ڕەنگکردنی وێنەی ڕەشوسپی

لە ئەرشیفی وێنەکانی خێزانەکەماندا چەندین وێنەی کۆنم دیوە. هەندێکیان دیارن تەنها وێنەی ئاسایین و دیارە کە شارەزاییەکی دانسقە لەپشت وێنەگرتنەکەوە نییە. بەڵام هەندێکیان زۆر لێهاتووانە و کارزانانە گیراون. لە وێنە زۆر باشەکان بەتایبەتی پۆرترێتەکانی (ڕەفیق مەحموود)ن. مامۆستا ڕەفیق وێنەگرێکی لێهاتووی شاری سلێمانییە و ئەگەر هەڵە نەبم ماوەی شەش دەیە کاری فۆتۆگرافیی کردووە. وێنەی زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکەی ئێمەی گرتووە.

نەوا موکرجی و ڕەفیق مەحموود
نەوا موکرجی و ڕەفیق مەحموود

لە کۆتایی ساڵی 2014وە خوومدایە فێربوونی وێنەگرتن و وێنەچاککردن. نەک لەبەرئەوەی کە حەزبکەم هەرگیز ببم بە وێنەگری پیشەگەر. بەڵکو بۆئەوەی لە بواری فیلمسازیدا لە زمانی کامێراکار و سینەماگرافەر تێبگەم. چونکە بە بڕوای من ئەگەر بتەوێ لە بوارێکدا سەرکەوتوو بی؛ ئەوا دەبێ لە یەکە پێکهێنەرەکانی ئەو بوارە تێبگەیت. نەک وەک زۆرێک لە دەرهێنەرە سینەماییەکان کە نازانن کامێراکارەکان و ئەکتەرەکانیان چۆن کاردەکەن. ئەو کەسانە لە کاتی کارکردندا بە هۆی نەزانییانەوە تووشی گرفتی گەورە دەبن.

پاشان خوومدایە فێربوونی وێنەچاککردن بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ. خولی (لیدیا دۆت کۆم)م خوێند و هەموو وانەکانی (دیک مەکڵێڵەند)م خوێند. من تەواو پێشنیازدەکەم کە هەر فێرخوازێک دەیەوێت فێری فۆتۆشۆپ بێت ئەو خولە نایابەی مەکڵێڵەند بخوێنێ. پاشان هەر لەسەر هەمان بابەت چەند پەڕتووکێکی ئەلیکترۆنیشم خوێندەوە. بە هۆی ئەزموونی زۆریشمەوە کاری وێنەچاککردنم بۆ چەندین وێنە کردووە. تا ئێستاش خۆم کاری وێنەچاککردن بۆ وێنەکانی خۆم دەکەم.

یەکێک لەو تەکنیکانەی فێریبووم ڕەنگکردنی وێنەی ڕەشوسپییە. هەرچەندە حەزناکەم ئەم کارە پیشەگەرانە بکەم، بەڵام بۆ فێربوون چەند جارێک لەسەر هەندێ وێنەی خێزانەکەمان تاقیمکردۆتەوە. ئەمانەش ئەو وێنانەن.

وێنەیەکی ڕەنگکراو
وێنەگر: ڕەفیق مەحموود
کۆدی وێنە: ژمارە 4898 لە ئەرشیفی وێنەکانی ڕەفیق مەحمووددا.
کەسێتی: پەخشان ستار
ڕێکەوت: 28 شوبات 1960
ئەم وێنەیە لە لایەن پەخشان خانەوە وەک یادگارێک بە پوورم دراوە، لە پشتی وێنەکەی نووسیوە: “وێنەکەم وەک دیاری پێشکەشە بە خوشکی خۆشەویست و ئازیزم شوکرییە موکرجی، بۆ یادگار. هیوادارم هەرگیز لەبیرمنەکەیت”

دوای ئەوەی کە پوورم (شوکرییە موکرجی) هەموو ئەرشیفی وێنەکانی خۆی پێدام، ئەم وێنەیەی پەخشان خانم تێدا دۆزییەوە و لە ڕێکەوتی 5ی مایسی 2016دا ڕەنگکردووە. ئەو ماوەیە دایکم بۆ ئوستورالیا بۆلای میرانی برام وەک سەردان چووبوو. وێنەکەم بۆ نارد و نزیکەی سەعاتێک بە تەلەفۆن لەگەڵیدا قسەمدەکرد. ئەو بۆی شێوە و ڕەنگی قژ و چاوی پەخشان خانی لە یادگەی خۆیەوە بۆ دەگێڕامەوە. پاشان وێنەکەم بۆ پوورم خۆی ناردەوە و ئەویش بە هەمان شێوە ڕەنگی چاو و قژی هاوڕێکەی بۆ گێڕامەوە. واتە من هەرگیز پەخشان خانم نەدیوە. بەڵکو ڕەنگەکان بەپێی ئامۆژگاریی دایکم و پوورم هەڵبژێرراون.

وێنەگر: ئەلێکساندەر ساشا ستیوەرت
کەسێتی: ڤیڤیەن ڵەی
ڕێکەوت:ئەیلول 1938

ئەم وێنەیە لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراوە. لە ئەرشیفی وێنەکانی ئەلێکساندەر ساشا ستیوەرتەوە وەرگیراوە. لە ڕێکەوتی 20ی ئەیلولی 2016دا ڕەنگمکردووە. بەپێی زانیارییەکانی ئینتەرنێت بێ؛ ئەوا ئەم وێنەیە لە کاتی نمایشکردنی شانۆی (سیرێنا بڵاندیش)دا گیراوە. ڤیڤیەن ڵەی ڕۆڵی سیرێنای دیوە.

کەمال موکرجی و کەریم زەند
وێنەگر: نەزانراو
کەسێتی: مامۆستا کەمال موکرجی (ڕاست) و مامۆستا کەریم زەند (چەپ)
ڕێکەوت:11 تەممووز 1976

ئەم وێنەیە لە ئەرشیفی وێنەکانی باوکمدا بوو. لە پشتی وێنەکە نووسراوە کە لە ڕێکەوتی ئاماژەبۆدراودا لە مڕانە وێنەکەیان گرتووە. دوو ساڵ بەرلەوەی مامۆستا زەندیش کۆچیدوایی بکات سەردانمکرد و ئەم وێنەیەم لەسەر پەڕەیەکی ئاسایی چاپکردبوو و پیشانمدا. داوایکرد دانەیەکی بە پەڕەی فۆتۆ بۆ بشۆمەوە و بیدەمێ. بەڵام بەداخەوە فریانەکەوتم. وێنەکەم لە 1ی حوزەیرانی 2016دا ڕەنگکردووە. هەر چەند ڕۆژێک دوای ئەو ڕێکەوتەش بوو کە سەردانی مامۆستا زەندم کرد.

 

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.