە زمانێکی ترەوە وەرگرتووە. بەڵام تەنها گۆڕانکاریی دەنگیی بەسەرهاتووە کە ئەویش (یکا بووە بە یقا، واتە ک بووە بە ق). لۆژیکیترین لێکدانەوەش ئەوەیە کە فارسی لە عەرەبیی وەرگرتبێ بە بۆنەی ئاینی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی زمان و کەلتووری عەرەبی بە ناوچە ناعەرەبە داگیرکراوەکاندا. عەرەبیش یان لە ئیسپانی یان ئیتاڵیی وەرگرتبێ. بە (س)ی ناو (موسیقا)دا ڕووندەبێتەوە کە لەوانەیە لە ئیسپانییان وەرگرتبێ، چونکە لە ئیسپانیدا دەوترێ (موسیکا). ئێمەی کوردیش ئەم وشەیەمان لە عەرەب، یان خراپتر؛ لە فارسییەوە وەرگرتووە.

کەواتە ئێستا دەزانین کە ئەگەر لە عەرەبمان وەرگرتبێ ئەوا:

کوردی لە عەرەبیی وەرگرتووە،

عەرەبی لە ئیسپانی یان ئیتاڵیی وەرگرتووە،

ئیسپانی یان ئیتاڵی لە لاتینیان وەرگرتووە،

لاتینی لە یۆنانیی وەرگرتووە.

واتە ئەگەر لە عەرەبیمان وەرگرتبێ ئێمە چوار هەنگاو لە وشە بنجەکە دوورکەوتووینەتەوە. ئەگەر لە فارسیمان وەرگرتبێ (کە هەمان شتە)؛ ئەوا پێنج هەنگاو لە وشە بنجەکە دوورکەوتووینەتەوە.

با بێینە سەر وشەی (موزیک):

موزیک لە بنجی (موز) و پاشگری (یک)ی ئینگلیزییەوە هاتووە. ئەگەر ئەم وشەیە بخوازین؛ ئەوا :

کوردی لە ئینگلیزیی وەرگرتووە.

ئینگلیزی لە لاتینیی وەرگرتووە.

لاتینی لە یۆنانیی وەرگرتووە.

واتە سێ هەنگاو لە وشە بنجەکە دوورکەوتووینەتەوە. بە ڕای من هێشتا لە چوار و پێنج هەنگاوەکەی (مۆسیقا)کە باشترە.

کەواتە ئێستا دەتوانین بپرسین: ئایا ئەگەر بمانەوێ بە کوردی وشەکە دابتاشین و خۆمان بڕیاربدەین ڕاستەوخۆ لە بەخشەرەکەی وەربگرین کە یۆنانییە، نەک لە وەرگری وەرگرەکەی وەربگرین؛ ئەوا ئەو وشە کوردییە داتاشراوە چی دەبێ؟

ئەو وشەیە دەبێ بە (موسی). هیوادارم خوێنەری بەڕێز بە (مووسا) نەیخوێنێتەوە. بەڵکو بە وشەی (موس+ی)ی بخوێنێتەوە. (موسی) پێکهاتووە لە (موس) کە ئاماژەیە بە بانوخوا یۆنانییەکان و پاشگری (ی)ی کوردی. بەم شێوەیە:

بە ژەنیاری ئامێرەکان دەوترێ: موسیژەن.

بە دانەر و سازکەرەکەی دەوترێ: موسیدانەر یان موسیساز.

بە ناوی گشتیی کەسەکەش کە خەریکی بوارەکەیە دەوترێ: موسیکار. واتە کەسێک کە کارەکەی موسی بێ، بەڵام ئێمە دڵنیا نین کە وردەکاریی کارەکەی لە موسیدا چییە. واتە نازانین ئایا ژەنیارە یان دانەرە یان ڕابەری ژەنیارەکانە…تد.

من خودی خۆم تا ئێستاش بە نووسین دەنووسم (موزیک). لە قسەکردندا لەبەرئەوەی کە دەزانم بەرامبەرەکەم نازانێ بۆچی هەنگاوێک یان دووان (موزیک)م لە (مۆسیقا) پێباشترە؛ ئەوا وشەی (مۆسیقا) خۆی بەکاردەهێنم. بەڵام بە بڕوای من کاتی هاتووە کورد لەمەودوا خۆی زمانی خۆی بەڕێوەببات و واز لە سواڵکردن لە سواڵکەر بهێنێت و متمانە بە زمانەوانەکانی خۆی بکات کە زانیاریی زمانییان پێبدەن و میللەتیش سوود لە لێکۆڵینەوەی زمانەوانان وەربگرن. هەرگیز درەنگ نییە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو و پاکتاوکردنی زمانەکە لە هەڵە.

لە کۆتاییدا: (موزیک) لە (مۆسیقا) باشترە. بەڵام بە بروای من باشترین و ڕاستترین و کوردێنراوترین وشە (موسی)یە.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.