پیانۆی کارەبایی و کێشەی لەدەستدانی هەستیاریی پێدەکانی و چارەسەر

ساڵی خوێندنی 2006-2007 لە پۆلی پێنجی ئامادەیی بووم. دوگمەبەندێکی یاماهای A300م هەبوو. پیانۆم دەویست و خوێندکاریش بووم، پارەی پیانۆم پێهەڵنەدەسووڕا. لەوەتەی هەشبووم لە خوێندندا لە بیرکاریدا خراپ بووم. ئەو ساڵە کاک (میران)ی برام پێیوتم ئەگەر سەری ساڵ لە بیرکاریدا لە سەروو ٨٠وە بهێنم، ئەوا پیانۆیەکم بە دیاری بۆدەکڕێ. ئەوەندە دڵخۆش بووم؛ چەند جارێک لێم دووبارەکردەوە:

  • ئاخر پیانۆیەک بایی نزیکەی هەزار دۆلار، یان تۆزێ زیاتریشە!

کاک میران وەک هەمیشە بە بڕوابوون بەخۆیەوە بە هێمنی دەیوت:

  • کێشە نییە. لە سەروو هەشتاوە بهێنە و بایی چەند بوو من بە دیاری بۆت دەکڕم.

تێکڕایی وەرزی یەکەمی ئەو ساڵ: مانگی یەکەم کە تاقیکردنەوەمان دابوو، لە پەنجا دووم هێنابوو. مانگی داهاتوو فریانەکەوتم تاقیکردنەوەکە بدەم، مامۆستا وتی مانگی ڕابردووت کەڕەتی دوو دەکەین! کردییە 4 لە سەد. لەبەر هەر شتێ بوو؛ کرا بە 30 لە سەد. نیوەی ساڵ هەر دەرنەچووم. بەڵام دوای نیوەی ساڵ ئەوە بوو کاک میران ئەو مژدەیەی پێدام.

بۆئەوەی لە بیرکاریدا دەربچم، لە پۆلی یەکی ناوەندییەوە پەڕتووکی بیرکاریم کۆکردەوە تا پێنجی ئامادەیی. لەو دوو مانگەدا خۆم لە بیرکاریدا زیندووکردەوە. لە بەختی باشی من؛ ئەو ساڵە بڕیارێکی پەروەردەیی دەرچوو کە بۆ نمرەی سەری ساڵ نمرەکانی پێشووتر کۆناکرێنەوە، بە تەنها سەری ساڵ چەندت هێنا؛ ئەوەت بۆ هەژماردەکرێ. ئەو ساڵە و لە تێکۆشان بۆ پەیداکردنی یەکەم پیانۆی خۆشەویستم؛ لە تاقیکردنەوەی سەری ساڵدا سەد لە سەدم هێنا. کاک میرانی براشم لەسەر بەڵێنی خۆی پیانۆ نازدارەکەی بۆکڕیم. پیانۆکە یاماهایەکی دی جی ئێکس 640 بوو. ئێستاش تامی ئەو بردنەوەیە و ئەو دیارییە بەنرخە لەژێر دانمدا دەرناچێ و هەمیشە سوپاسگوزارم.

لە ساڵی 2012دا تۆنی سی بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاستی پیانۆکەم هەستیاریی لەدەستدابوو. لە کاتی ژەندندا هێمن بمژەندایە یان توند بمژەندایە (پیانۆ یان فۆرتێ)؛ هەر دەنگێکی توندی چەکوشئاسای دەردەکرد. زۆر نیگەران ببووم و لێی بێهیوا بووم.

سۆراخم لە زۆر کەس کرد، لەوەنەدەچوو کەس چارەکەی بزانێ. ناچار دوای ماوەیەک پیانۆکەم بە هاوڕێیەک بەخشی. ئەو فێرگایەکی موزیکی بەڕێوەدەبرد، من دڵنیابووم پیانۆکە بۆ مناڵان و فێرکردنی سەرەتایی سوودبەخش دەبێ، بەڵام بۆ ئاستی بەرزتر بێکەڵک بوو. ئەوکات خۆشم کارمدەکرد، پیانۆیەکی نوێم کڕی کە (یاماها کڵاڤینۆڤا 430)بوو. هەر ئەوەیە کە ئێوەش لە ڤیدیۆکانمدا بەتایبەت (بنوو، وەرە بۆلام) دیوتانە. تا ئێستاش هەر ئەوەم هەیە و بەکاریدەهێنم.

دوو ساڵێک دەبێ کە لە ئاستی هەستیارییاندا هەستم بە گۆڕانکاری کردووە و چیتر هاوسەنگیی هەستیارییانم بەدڵ نییە. هەندێ پیانۆی کارەبایی تری شوێن و دەزگا و خەڵکی تریشم تاقیکردووەتەوە، ئەوانیش کەموزۆر ئەو کێشانەیان هەیە، کە هەندێ جار چێژی ژەندن بەتەواوی تاڵ دەکەن. بە گشتی پیانۆی کارەبایی بە تێپەڕبوونی کات هەستیاریی پێدەکانی، یان هاوسەنگیی هەستیاریی پێدەکانی لەدەستدەدا.

هاوڕێی خۆشەویستم (دیار ئەنوەر) لە هەمان جۆری پیانۆی منی هەیە، هەر یاماها کڵاڤینۆڤای 430. ئەوەی ئەویش لە نۆ مانگی ڕابردوودا تووشی هەمان کێشە بوو، وەلێ ئەوەی ئەو زیا لە چەند تۆنێکی وایلێهات. هەر دوابەدوای ئەو؛ ئەوەی منیش می بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاست و دواتر لا بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاست و دواتر سیی سەروو دۆی ناوەڕاست هەستیارێتییان لەدەستدا. ئەم کێشە نوێیە بەرۆکی گرتمەوە. دوای خوێندنەوەی چەند سەرچاوە و بەدواداچوونمان، (کە کاتێکی زۆری خایاند) بۆماندەرکەوت هەڵەکە بەم شێوەیەیە:

لەژێر هەر پێدێکی پیانۆی کارەباییدا ڕیزە لاستیکێک هەیە، بەم لاستیکانە دەوترێ (لاستیکی گەیەنەر). ئەم لاستیکانە کاربۆنێکیان پێوەیە، کاتێ ژەنیارەکە پەنجە بە پێدەکاندا دەنێ؛ کاربۆنەکە ئەو هەستیارییە بۆ سەر نەخشەی ئەلیکترۆنیی پیانۆکە دەگوێزێتەوە. بە تێپەڕبوونی کات کاربۆنەکانی سەر لاستیکەکان دەبواررێن و نامێنن. لە بەختی تاریش؛ هەمیشە لەو تۆنانەوە دەستپێدەکەن کە زۆرتر بەکاردێن، زۆرتر تۆنەکانی ناوەڕاستی پیانۆکە دەگرێتەوە و کەمتر تۆنە هەرە گڕەکان یان هەرە تیژەکان دەگرێتەوە.

لاستیکی گەیەنەری پیانۆی کارەبایی

لاستیکی گەیەنەر

لە کۆتاییدا؛ سێتێک لاستیکمان کڕی و پیانۆکەی دیارمان وەک تاقیکردنەوە بەکارهێنا. دوای ئەوەی کە زۆر پێوەی ماندوو ببوو؛ لە کۆتاییدا پڕۆژەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گۆڕینی لاستیکی گەیەنەرەکان پیانۆکەی نوێکردەوە. منیش لەژێر ڕۆشنایی بیردۆزە سەلمێنراوەکەی ئەودا سێتێک لاستیکی گەیەنەرم بۆ خۆم کڕی و ئەم ئێوارەیە دیار گیان هەر خۆی بۆی گۆڕیم. ئێستا پیانۆکەم نوێبووەتەوە و زۆر لە هاوسەنگیی تۆنەکانی ڕازیم و دڵیشم زۆر خۆشە.

سوپاسی دیار گیان دەکەم. ئەم چیرۆکەشم لەگەڵ ئێوەدا بەشکرد؛ چونکە دڵنیام هەر کەسێک پیانۆی کارەبایی هەبێ؛ زوو بێ یان درەنگ تووشی هەمان کێشە دەبێ. چارەسەرەکەم لەگەڵتاندا بەشکرد تا ئەگەر هاووڵاتییەکی هاوپیشەم هەمان کێشەی هەبوو؛ بەو ڕێگا ناخۆشانەی ئێمەدا تێپەڕنەبێتەوە و لە ئەزموونی تاڵی ئێمە وانە وەربگرێ و سوودمەند ببێ.

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی

پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی

پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا

پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا

پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا

پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی

پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

نەوا موکرجی پیانۆکەی تاقیدەکاتەوە

دوای گۆڕینی لاستیکی گەیەنەرەکان، نەوا لەبەردەمی دیاردا پیانۆکە تاقیدەکاتەوە. بزەکەی نیشانەی ئاکامی پڕۆژەکەیە.