وێنەچاککردن

وێنەچاککردن کە بە ئینگلیزی پێیدەڵێن (ئیدیتEdit ) وەک هەموو جۆرێکی تری هونەرە و کارامەیی و لێزانینی دەوێ. بەڵام هەندێ زانیاریی ناڕاست لەبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە کە دەبێ ڕاستبکرێنەوە. مەرج نییە هەموو کاتێک وێنەچاککردن خراپ بێت. بەڵکو وێنەچاککەر دەیەوێ دوای لابردنی هەندێ نەنگی ناو وێنەیەک، ئەو وێنە و دیمەنە لەگەڵ تۆدا بەشبکا. بینینی چاوی مرۆڤ و چاوی کامێرا جیاوازن. کامێرا لە چاو جوانتر نابینێ. چاوی مرۆڤ زۆر لە چاوی کامێرا زیاتر دەبینێت. لەمڕۆدا زۆرینەی خەڵکی جیهان بە مۆبایل وێنە دەگرن و بە گشتی کۆمەڵێ نەنگیی جیهانیی پچوک و زانیاریی هەن کە دەبێ بزانرێن، نەنگییەکان:

  • زۆرینەی مرۆڤ وردە خاڵ و پەڵەی پچووک لە پێستیاندا هەن، بەتایبەتی لە دەموچاویاندا. بەڵام خۆیان نایانبینن، وێنەچاککەر دەیانبینێ.
  • زۆربەی ئافرەتان کە ماسکەرا دەکەن خاڵێک یان چەند خاڵێک لە ماسکەراکەیان دەکەونە سەر گۆنایان. خۆیان نایبینن، وێنەچاککەر دەیبینێ.
  • زۆرینەی ئافرەتان و پیاوە قژدرێژەکان هەمیشە تاڵێک یان چەند تاڵێک هەن لە لێویان گیربووە. خۆیان نایبینن، وێنەچاککەر دەیبینێ.

ڕاستییەکان:

  • زۆرینەی مرۆڤە تەمەنهەڵکشاوەکان لە ئاوێنەدا کە خۆیان دەبینن لە ترسی پیربوون وردە چرچییەکانی دەموچاویان یان پشتگوێدەخەن، یان نایانبینن. یان دەیانبینن و بە هیوای ئەوەن کە ئەوەندە زەق نەبن. ئەمانە ڕەنگە خۆیان بیانبینن یان نەیانبینن، بەڵام وێنەچاککەر دەیانبینێ.
  • زۆرینەی مرۆڤە گەنمڕەنگەکان کەمێک خۆیان کاڵتر دەبینن وەک لەوەی هەن.
  • زۆرینەی مرۆڤە زۆر سپییەکان کەمێک خۆیان تۆختر دەبینن وەک لەوەی هەن.
  • زۆرینەی ڕەشپێستەکان خۆیان کەمێک کاڵتر و ڕوونتر دەبینن وەک لەوەی هەن یان وەک ئەوەی لە کامێرادا دەربچن. ڕەنگە کورد لەبەر کەمیی تێکەڵبوونی لەگەڵ ڕەشپێستدا زۆر هەست بەم دیاردەیە نەکات. بەڵام ڕەشپێستی نەگبەت کە وێنەی لەگەڵدا دەگریت بەتایبەت لە تاریکی و شوێنی داخراودا هەر هێلکەیەکی ڕەشی زل دەردەچێت بە ملی لەشێکەوە.
  • هەندێ کات کە لە ڕۆژدا بە مۆبایل وێنەی شوێنێک دەگری؛ لە مۆبایلەکەتدا ئاسمان شینتر دیارە بە بەراورد لە ئاسمانە ڕاستەقینەکەی ئەو چرکەیە.
  • زۆر جار پێستی دەموچاو لە وێنەی مۆبایلدا سافتر و ناسکتر دەردەکەوێ لەو پێستە ڕاستەقینەیەی کە لە ئاوێنەدا دەیبینیت.
  • کە لە پاڵ ئاسمانێکی شینی تۆخدا وێنە دەگری، ئاسمان لە وێنەکەدا سپی دەردەچێ.
  • زۆرجار ئەو شوێنەی تیایدایت لە وێنەی مۆبایلەکەتدا تاریکترە لەوەی بەڕاستی خۆتی تێدایت، بەتایبەتی لە شەواندا.
  • هەندێجار چاوت لە ئاوێنەدا گەورەتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکی مۆبایلەکەتدا دەردەچێت.
  • هەندێ جار لووتت یان دەمت گەورەتر یان پچوکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت، یان بە پێچەوانەوە.
  • زۆرجار چەناگەت بە گەورەتر یان پچوکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت.
  • هەندێجار خۆت بە تووکنتر یان لووستر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا خۆت دەبینیت.
  • زۆر جار باڵات بەرزتر یان نزمتر، خۆت قەڵەوتر یان لاوازتر یان خۆت بە پیرتر یان گەنجتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەبینیت.
  • زۆر جار ئەو وێنەیەی گرتووتە خاڵخاڵی پچووکی ناشرینی زیاتر تێدایە بە بەراورد بەو وێنەیەی بە چاوی خۆت دەیبینی. بەتایبەتی لە شوێنە تاریکەکانی ناو وێنەکەتدا و بەتایبەت لە کاتی ڕوناکیی کەمدا.
  • وێنەیەک دەبینیت کە برادەرێکتی تێدایە هەندێ جار ڕاستەوخۆ برادەرەکەت دەبینیت، یان هەندێجار لە هەندێ وێنەدا پشتینەی برادەرەکەت سەرنجڕاکێشترە.
  • لە وێنەیەکدا دەبینی نیوەت پەڕیوە، یان نیوەی برادەرەکەت پەڕیوە. چ بە ئاسۆیی و چ بە ستوونی.
  • زۆر جار کەسێکی ڕاوەستاو لە وێنەیەکدا قاچی پەڕیوە و لە پووزییەوە دەرکەوتوە. کەچی بۆشاییەکی زۆر لە بەری سەرەوەی وێنەکەدا هەیە. وەک ئەوەی هەندێ جار لە دەرەوە کە وێنەیەکت دەگیرێ بەس سەرت دیارە و هەمووی ئاسمانە. ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە “ئایا ئەمە وێنەی ئاسمانە و سەری تۆی تێکەوتووە؟ یان ئەمە وێنەی تۆیە و ئاسمان بەشێکی زۆری تۆی داگیرکردووە؟

ئەمانە هەموو پەیوەندییان بە بینینی مرۆڤەوە هەن.

لەبەر هەموو ئەمانە، زانستی وێنەگرتن دروستبووە و خەڵکانێک هەن خەریکین. لەبەر هەموو ئەمانەشە کە زانستی وێنە چاککردنیش پەیدابووە. وێنەگر و وێنەچاککەری ڕاستەقینە زۆرجار هەوڵدەدەن ئەوەت پیشانبدەن کە چاویان دیونی. بەڵام هاوکاتیش بیرێکی فراوانتریان بۆ وێنە هەیە. ئەوان بەرپرسیارن لەوەی ئاراستەی بینین بکەن بۆ وێنەکە. ئەگەر وێنەیەک وێنەی تۆ بێ، ئەوا دەبێ کارێک بکرێ کە ڕاستەوخۆ تۆ ببینرێیت. نەک بینەر بەدواتدا بگەڕێ.

خەڵکانێکی زۆریش لە ئێستادا هەن کە وێنەچاککردنەکانیان زۆر لە وێنەکە دوورتر دەکەونەوە و وایلێدێ ڕاستەقینەی وێنەکە ناناسرێتەوە. بەڵام وێنەچاککەری باش وادەکا ئەوەت پیشانبدا کە خۆی دیویەتی. ئەوەش لەبەرئەوەی یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی کامێرا و چاو ئەوەیە کە چاو لە ڕووناکیی ئێجگار کەمدا دەبینێت و کامێرا هەموو کات ئەوەندە نابینێت. هاوکات چاو مەودای داینامیکیی[1] چەندین قات لە کامێرا زیاتر دەبینێت. لەبەرئەوە چەندین تەکنیک هەن بۆئەوەی وێنەیەک بگریت و دوایی لە چاککردندا وایلێبکەیت کە لە ڕاستییەکە خۆی بچێت. هەندێجار ئەگەریش کەمێک لە ڕاستی زیاتر بێت هەر ئاساییە. بەڵام کە زۆروبۆر دەبێت من وەک خودی خۆم حەزم لێی نابێت.

لەبەر هەموو ئەمانە و زۆر هۆکاری تر وێنەی وێنەگری ڕاستەقینە تا بە پڕۆسەی وێنەچاککردندا تێنەپەڕێ نابێت بە وێنەیەکی ڕاستەقینە. بۆیە چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیەی کە گوایە وێنەچاککردن کارێکی چەوتە، هەڵەیە. کەسانێک هەن (وەکو من) بە چەندین سەعات خەریکی تەنها یەک وێنە دەبن و چەندین جار بیردەکەنەوە و بڕیاردەدەن کە چۆن بە باشترین شێوە ئەو وێنەیەت پێشکەش بکەن. ئەگەر خۆیان وێنەگرەکەش بن؛ ئەوا لە ململانێیەکی تەواودان لە نێوان یادگەیاندا لەکاتی گرتنی وێنەکەدا و هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی وێنەکانیان لەو دیمەنەی دیویانە.

کەسانێک هەن بە چەندین تەکنیک و تەکنەلۆژیا شت فێردەبن تەنهاوتەنها بۆئەوەی باشترین دیمەنت پیشانبدەن. هەندێکیان چاویشیان لە داهاتە، ئەوەش تەواو مافی خۆیانە کە بەو پیشەیەی پێوەی ماندوو دەبن ژیانیان دابینببێ.

من هیچ وێنەیەکم نییە بڵاومکردبێتەوە و بە چاککردندا تێنەپەڕیبێ. وێنەچاککردن بە هەڵە نازانم و بە پێچەوانەوە بە شتێکی باشیشی دەزانم ئەگەر زیرەکانە و لێزانانە بکرێ، نەک کاتێک لامسەرلاییانە بە مۆبایلەکەت خزێنەرەکانی وێنەچاککردن ڕادەکێشیت و واهەستدەکەیت وێنەکەت جوانترە.

[1]  مەودای داینامیکی (بە ئینگلیزی: Dynamic Range): واتا مەودای جیاوازیی نێوان زۆرترین ڕوناکی و زۆرترین تاریکی.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.